لە مەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە "٢٣ "

8 كاتژمێر لەمەوپێش
عەبدولڕەزاق شەریف
دوای فەرمانی گرتنی نەوشیروان مستەفا، لەبۆنەیەکی زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی، "دڵشاد شەهاب" کەسی نزیکی مەسعود بارزانیم بینی.
ئەو کاتەی بزوتنەوەی گۆڕان لەکێشەی سەرۆکایەتی هەرێمدا، پەیامی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی مەسعود بارزانی بەوەفدی باڵای پارتی گەیاند، لەدەمی نێچیرڤانەوە بیستبوم کەخۆی ناتوانێت بەڵام دڵشاد ئەوکەسەیە کە هەمیشە راسپاردە و پەیامە تایبەت و گرانەکان بەمامی دەگەیەنێت! لەدەرفەتێکدا، لەکاتی پشوی نێوان پرۆگرامەکانی ئەو رۆژەی زانکۆکەدا، گفتوگۆیەکی تایبەتمان سەبارەت بەحوکمداری پارتی و ئەو دۆخەکرد کەبەهۆی فەرمانی گرتنی نەوشیروان مستەفاوە لەکوردستان خوڵقاندویانە، وەک خوڵک و بڕوای خۆم کەوتمە رەخنە لەسەرکردەکانی پارتی بۆ ئەو نەزانی و بێدەربەستی و هەڵە خوێندنەوانەی بۆ سایکۆلۆجیەتیی خەڵکی سلێمانی هەیانە کەوایکردوە وێڕای کەوتن و پاشەکشێی حیزبە جەماوەریەکانی دەڤەرەکە،ئەوانیش بەبێ ئەوەی دەسەڵاتیان لەم شارەدا هەبێت لەگەڵ ئەواندا، پاشەکشە بکەن و بکەون! پێشنیازمکرد بۆ بەرژەوەندی کورد و تەنانەت پارتی وخودی بارزانی، ئەو هەڵەیە راستبکەنەوە کەتیایدا، نەوشیروان مستەفایان وەک تیرۆرست ناساند و لەدادگای هەولێر فەرمانی گرتنیان بۆدەرکرد، وتیشم گەرنا دوای مەرگی ئەو زاتە لای کەمی هەتا ئەقدێکی زەمەنی بەهیوای دەنگ و پێگەی خۆتان لەسلێمانیدا، نەبن. ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی ئێمە و ئێوەش مەحاڵ ئەبێت و هەرگیز رونادات.
ئەقڵی دڵشاد ئەوقسانەی منی لەخۆگرت چونکە بۆخۆیشی واخۆی ناساند کە کوڕی خێزانێکی قوربانی خەبات، هەواداری بیری کوردایەتی و یەکخستنی نێو ماڵی کورد و خەمی خەڵک و خاکی کوردستانە.
وتی: چۆن وچی باشە بیکەین ؟
من وتم پێویستمان بە رونکردنەوە، داوای لێبوردن، بڕیاری دادگا و راگەیاندن نیە، بەسەردانێکی مەسعود بارزانی بۆ لەندەن و ماڵی نەوشیروان مستەفا هەمو شتێک کۆتایی دێت.
رێککەوتین ئەو لای خۆیەوە قسە لەگەڵ سەرۆکی پارتی بکات و منیش بەومەبەستە قسە لەگەڵ رێکخەری گشتی بکەم.
هەفتەی یەکەم و دڵشاد پەیوەندی پێوەکردم و دڵنیای کردم لەوەی کەبارزانی تێگەیشتنی باشی بۆ پێشنیازەکە هەبوە، وتیشی دیداریان روو ئەدات، لەهەفتەی دوەمدا وتی (ئیشەکە لەدەست من و تۆ دەرچوە، خەڵکی گەورەتر زۆر گەورەتری تێکەوتوە، سەرۆک دەچێتە فەرەنسا و لەوێ کارئاسانی بۆ سەردان و دیدارەکە دەکرێت)
وتم: گرنگ لای ئێمە سەردان و دیدارەکەیە وا من و تۆی لێدەرچوین .
من لەگەڵ دڵشاد شەهاب بەو شێوەیە دوا قسەم لەسەر ئەو مەسەلەیە کرد.
ماوەیەکی کەم و مەسعود بارزانی سەردانی "فەرەنسا"ی کرد، چاوەڕوانی هەواڵی سەفەری بەریتانیا بوین و روینەدا، دڵشاد پەیوەندی پێوە کردم و وتی ( بەداخەوە ئەو برادەرەی تۆ نەیویستوە و رەتیکردۆتەوە ).
بەئیشێکیتر و لەپەیوەندیەکدا، بەفرسەتم زانی و بە کاك نەوشیروانم وت:
+ خەبەرێکم هەیە مەسعود بارزانی بەنیازی سەردانێکت بوە، بۆچی روینەدا؟!
وتی: تۆ ئیشی خۆت بکە، زانیم ئەوە بەزمی تۆیە، جارێکیتر لێت قبوڵناکەم.
وتم: من لەبەرخاتری کورد قسەم تێدا کردوە، خۆت فێرتکردوین بۆ یەکبون و یەکخستنی کورد چی باشە ئەوە بکەین.
وتی: نەخێر من هیچم نیە بەو پیاوەی بڵێم!
ئێستاشی لەسەربێت من پێموایە هەوڵەکەی ئێمە کارێکی باش و هەڵەکەی پارتی و بارزانی بۆ ئازاردانی نەوشیروان مستەفا و کاردانەوەکانیش گەلێک کاری زۆر خراپ بون.
ساڵانێکی دواتر و ئەوکاتانەی (رێباز حەملان) ببوە متمانە پێکراوێکی بارزانی، لەدیدارێکدا، ئەم باسەم لەگەڵدا کردەوە. ئەویش زانیاری لەسەر هەوڵی دیدار و سەردانەکە هەبو وتیشی دواتر دڵشاد بارزانی برای بەو مەبەستە، سەردانی لەندەن و ماڵی نەوشیروان مستەفای بۆ عوزرخوایی کردوە.
بەم دواییەش ئەم باسەم لەگەڵ "نما" ی کوڕەگەورەی، کەبەردەوام هاوەڵ و هاوڕێی لەندەن و نەخۆشی باوکی بوو، کردەوە، بەڵام ئەو وتی (هەرگیز سەردان و دیداری وا لەگەڵ هیچ کەسێکی خانەوادەی بارزانی روینەداوە)!
