وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانى هەرێم دەکات

2 مانگ لەمەوپێش
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی هەولێر دەکات لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. بڕیارە کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبێت.
جان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێکرا، هاوکات دوای سەردانەکەی بۆ عێراق دێتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم کۆ دەبێتەوە.
چوارشەممە 23ـی نیسانی 2025، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، دوای کۆبوونەوەکەیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا فەرەنسیەکەی لە بەغدا، ڕایگەیاند، ستایشی پەیوەندییە بەهێزەکەی نێوانمان دەکەین، هاوکات ستایشی ڕۆڵی فەرەنسای لە هاوپەیمانی دژی داعش کرد و جەختی لە پاڵپشتیکردنی بەردەوامی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر کردەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: بابەتەکانی پەیوەست بە هاوکاری بەرگریمان تاوتوێ کرد، وەکوو کڕینی چەک لە فەرەنسا.
جان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا جەختی لە گرنگی دوورخستنەوەی عێراق لە ناکۆکیی ململانێی ناوچەیی کردەوە، هاوکات هەوڵەکانی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پاراستنی بێلایەنی وڵاتەکەی بەرز نرخاند.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕاشیگەیاند، فەرەنسا پشتگیری لە سەرەوەری عێراق دەکات. گوتیشی: بەهێزی عێراق دەبێتە هۆی بەهێزی ناوچەکە.
جان نۆوێل بارۆ ئاماژەشی دا، گەنجانی عێراق گەورەترین سەرچاوەی سامانی وڵاتن.
هاوکات دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دێتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم کۆ دەبێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دا باس لەوە کراوە، جان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای عێراق، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی نێودەڵەتی ناساندنی دوو وڵاتی ئیسرائیل و فەڵەستین کە لەمانگی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، بەیانی پێنجشەممە، سەردانی هەر یەک لە وڵاتەکانی سعوودییە، کوێت دەکات.
