کۆمیسیۆن: تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەکی نوێ تۆمار نەکراوە

10 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ژمارەی هاوپەیمانێتییە تۆمارکراوەکان 64 هاوپەیمانێتییە کە پێشتر سەرجەمیان تۆمار کراون. هەروەها کۆمیسیۆن بەردەوامە لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران.
یەکشەممە 27ـی نیسان، عیماد جهمیل، سهرۆكی تیمی ڕاگهیاندن له كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند: لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا 64 هاوپەیمانێتی تۆمار کرابوون، بەڵام تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەکی نوێ تۆمار نەکراوە.
سهرۆكی تیمی ڕاگهیاندن له كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق، باسی لەوە کرد، کۆمیسیۆن بەردەوامە لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ڕەنگە هەندێک لە هاوپەیمانێتییەکان گۆڕانکاریان بەسەردا بێت، کە ئەمەش پێویستی بە نوێکردنەوەی داتاکانیان هەیە.
لەبارەی ژمارەی حزبەکانیش، عیماد جهمیل، گوتی: ژمارەی ئەو حزبانەی کە ڕێگەپێدراون بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن 314 حزبە، بەڵام لەو ژمارەیەش تا ئێستا 70ـیان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن خۆیان لە کۆمیسیۆن تۆمار کردووە.
جەختی لەوە کردەوە، کۆمیسیۆن درێژترین ماوەی داناوە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەرجەم هاووڵاتییان بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکانیان.
سهرۆكی تیمی ڕاگهیاندن له كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق، گوتیشی: ستافی کۆمیسیۆن تەنانەت لە ڕۆژانی پشووشدا بەردەوام دەبن لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هەروەها لە ڕۆژانی داهاتوودا کارەکانی پرۆسەی نوێکردنەوەکە خێراتر دەکرێن.
چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11ـی تشرینی دووەمی 2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆمیسیۆن ئامادەیە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لەو وادەیەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دیاریی کراوە، بەڕێوە ببات.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ژمارەی پارتە سیاسییە تۆمارکراوەکان 320 حزبی تێپەڕاندووە، هاوکات ژمارەی هاوپەیمانییە سیاسییە تۆمارکراوەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 60.
