مەزڵوم عەبدی: 26 نیسان كۆنفرانسی یەكڕیزی هەڵوێستی كورد لە رۆژئاوا رێكدەخرێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە سەرۆكی "ئێكس" نوسیویەتی: بە خۆشحاڵییەوە بە گەلەکەمان رادەگەیەنین کە کۆنفرانسی "یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە رۆژئاوا" رۆژی (٢٦)ی نیسان بەڕێوە دەچێت.

یەکگرتوویی کورد پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد لە سوریا.

هیوادارین هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

بەم بۆنەیەوە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە هاوکار بوون بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بكەوێتە سەرپێ و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکە دەخوازین.

بەگوتەی سەرچاوەیەکى ئاگادار، گفتوگۆکانی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە تەواو بوون و ئێستا لەوبارەیەوە هیچ ناکۆکییەک لەنێوانیاندا نەماوە و لە کۆنفراسەکەشدا رێککەوتنی نێوانیان و رەشنووسی هاوبەشی کوردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق رادەگەیەنن.

کۆنفرانسەکە بە بەشداریی 300 کەس دەبێت، پەیەدە 130 ئەندام و ئەنەکەسەش 130 ئەندام، هەردوولاش بە رێککەوتن 40 میوان لە توێژە جیاوازەکانی رۆژاڤا دیاری دەکەن.

بە گوتەی سەرچاوەکە، هیچ بڕیارێک لە کۆنفرانسەکەدا نادرێت و کۆمیتەی تێدا پێکناهێنرێت، ئەوەی هەیە راگەیاندنی رێکەوتنی کوردی – کوردیی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە و رەشنووسی هاوبەشی کوردییە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق لەبارەی ماف و داواکارییەکانی کورد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار