شاندی دەم پارتی بۆ ئەنجامدانی دیدارى ئاپۆ بەرەو ئیمرالی ڕێکەوتن

4 كاتژمێر لەمەوپێش
بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، هەریەک لە پەروین بوڵدان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل وەک شاندی ئیمرالی دەم پارتی بەرەو دوورگەی ئیمرالی بەڕێکەوتن.
کەمێک پێش ئێستا، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، ئەندامی نووسینگەی یاسایی سەدە، بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرەو دوورگەی ئیمرالی بەڕێکەوتن.
دوای ٤٣ مانگ لە گۆشەگیریی بەردەوام، لە ٢٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بۆ جاری یەکەم عومەر ئۆجالان، برازای و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ڕحا، دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا.
دواتر شاندی ئیمرالی دەم پارتی، کە لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر پێکدەهاتن، لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ و ٢٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا.
هەروەها لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ جارێکی دیکە شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دیداری ئەنجامدا، دوای دیدارەکەش شاندی ئیمرالی دەم پارتی لە ئەستەنبوڵ پەیامی سەدەی ڕێبەر ئاپۆی بەناونیشانی “بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک” بڵاوکردەوە و لە ئاستی جیهاندا پێشوازیی لێکرا.
لە کۆتاییشدا لە ٣١ـی ئادار بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، هەریەک لە عومەر ئۆجالان و محەمەد ئۆجالان وەک خانەوادە دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا.
