پارێزگای هەڵەبجە دەروازەیەک دەبێت بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن

4 كاتژمێر لەمەوپێش
هەرچەندە لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ڕێککەوتوون لەسەر پەسەندکردنی یاسای ئێستای هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، هەڵەبجە بەهۆی گۆڕینی بۆ پارێزگا دۆخێکى هێناوەتە ناو هاوکێشە سیاسییەکانەوە، هەنگاوێک کە پێویستی بە کردنەوەی ناوەندێکى جیایە چاودێران بەدەروازەی هەموارکردنى یاساى هەڵبژاردنى دەزانن.
رۆژى دووشەممە 14-04-2025 لەپەرلەمانی عێراق دەنگ بە پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە درا و هەڵەبجە بووە 19ـەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.
ئومێد محەمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بە ئەلعالەم الجدید-ی ڕاگەیاند، "جێبەجێکردنی یاسای گۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگارییەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە بەهۆی بڵاونەکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراق".
ئومێد محەممەد دەشڵێت، "خستنەڕووی شارەکە لە پلانی هەڵبژاردنەکاندا وەک پارێزگارییەکی سەربەخۆ پێویستی بە ڕێوشوێنی دیکەش هەیە، دیارترینیان دیاریکردنی ڕووبەری جوگرافی و ئیداری پارێزگاکە، کە ئەمەش بابەتێکە پەیوەستە بە دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە".
دامەزراندنی هەڵەبجە وەک ناوەندێکى هەڵبژاردن پێویستی بەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان سنووری ئیداری خۆی دیاری بکات، پڕۆسەیەک کە هێشتا تەواو نەبووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە قسەکردن لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە پێشوەختەیە، بە گوتەی نوێنەران، کە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەو بابەتە بۆ خولی داهاتووی هەڵبژاردن دوابخرێت.
ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەدەخاتەڕوو، یاساکە دەسەڵاتی دیاریکردنی سنووری جوگرافی و ئیداریی هەڵەبجەی وەک پارێزگابە کابینەی هەرێم بەخشیوە، ئەم کۆبوونەوەیە هێشتا نەکراوە، واتە تا ئێستا یاساکە بە کردەوە جێبەجێ نەکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانە بۆ دوای هەڵبژاردن دوادەخرێت، واتە دۆخی ئێستا لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە".
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا، نزیکەی ٧٦ هەزار دەنگدەر لە هەڵەبجە مافی دەنگدانیان هەبووە، کە ٤٨ هەزاریان لە ناوەندی قەزاکان و ٢٨ هەزاریان لە قەزاو ناحیەکانى بیارە و خورمال و سیروان دابەشکراون، بەپێی ئامارە ناوخۆییەکان.
ھەڵەبجە كە بە هەڵەبجەی شەهیدیش ناسراوە، ناوەندی پارێزگای ھەڵەبجەیە لە هەرێمی كوردستان، دەكەوێتە نێوان ھێڵی درێژی 46ی پلەی ڕۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانی 35–36 پلەی باكوور و 83 كیلۆمەتر باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانییەوە. ڕووبەرەكەی 1599 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، ئەو سەردەمەی كە لەسەر پارێزگای سلێمانی بوو %39٬9 ڕووبەری ھەموو ئەو پارێزگایەی پێكدەھێنا.
هەرچەندە ئاماری نوێ لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئامارێكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە 115 هەزار كەسی تێپەڕاندووە.
