تورکیا: ئەفسەرێکمان لە هەرێمی کوردستان کوژرا

3 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی عەریفێکی سوپای وڵاتەکەی راگەیاند، کە لە هێرشێكی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە قورسی بریندار ببوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی نیسانی 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، رۆژی سێشەممە 22ی نیسانی 2025 لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لە هەرێمی کوردستان، عەریف بەرات مەجید دای، لە هێرشێكی گەریلاکانی پەکەکە بە قورسی بریندار بووە و دەستبەجێ گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی مەیدانیی ئیشکڵی لە شارۆچکەی چەلێ سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان.
لەو راگەیێندراوەدا ئاماژە بەوە دراوە، سەرباری هەموو هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی نیسان ئەو عەریفە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
سوپای تورکیا بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵی لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد. تائێستاش لەو ناوچانە ماوە ماوە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی سوپای تورکیا روودەدات.
