کۆنفرانسى یەکڕیزيى هەڵوێستى کورد لە قامیشلۆ بەڕێوەدەچێت

دوێنێ
"کۆنفرانسى یەکڕیزيى هەڵوێستى کورد" ئەمڕۆ لە شاری قامیشلۆ بە بەشداری زیاتر لە 400 کەسایەتيی رۆژئاوا و باکوور و باشووری کوردستان و کەسایەتییەکانی چەند ناوچەیەکی سووریا بەڕێوەدەچێت.
کۆنفرانسەکە لەژێر ناونیشانی "یەکڕیزیى هەڵوێستى کورد لە رۆژئاواى کوردستان" لە هۆڵی قامیشلۆ لە پارکی ئازادی شارەکە بەڕێوەدەچێت و یەک رۆژ دەخایەنێت.
بەگوێرەی لیژنەی ئامادەکار، نوێنەری سەرجەم حیزبە کوردییەکان، رێکخراوەکانی ژنان و لاوان، کەسایەتییە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان، هونەرمەندان، سەرۆک هۆزەکان لە رۆژئاوا، لەگەڵ کەسایەتییە کوردەکانی دیمەشق، حەلەب، حەما، باب و عەزاز بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەن.
هەروەها شاندێکی پارتى دەم لە باکووری کوردستانەوە، لەگەڵ نوێنەری پارت و رێکخراوەکانی هەرێمى کوردستان ئامادەدەبن. لەوانە شاندى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان و نوێنەرى مەسعود بارزانى، هەروەها نامەی پشتیوانی لایەنەکانی دەرەوەی وڵاتیش دەخوێندرێتەوە.
بەشی یەکەمی کۆنفرانسەکە بۆ رووماڵی میدیاکان کراوەیە، کۆنفرانسەکە کاتژمێر 10ـی بەیانی دەستپێدەکات و وتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکە لەلایەن مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە پێشکەش دەکرێت.
دوابەدوای لێدوان و گفتوگۆی وتاری میوانەکان، کۆنفرانسەکە بەرووی میدیاکاندا دادەخرێت. لە کۆنفرانسەکەدا باس لە "رەشنووسی بەڵگەنامەی یەکگرتوویی کورد" دەکرێت کە پێشتر پێشنیاز کراوە، کۆنفرانسەکە بە دەرکردنی راگەیەندراوێک بۆ رایگشتی کۆتاییدێت.
بەگوێرەى لیژنەی ئامادەکار، زیاتر لە 60 دەزگای راگەیاندن و نزیکەی 200 رۆژنامەوان بۆ رووماڵى کۆنفرانسەکە بانگێشتکراون.
ئاداری ئەم ساڵ هەردوولای رۆژئاوای کوردستان لە حەسەکە کۆبوونەوە؛ سکۆت بۆولس، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوو، ئەو کۆبوونەوە دوای دوو کۆبوونەوەی دیکە هات لە قامشلۆ، پێش ئەویش هەوڵی دیکە لە ساڵانی رابردوودا هەبووە.
سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە دەڵێت، "لەو کۆنفرانسەدا پێداچوونەوە و گفتوگۆ لەسەر رەشنووسی دیدگەی سیاسیی هاوبەش دەکرێت، رەشنووسەکە دوو ئامانجی سەرەکیی هەیە، شێوەی داخوازکراو بۆ دەوڵەتی سووریا، لەگەڵ مافە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە سووریا."
بە گوتەی ئۆسۆ، ئەو دیدگە هاوبەشە ئەنجامی چەندین ساڵ گفتوگۆ و هەوڵدانە بۆ یەکخستنی هەڵویستەکان، "داخراو دەبێت بۆ میدیا لە زۆربەی بەشەکانیدا، سێ ئەندامی بۆردی سەرکردایەتی گوتاری کردنەوە پێشکێش دەکەن و روونی دەکەنەوە لەو کۆنفرانسەدا باسی چی دەکرێت."
بەپێی زانیارییەکان، دوای ئامادەکردنی، دۆکیۆمێنتە سیاسییەکە دەدرێتە بەرپرسانی حکومەتی کاتی لە سووریا و شاندێک لە هەردوولاوە بەڵگەکە دەبەنە لای بەرپرسانی سووریا، ئەندامانی ئەو شاندە بەپێی راسپاردە و ئەنجامی کۆتایی کۆنفرانسی نیشتمانی دیاری دەکرێت.
کۆنفرانسەکە، هەنگاوەکانی و ئەنجامەکەی بە قۆناخێکی گرنگ بۆ کورد دادەنرێت لە سووریا، چونکە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوامە لە بونیاتنان و دانان و رێکخستنی ئەو دامەزراوانەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دروستی کردوون؛ بەڵام لە ئاڵنگاریشدایە، بەتایبەت لە هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان کە ئێستا کەمتر بووەتەوە لەگەڵ هەڕەشەی پاشماوەکانی داعش، ئەو هەنگاوەی لایەنە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەینێن، رەنگە کاریگەرییش لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی وڵاتانیش لەگەڵ سووریا دابنێن، چونکە فەرەنسا، ئەڵمانیا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بەتایبەت داوای حکومەت و دەسەڵاتێکی گشتگیر دەکەن، کە هەمووان تێیدا بەشداربن.
