ئیلهام ئەحمەد: تورکیا هەڕەشە و مەترسیی سەرەکییە لەسەرمان

2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی رۆژئاوای کوردستان ئاشکرای دەکات، لە ئێستادا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەگەری هەیە گفتوگۆی راستەوخۆش ئەنجام بدەن، جەخت لەسەر سیستمی لامەرکەزیی بۆ سوریا و پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان دەکاتەوە.
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەریی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، لە میانی بەشداریی کردنی لە نۆیەمین دیداری سلێمانی کە لە زانکۆی ئەمەریکی بەڕێوەدەچێت، لەبارەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا رایگەیاند: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی داعشدا رۆڵی گرنگیان هەبوو، بەڵام لەئێستادا ژمارەیەکی کەم و دیاریکراوی هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستانن، لە ئەگەری کشانەوەی ئەو هێزانەش، پێشتر و ئێستا و لە داهاتووش پشت بە هێزی خۆمان دەبەستین و بۆ پارێزگاری و بەرگری کردنی لە خۆمان، لەگەڵ ئەوەشدا خۆمان بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردووە.
سەبارەت بە مەترسییەکانی تورکیا لە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ئەگەری کشانەوەی ئەمەریکا، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند: تورکیا هەڕەشە و مەترسیی سەرەکییە لەسەرمان، هەرچەندە ئێستا گفتوگۆ هەیە لەگەڵ تورکیا، بەڵام بەشێوەیەک ناڕاستەوخۆ، هەندێکجار راستەوخۆش، ئەوەش گرنگە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان. یەکێکی دیکە لە رێگاچارەکان، گەیشتنە بە رێککەوتن و ئەنجامی باش لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریاش، دەکرێت هاوپەیمانی و هەماهەنگی و رێگەچارەی دیکەش هەبێت.
سەبارەت بە ئەگەری دەستوەردانی ئیسرائیل لە دۆخی سوریا لە ئەگەری کشانەوەی ئەمەریکا، ئیلهام ئەحمەد ووتی: "هیوامان وایە سوریا نەبێتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتانی ناوچەکە، دەمانەوێت سوریای نوێ بەرەو ئاشتی و سەقامگیری بڕوات".
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی پەیوەندی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ ئیسرائیل، بەرپرسەکەی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: دروستکردنی هاوپەیمانی نوێ گرنگە بۆ ئێمە، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گرنگە، ئیتر هەر وڵاتێک بێت، ئەوەش تەنها لە پێناو بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا و ناوچەکەدا".
ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەوان چارەسەرکردنی کێشەی کوردە لە چوارچێوەی سوریادا، تورکیا لەوبارەیەوە رۆڵی هەیە و بەردەوام دەستوەردان دەکات و رێگریی دەکات لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لە سوریا".
وتیشی: "تورکیا هەر لەسەرەتاوە دەستوەردانی کردووە لە ناوخۆی سوریا، رێگریی دەکات لە ئەنجامدانی رێککەوتنی نێوان پێکهاتەکانی سوریا، بەردەوام ئەو وێنایەی کردووە کە کورد هەوڵی جیابونەوە دەدات، لەکاتێکدا پڕۆژەی ئێمە هەر لە سەرەتاوە، سوریایەکی دیموکرات و لامەرکەزیی و گەیشتنە بە چارەسەر لەگەڵ دیمەشق، بەشێوەیەک گرەنتی مافی کورد و پێکهاتەکانی دیکە بکات لە چوارچێوەی دەستوردا".
بەوتەی ئیلهام ئەحمەد، یەکەمجار نییە کورد داوای سیستمی لامەرکەزی بکات، لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو و تەنانەت لەسەردەمی داگیرکاریی فەرەنساشەوە کورد داوای سیستمی لامەرکەزی کردووە، لەئێستاشدا رەتکردنەوەی لامەرکەزی دروستبوونی ناکۆکی و کێشەو قەیرانی زیاترە.
بەرپرسەکەی رۆژئاوای کوردستان، رەخنەی لە ئیدارەی نوێی سوریا گرت، کە بەهەمان عەقڵیەتی رژێمی پێشووی بەشار ئەسەد کار دەکات، ئیدارەی نوێی پێکهێناوە ئیعلانی دەستوریی کردووە، بەبێ بەشداریی پێکهاتەکانی دیکەی سوریا.
لەوبارەیەوە دەڵێت: ئێمە لەسەرەتای گفتوگۆداین لەگەڵ ئیدارەی نوێ، داوا دەکەین رۆڵی سەرەکیمان هەبێت و هاوبەش بین لە نوسینەوەی دەستور و پێکهێنانی ئیدارەی نوێ، بەڵام ئەوەی ئەوان دەیکەن لە ئێستادا مەترسییە و بەوردی دۆخەکەیان نەخوێندوەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەهەموو لایەنەکانی نەکردووە.
ئیلهام ئەحمەد سەرنجی خستە سەر دۆخی ئێستا و رایگەیاند: دروز و بەشێکی زۆری پێکهاتەی سونە و عەلەوی و مەسیحییەکان و کوردیش دژی سیستمی مەرکەزیین، زۆرینەی سورییەکان لامەرکەزییان دەوێت، دۆخ و قۆناغی نوێی سیاسی وا دەخوازێت سوریا لامەرکەزی بێت، بەڵام ئیدارەی نوێ دەیەوێت لەسەر ئەو سیستمەی رژێمی پێشوو بەردەوام بێت لە بەڕێوەبردنی وڵات بەشێوەیەکی مەرکەزی و پەراوێزخستنی پێکهاتەکانی دیکە.
بەرپرسەکەی رۆژئاوای کوردستان رونکردنەوەی زیاتری دا لەسەر بەڕێوەبردنی سوریا، کە دروزەکان ئێستا ناوچەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی خۆیان هەیە و لە دەرەوەی سیتمی ئیدارەی نوێن، ئیدلەب هەمان دۆخی هەیە، عەلەوییەکان بەو ئیدارەیە رازی نیین و روداوەکانی کەناراوەکان و کۆمەڵکوژییەکان بەڵگەی روونن، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە باکورو رۆژهەڵاتی سوریا کارەکانی خۆی دەکات و پارێزگاریی لە سیستمەکەی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت بەشدار بێت لە پرۆسەی نوێی سوریا و نەخشاندنی ئایندەی وڵاتەکە. "بۆیە چارەسەری سەرەکیی بۆ بەڕێوەبردنی سوریا تەنها سوریایەکی نا ناوەندییە بەبەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان و پاراستنی مافەکانیان"، ئەوەش بەوتەی ئیلهام ئەحمەد.
