كۆنفرانسی یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی كورد کۆتایی هات

دوێنێ
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ، شەممە، 26-04-2025، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەشداریی زیاتر لە 400 کەس دەستیپێکرد و دوا نیوەڕۆ کۆتایی هات.
محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و فەوزە یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەنراوی دەرئەنجامی کۆتایی کۆنفرانسەکەیان بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی خوێندەوە.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاردرا بە زووترین کات شاندێکی هاوبەش لە لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێک بهێنرێت تاوەکوو لەسەر بنەمای ئەو لێکگەیشتن و دیدگا هاوبەشەی لە کۆنفرانسەکە هاتووەتە ئاراوە، دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا، پێک بهێنرێت.
لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک خاڵ کراوە، گرنگترینیان:
1. سیستەمی حوکمڕانی له سووریا ناناوەندی بێت و هەر ناوچەیەک تایبەتمەندییەکانی پارێزراو بێت.
2. سامانی گشتی به یەکسانی لە نێوان هەموو هەرێمەکان دابەش بکرێت.
3. زمانی کوردی دووەم زمانی فەرمیی سووریا بێت.
4. نوێنەرایەتیی کورد له هەموو دامودەزگا حکوومییەکاندا هەبێت.
5. سووریا لەسەر بنەمای دادپەروەری بنیاد بنرێتەوه.
6. دۆخی ئابووریی ناوچه کوردییەکان باشتر بکرێت.
7. بەعرەبکردنی ناوچەکه ڕابگیرێت.
8. بڕیارەکانی تەعریبی رژێمی پێشوو هەڵبوەشێندرێتەوه.
9. سووریا دەوڵەتێکی مەدەنی بێت و مافی هەموو پێکهاتەکان لەناو دەستوور جێگیر بکرێت.
10. یەکسانیی نێوان پیاوان و ئافرەتان هەبێت.
مەزڵووم عەبدی: بەهێزبوونی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەهێزبوونی سووریایە
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوتاری کۆنفراسەکەدا ڕایگەیاند "ماوەی 14 ساڵە لە شەڕێکداین کە تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە. بۆ پاراستنی گەلەکەمان و ئەم هەرێمە، شەڕێکی سەخت کرا. لەم شەڕەدا نزیکەی 13 هەزار کچ و کوڕی ئێمە شەهید بوون و نزیکەی سێ هەزاری دیکەش بریندار بوون. هیوای سەلامەتی بۆ برینداران دەخوازین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدە قارەمانەکانمان دادەنوێنین و ئەم کۆنفرانسە دەکەینە دیاری بۆ شەهیدانمان."
