هەپەگە: دوو گەریلا شەهید بوون بەهۆى هێرشى کیمیایی سوپای تورکیا

10 كاتژمێر لەمەوپێش
هەپەگە ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی گەریلا لە ئاگربەستدایە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی و لەم دواییانەدا هێرشەکانی بە چەکی کیمایی و تەقەمەنی قەدەغە کراو بۆ سەر تونێل و سەنگەرەکانمان زیادیکردووە و زیاتر لە هەزار جار تۆپبارانی هەرێمەکانمان کراوە و دەشڵێت: لە ئەنجامی هێرشەکانیدا بە چەکی کیمیایی هەڤاڵانمان بەسێ و میترا شەهیدبوون.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و وەڵامەکانی گەریلا لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
هەپەگە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، وەک ئەوەی ڕای گشتیی ئاگادارە، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ١ـی ئاداری ٢٠٢٥ـەوە لە پێگەی ئاگربەستدایە، بەڵام بە ئێستاشەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە هێرشەکانی سوپای تورکدا ڕووینەداوە، بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی، بە تایبەت لە ماوەکانی کۆتاییدا بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشەکانی بۆ سەر تونێل و سەنگەرەکانمان زیاتر کردووە.
هەپەگە ڕاشیگەیاند، سوپای تورکی داگیرکەر کە ناتوانێت ئیرادەی هەڤاڵانمان بشکێنێت کە لەسەر هێڵی فیدایەتی لە بەرخۆداندان، لە ١١ـی نیسان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشێکی قورسی کردە سەر تونێلەکانمان و جارێکی دیکە تاوانی دژە مرۆڤانەی ئەنجام دایەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا هەڤاڵانی نەمرمان؛ بەسێ و میترا کە بە تۆمارکردنی بەخۆدانی داستانی ڕێگەیان لە هێرشەکانی دووژمن گرت، شەهید بوون.
لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەیدا هەپەگە باسی لەوەشکردووە، هەڤاڵانمان تێکۆشان و بەرخۆدانی شکستنەخواردوویی میلیتانیی ئاپۆییان نیشانی هەموو جیهان دا، دواتر زانیاری بەرفروان لەسەر ناسنامەی هەڤاڵانی نەمرمان بۆ ڕای گشتیی و گەلەکەمان بڵاودەکەینەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٢٤، ٢٥ و ٢٦ـی نیسان هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکرا و دوو جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کراوە.
ڕاشیگەیاند، ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ـی نیسان، گۆڕەپانەکانی هەرێمی خواکورک، هەرێمی گارە، هەڕێمی مەتینا، هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ؛ بە گشتیی هەزار و ١٦٤ جار بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن بۆردوومان کراون.
هەروەها هەپەگە لە کۆتاییشدا دەڵێت: لە ٢٣ـی نیسان لە گردی بەهاری هەرێمی شەهید دلیلی رۆژئاوای زاپ، هێزەکانی یەژاستارمان دەستییان لە داگیرکەران کردەوە، کە لە هەوڵدابوون هێرشی سەر سەنگەر و تونێلەکانمان بکەن، هەروەها لە ٢٥ـی نیسان لە گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، بە چەکی نیوئۆتۆماتیک گورز لە داگیرکەران و حەفارەیەکییان درا، کە لە هێرشکردنەسەر سەنگەر و تونێلەکانماندا بوون.
