پزیشکی ئۆندەر: ئەگەری ڕزگاربوونی کەمە بەڵام هیوامان هەیە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ئەرتان ساغباش، پزیشکی سڕی سوورەیا ئۆندەرسەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی ئۆندەر وتی: گەیشتنی بەم بارودۆخە موعجیزەیەکی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەی ئەگەری ڕزگاربوونی کەمە، بەڵام هیوامان هەیە.

سڕی سوورەیا ئۆندەر، جێگریی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی سەرەکی شاندی ئیمرالی دەم پارتی، شەوی ١٥ـی نیسان لە ماڵەکەی خۆیدا تووشی جەڵدەی دڵ بوو و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتینگەیل لە ئەستەنبوڵ کرا، پاش نەشتەرگەرییەکی ١٢ کاتژمێری، ئێستا لە بەشی چاودێری چڕدا چارەسەریی بۆ ئۆندەر دەکرێت، بەڵام هێشتا بە ئاگا نەهاتووە و مەترسیی لەسەر ژیانی بەردەوامە.

پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەرتان ساغباش، پزیشکی سری سوورەیا ئۆندەر، سەبارەت بە باری تەندروستی ئۆندەر بۆ ئاژانسی هەواڵیی میزۆپۆتامیا قسەی کرد.

پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەرتان ساغباش وتی: ئێمە دەرمانی پشتیوانیکەری دڵ و نیتریک ئۆکسایدی دەدەینێ، ڕاستییەکەی ئەم دەرمانانە دەدەین بۆ کەمکردنەوەی پەستانی ڕێڕەوی دەماری سییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر دڵی، کۆرتیزۆن دەدرێت بۆ ئەوەی کێشەیەکی تر لە دەمارەکانیدا ڕوونەدات، هەروەها کۆرتیزۆن دەدەین بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی مێشک. ئەنتی بایۆتیک دەدەین بۆ ئەوەی هیچ جۆرە هەوکردنێک دروست نەبێت. یەکێک لەو شتانەی زۆر لێی دەترسین هەوکردنە. دەرمانی خوێن شلکەرەوە دەدەین بۆ ئەوەی سووڕی خوێن باش بێت. واتە ئەمە چارەسەرێکی فرە لایەن و فرە پێوەرە. زۆرێک لە هاوڕێیانمان بەشداری ئەم چارەسەرە دەکەن و بەرپرسیارێتی وەردەگرن. وەک کاری گرووپێک بەڕێوەی دەبەین.

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا هیچ دەرمانێکی خەوکەر وەرناگرێت. چەند ڕۆژە هیچ شتێکی خەوکەر وەرناگرێت بەڵام بە ئاگا نایەتەوە. هۆکاری ئەمە چییە؟ ئاوسان. بەهیواین ئاوسان بێت. لەوانەیە بێ ئۆکسجینیش مابێتەوە. ئێمە پێی دەڵێین مێشکی ئەنۆکسیک. ئەمەش لەوانەیە لەکاتی ڕیسوسیتاسیۆندا ڕووی دابێت. ئێستا ناتوانین ناوی لێبنێین. ناتوانین بڵێین ئەمە بەڕوونی ئەو شتەیە کە لە مێشکیدا ڕوودەدات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتیشی: لە ڕاستیدا ئەو بەخت یاوەرە چونکە گەیشتنی بەم بارودۆخە موعجیزەیەکی گەورەیە. ئێمەش بەدوای موعجیزەیەکدا دەگەڕێین. هەوڵدەدەین ئەم موعجیزەیە بهێنینە دی. دەبێت زۆر هاوسەنگ بین. هیوامان بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەی ئەگەری ڕزگاربوونی کەمە، بەڵام هیوامان هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار