کەرکووک: سێیەمین حاڵەتی گیانلەدەستدان بەتای خوێنبەربون تۆمارکرا

5 كاتژمێر لەمەوپێش



 

كەسێكی دیكە لە شاری كەركوك بەهۆی تای خوێنبەربونەوە گیانی لەدەستدا و تەندروستی كەركوكیش ئاشكرای دەكات حاڵەتێكی دیكەیان تۆماركردوە، ئەمەش سێیەمین حاڵەتی گیان لەدەستدانە بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، لە ماوەی کەمتر لە 10 ڕۆژدا تۆمارکراوە.

سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕایگەیاند، ئەو کەسەى گیانى لەدەستداوە، ناوى (ز، ق) تەمەن (52) ساڵ دانیشتوی گەڕەكی روناكی لەشاری كەركوك و پیشەی گۆشتفرۆش بوە، یەكێك بووە لە توشبوانی تای خوێن بەربون، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە گیانی لەدەستدا.

ئەو هاووڵاتیەی گیانی سپاردووە، ماوەیەکی زۆر لەژێر چاودێریی پزیشکدا بوو، چەند نەخۆشیەکی درێژخایەنی هەبوو، لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک گیانی سپاردوە.

بەوتەى سەرچاوەکە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كەركوك حاڵەتێكی دیكەی توشبون بەتای خوێن بەربون كە كارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەكەیانە، تۆمار كردووە.

تای خوێنبەربون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی تێكەڵاوبون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.

فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، لە شەوی چوارشەممە 16ی نیسانەوە هەڵمەتێكی بۆ خۆپاراستن لە تای خوێنبەربون لەڕێی پەیجی تایبەتی فەرمانگەكەوە  لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك راگەیاندووە، ئەوەش لەڕێی گرافیك و وێنە و زانیاریی كە تیایدا چۆنیەتی خۆپاراستن و زانیارییەكانی تر لەوانە نیشانەكانی پەتاكە بۆ خوێنەر روندەكاتەوە.

لە ئایاری 2022ش حاڵەتێكی مردن بە هەمان پەتا لە كەركوك تۆماركرا، ئەوكات حكومەت هەندێك رێكاریی بۆ گۆشتفرۆش و سەربڕەكان دەركرد و هەڵمەتێكی فراوانی بۆ قەدەغەكردن و سزادانی گۆشتفرۆشە گەڕۆكەكان راگەیاند.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار