پەیامى پیرۆزبایی لاهور شێخ جەنگی بۆ مەزڵوم عەبدى

4 مانگ لەمەوپێش
لەبارەی کۆنفرانسی یەکڕیزیی لە رۆژاڤا لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی مەزڵوم عەبدی کردو ڕایگەیاند بەم هەنگاوەى ئێستاتان کە دەستى ئاشتى و مەردایەتیان بۆ سەرجەم لایەنە کوردییەکان درێژکردووە، دەتوانن پایەکانى ئەزموونەکە تۆکمەتر بکەن و وێنایەکى جوانى نەتەوەى کورد پیشانى هەموو جیهان بدەن.
ڕۆژی شەممە، 26ی نیسانی 2025، لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' لە رۆژئاوای کوردستان بە ئامادەبوونی نزیکەی 400 ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو.
لاهور شێخ جەنگی پەیامێکى بەوبۆنەیەوە بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: ئەمڕۆ نەک تەنها بۆ رۆژاڤاى نیشتمان، بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەى کوردستان رۆژێکى مێژوویی و لەبیرنەکراوە.
هەروەها هاتوە: لە ماوەکانى رابردوودا کارمان لەسەر لێکنزیکبوونەوە و تواندنەوەى بەستەڵەکى نێوان لایەنە کوردییەکان کردووە و ئێستاش کار بۆ بەهێزترکردنى دەکەین.
دەقى ڕاگەیەندراوەکە
بەڕێز مهزڵوم عەبدى، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
پڕ بە دڵ پیرۆزبایی بەستن و سەرکەوتنى "کۆنفرانسى یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستى کورد لە رۆژائاى کوردستان"ـتان لێدەکەم، ئەمڕۆ نەک تەنها بۆ رۆژائاواى نیشتمان، بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەى کوردستان رۆژێکى مێژوویی و لەبیرنەکراوە، ئێوە ئەو تێگەیشتنەتان ئاوەژوو کردەوە کە چەندین دەیەیە رۆچووەتە نێو میشک و هزرى یەک بە یەکمان و تەنانەت دۆستەکانیشمانەوە کە پێیانوایە "میللەتى کورد قەت نابنە برا"، بەڵام ئێوە پێتاگوتین، دەتوانین برا بین و پشتوپەناى یەکدى بین.
هەڤاڵى بەڕێز، دڵنیام ئەم سەرکەوتنەتان درێژکراوەى سەرکەوتنەکانى 14 ساڵى رابردووە، ئێوە وەک چۆن لە مەیدانى شەڕى گەورەترین رێکخراوى تیرۆریستى جیهانیی سەلمانتان بێوێنەن لە خەبات و قوربانیدان و تائێستا بە خوێن و فرمێسک ئەزموونى رۆژئاواى نیشتمانتان پاراستووە، بەم هەنگاوەى ئێستاشتان کە دەستى ئاشتى و مەردایەتیان بۆ سەرجەم لایەنە کوردییەکان درێژکردووە، دەتوانن پایەکانى ئەزموونەکە تۆکمەتر بکەن و وێنایەکى جوانى نەتەوەى کورد پیشانى هەموو جیهان بدەن.
شانازیی دەکەم وەک چۆن دە ساڵ لەمەوبەر کۆبانێمان بەتەنیا بەجێنەهێشت و هاوكار بوین بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکان بەڕوی ڕۆژاوا، ئێستاش بە هەمان گیانى نەتەوەییەوە بۆ ئەوەى ئەم کاروانە ئاشتى و برایەتییە بگاتە دوامەنزڵ، هەرچییەکمان لە دەستبێت درێغى ناکەین، لە ماوەکانى رابردوودا کارمان لەسەر لێکنزیکبوونەوە و تواندنەوەى بەستەڵەکى نێوان لایەنە کوردییەکان کردووە و ئێستاش کار بۆ بەهێزترکردنى دەکەین، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی و لاى وڵاتانى دۆست و هاوپەیمانانیش، بەردەوامین لە کۆکردنەوەى پشتیوانى زیاتر تاوەکو لەم قۆناغە نوێیەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، دەستکەوتەکانى نەتەوەکەمان پارێزراوبن و تۆکمەتریان بکەین.
براتان،
لاهور شێخ جەنگی

