ڕۆژنامەی وەتەنی سوری: تورکیا و هەسەدە لەسەر ئاگربەست رێککەوتن

24 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی بڵاوی کردەوە، هەسەدە و تورکیا کۆبونەتەوە و لەسەر ئاگربەستی تەواوەتی رێککەوتون و تورکیا دان بە هێزەکانی سوریای دیموکراتدا دەنێت.
رۆژنامەی وەتەنی سوریی بڵاوی کردەوە: دوانیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە (17ـی نیسانی 2025) بە چاودێریی ئەمەریکا، کۆبونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندێکی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات و شاندێکی تورکیا لە نزیک بەنداوی تشرین ئەنجامدراوە وهەردوولا لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست رێککەوتون.
بەپێی سەرچاوەکە؛ شاندەکەی هەسەدە بە هەلیکۆپتەرێکی ئەمەریکی چوونەتە شوێنی کۆبونەوەکە و شاندی تورکیاش بە ئۆتۆمبێل لە خاکی تورکیاوە گەیشتونەتە ناوچەیەکی نزیک بەنداوی تشرین و دوای کۆبونەوەیەکی نێوانیان هەردوولا رێککەوتون لەسەر ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە شەڕ لە ناوچەکە.
رۆژنامەی وەتەن نوسیویەتی: "بەپێی رێککەوتنەکە تورکیا دان بە هێزەکانی سوریای دیموکراتدا دەنێت و ئامادەکاریی دەکرێت بۆ قۆناغی کشانەوە و کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا".
لەلایەکی دیکەوە روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، دوای کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی کۆنیکۆی سنوری پارێزگای دێرەزور، بەشێکی ئەو هێزانە دەچنە بەنداوی تشرین و ئەمەریکا بنکەیەکی سەربازیی لە نزیک بەنداوەکە دروست دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە؛ ئەمەریکا نیوەی کەرەستە سەربازیی و لۆجستییەکانی لە کێڵگەی نەوتی عومەر و کۆنیکۆ کە دوو گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەو وڵاتەن لە سوریا کشاندوەتەوە بەرەو بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەدادی باشوری حەسەکە، بەشێکی هێزەکە و چەک و تەقەمەنی لەو دوبنکەیە ماونەتەوە تا فەرمانی دواتریان بۆ دێت بۆ کشانەوەی تەواوەتی یان مانەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە میانی بەشداری کردنی لە دیداری سلێمانی کە لە زانکۆی ئەمەریکی بەڕێوەچوو، ئاشکرای کرد: تائێستاش تورکیا هەڕەشە و مەترسیی سەرەکییە لەسەرمان، هەرچەندە ئێستا گفتوگۆ هەیە لەگەڵ تورکیا، بەڵام بەشێوەیەک ناڕاستەوخۆ، هەندێکجار راستەوخۆش، ئەوەش گرنگە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان".
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، وەفدێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و بە دوایاندا وەفدێکی ئیدارەی نوێی سوریا گەیشتونەتە بەنداوی تشرین و بۆ زەمینەسازی و ئەنجامدانی رێککەوتنی نێوان هەسەدە-دیمەشق-ئەنقەرە، لەبارەی بەنداوی تشرینەوە.
بەرپرسێکی باڵای رۆژئاوای کوردستان ئاشکرای کرد: رێککەوتنێک لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی سوریا، بە چاودێریی ئەمەریکا ئەنجامدراوە بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی بەنداوی تشرین لە رۆژهەڵاتی حەلەب.
بەپێی رێککەوتنەکە، بە هاوبەشی سەرپەرشتی چاکسازی و بەگەڕخستنەوەی بەنداوی تشرین دەکرێت و پشت بە شارەزایانی نێودەوڵەتی دەبەسترێت بۆ چاکسازیی لەبەشە زیانلێکەوتوەکانی بەنداوەکە و هێزی سەربازیی لە ناوچەکە دەکشێتەوە و پاراستنی بەنداوەکە دەدرێتە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
هەردوولا رێککەوتون لەسەر ئەوەی، سەقامگیریی بۆ بەنداوەکە بگەڕێتەوە کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی و ئاو و کارەبای ناوچەکەیە، کاری لە پێشینەش دابینکردنی ئاو و کارەبای دانیشتوانی ناوچەکە بێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا "سانا" بڵاوی کردەوە: تیمێکی شارەزای چاکسازیی لە مەنبج و بەنداوی فوراتەوە گەیشتونەتە بەنداوی تشرین بۆ چاکسازیی کردن و چارەسەرکردنی گرفتە هونەرییەکانی بەنداوەکە، بە ئامانجی بەگەڕخستنەوەی وێستگەی کارەبا و ئاوی بەنداوەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە؛ بەنداوەکە لە روی هونەرییەوە ئامادەیە، بەڵام هەندێک چاکسازیی پێویستە بۆ ئەوەی گرەنتی سەلامەتی بکرێت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاوی بۆ کشتوکاڵی ناوچەکە.
دوو رۆژ دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، و لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، گروپە چەکدارە سورییەکان کە هەسەدە بە "بەکرێگیراو" ناویان دەبان بە پاڵپشتی تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین، لە ماوەی سێ مانگادا شەڕڤانانی هەسەدە روبەڕوی هێرشەکانیان بونەوە و بەهۆیەوە سەدان شەڕڤان کوژراون و برینداربوون و بەرگرییەکەش بە بەرخۆدانی تشرین ناوی برا، کە رێگەیان نەدا ئەو گروپانە دەست بەسەر بەنداوەکە و پردی قەرەقۆزاخ و گوندەکانی دەوروبەریدا بگرن.
