ئەپیکور: نەگەیشتینە ڕێککەوتن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم

16 كاتژمێر لەمەوپێش



کۆمەڵەى پیشەسازى نەوتى کوردستان (ئەپیکۆر) شکستهێنانى دانوستانەکانى تایبەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانى راگەیاند و دەڵێت پێشنیازەکانیان لەو بارەیەوە پەسەندنەکراون.

ئەپیکور راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئێمە ئامانجمانە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بۆرى نەوتى عێراق – تورکیاوە دەستبەجێ دەستپێبکاتەوە، بەڵام دەبێت لەسەر بنەماى کارکردن بێت بە مەرجەکانی گرێبەستە بەرکارەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و حکومەتى هەرێم، هەروەها دەبێت ئەو قەرزەشى لایان ماوە بدرێتەوە بە کۆمپانیاکان.

ئەپیکور راشیگەیاندوە، هەموو گرێبەستەکانى کۆمپانیاکانى نەوت لەگەڵ حکومەتى هەرێم لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بە یاسایى دانى پێدانراوە، بۆیە پێویستە هەردوو یاساى بودجەى عێراق و گرێبەستە بەرکارەکانى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتى هەرێم لە رێککەوتنەکەدا جێبەجێ بکرێت.

ئەپیکور دەشڵێت، گفتوگۆکان لەبارەى گرەنتیکردنى پارەدان بە کۆمپانیاکان جدى نەبوون و هیچ بەرەوپێشچوونێک لەو بارەیەوە نەبووە، بۆیە داواکارین هەوڵەکان زیاد بکرێن بۆ دۆزینەوەى رێگەچارەیەکى بەسوود بۆ هەردوولا.

مایڵز کاگینز گوتەبێژى ئەپیکور دەڵێت، چەندین جار کۆمپانیاکانى نەوت چارەسەرى گونجاویان لە چوارچێوەى یاساى بودجەى عێراق و گرێبەستە نەوتییەکان پێشکەشکردووە و لە هەوڵ و فشارەکانیشیان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان.

بەپێی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد كە لە هەمواری یاسای بودجەدا جێگیركرا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و لە 17 ی شوبات چووە بواری جێبەجێكردنەوە، پێویستە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان لەماوەی 60 رۆژدا لایەنێكی نێودەوڵەتی دەستنیشان بكەن بۆ دیاریكردنی تێچووی راستەقینەی نەوتی هەرێم بەپێی كێڵگەكان، ئەگەریش لەو ماوەیەدا رێكنەكەون پرسەكە دەدرێتە دەست محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بۆ یەكلاكردنەوەی.

ئەو وادەیە لە 17ی نیسان كۆتایی هات و هێشتا هەردوولا نەگەیشتوون بە رێككەوتن لەو بارەیەوە، سەرەڕای چەند گەڕێكی دانوستان لەنێوانیاندا.

لە هەمواری بودجەدا 16 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم دیاریكراوە، تا ئەو كاتەی لایەنێكی نێودەوڵەتی سەربەخۆ تێچووی راستەقینە دیاری دەكات. 

لەدانوستانەكانی تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، بەغداد 46 هەزار بەرمیلی رۆژانەی دیاریكردووە بۆ پێداویستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەرێم داوای 115 هەزار بەرمیل دەكات، كە دەكاتە 14%ی كۆی بەرهەمەكانی نەوت لە پارێزگاكانی عێراق.

رۆژی 23 ـی شوباتی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بەپێی بڕی بەردەست رایگەیاند.

وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی 28 ی شوباتی دیاریكرد بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) پڕۆسەكە دەستیپێنەكردەوە.

بڕیارە وەزارەتی نەوتی عێراق لە قۆناغی یەكەمی هەناردەكردنەوەی نەوت، 185 هەزار بەرمیل لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت، دواتر بەشێوەیەكی قۆناغبەندی بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبكرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار