ڕۆژنامەی الصباح: بە ئەلەكترۆنی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم خاوە

4 مانگ لەمەوپێش
حەیدەر یوسف خەلخال، سەرۆکی لیژنەی وردبینی لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (الصباح):
پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری جەیهانی تورکیەوە، پرسێكی تەکنیکییە لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێم.
پیشەسازی نەوت لە هەرێم بەگشتی سروشتی تایبەتی خۆی هەیە، بەوپێیەی چەندین لیژنە لە نێوان هەردوو وەزارەتە پەیوەندیدارەکەدا پێکهێنراون.
گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان كۆتوبەندی تیادایە، سەبارەت ئاشکراکردنی بڕگەكانی.
سەبارەت بە دەروازە سنوریی و گومرگیەکانی هەرێمی، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری پلاندانان پێکهێنراوەو، بەردەوامە لە کارەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.
کۆی ئەو بڕە پارەیەی بۆ ساڵی 2024 بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە، بۆ کۆی گشتی 12 مانگی تەواو، زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار بووە بۆ موچەخۆران.
لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم موچەی تەنها 11 مانگی ساڵی 2024 بۆ موچەی فەرمانبەران داوە، بە پاساوی بەشنەكردنی پارەكە.
جیاوازی هەیە لە نێوان دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و ئابوری لە هەرێم لە دیاریکردنی موچەخۆران.
وەزارەتی دارایی فیدراڵی تێبینی زۆری دەستنیشان کردووە، بەتایبەتی لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا، لە ئەنجامی ئەو تێبینیانە هەندێک بڕە پارەی بڕی، ئەوەش جیاوازی دروستكرد لە كۆی موچەی خەرجكراو.
وەزارەتی دارایی فیدراڵی جەختدەكات تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی بۆ موچەی مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٤ خەرجكردووە.
سەبارەت بە تەوتیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەم پرۆسەیە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر لەڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من" و هەڵبژاردنی هەشت بانک بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆسەیە دەستیپێکردووە، سەرجەمیان لەژێر چاودێری بانکی ناوەندی عێراقدان.
تا مانگی شوباتی ئەمساڵ، پێدانی موچەی بە ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی کارتی بانکی و لە ڕێگەی شەش بانکەوە کاراكراوە: بانکی ئیسلامی عێراق بە هەزار و 800 فەرمانبەر، هەزار و 900 فەرمانبەرلە بانکی بی بی ئەی، 136 هەزار و 900 فەرمانبەر لە بانکی جیهان، هەروەها بانکی بازرگانی هەرێم بە 98 هەزار و 500 کارمەند، جگە لە بانکی بەغداد و بانکی نیشتمانی بانکی عێراقی.
ژمارەی ئەو موچەخۆرانەى کە سوودمەند بوون لەم پرۆسەیە، بەجۆرێک کە دوای چالاککردنی کارتەکانیان موچەکانیان وەرگرتووە، گەیشتووەتە نزیکەی ٢٧٣ هەزار کەس، کە نزیکەی لەسەدا ٢٥ی موچەخۆران لە هەرێم پێکدەهێنن.
ئەوەش ئاماژەیە بۆ خاوی بەڕێوەچونی رێکارەکان، بەهۆی ناکارامەیی ئەو بانکانەی گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە بۆ ئەم ئەرکە.
جیاوازی هەیە لە نێوان موچەی خانەنشینانی هەرێم و موچەی خانەنیشانی حکومەتی فیدراڵی، بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی هەڵوەشێنراوەوە.
بەڵام دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیارەکەی دەرکرد کە داوا دەکات یاسای خانەنشینی یەکگرتوو جێبەجێ بکرێت، لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و هەندێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە، كە راسپاردەی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو داناوە.
هەرێم لە سەرەتای مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا دەستیپێکردووە، بەڵام ئەم جێبەجێکردنە بەشێکی بووە، چونکە تەنها لە هەموارکردنەوەی موچە یان کەمترین موچەدا ناوەستێت، بەڵکو هەموارکردنەوەی تەمەنی یاسایش لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵان دەگرێتەوە.
دەبوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستبكرایە بە پرۆسەی هەمواركردنەوەو ئەوانەی تەمەنیان گەیشتووەتە خانەنیشی رەوانەی خانەنشینی بكرێن، ئەوەش ژمارەیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
سەبارەت بە رادەستكردنی داهاتی نا نەوتی لە حکومەتی هەرێمەوە بۆ حکومەتی فیدراڵیش، هەرێم بەشێکی داهاتەکانی رادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە.
پاساوی هەرێم بۆ ئەوە ئەوەیە، حکومەتی فیدراڵی خەرجییە ئاساییەکانی بەکاربردنی بۆ خەرجنەكردووە.
هەرێم ئاماژەی بەوەداوە بەشێک لەو داهاتانە بۆ موچە خەرج دەکرێت، چونکە ئەوەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە بۆ هەرێم دەنێرێت، بەشی تەواوی موچەو قەرەبوکردنەوەو خانەنشینان و تۆڕی چاودێری كۆمەلایەتی و وەرگرانی تری موچەو هاوكارییەكان ناكات.

