ڕوانگەی سووری: ئەمساڵ پەلامارەکانى داعش بۆسەر هەسەدە زیاتر بووە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
روانگەی سووری بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرایکرد، لە ماوەی چوار مانگدا رێکخراوى داعش 68 هێرش و پەلامارى لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى بەرێوەبەرایەتیى خۆسەر هەبووە و بەهۆیەوە 28 کەس لە هاوڵاتیی سڤیل و ئەندامی هەسەدە گیانیان لەدەستداوە.
روانگەی سووری رایگەیاندووە، لەمدواییەدا پەلامارەکانى داعش زیاتر بووە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتى هەسەدەشی کردووەتە ئامانج.
روانگەکە دەڵێت، چەکدارانی داعش رۆژی 28ـی ئەم مانگە بنکەیەکی سەربازیی هەسەدەیان لە دێرەزوور کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە دەستبەجێ پێنج ئەندامى هەسەدە گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکە بریندار بووە.
بەگوێرەی ئاماری روانگەکە، تەنیا لە مانگی کانوونی یەکەمدا داعش 16 پەلامارى داوە و 10 ـان لە دێرەزۆر بووە و بەو هۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە مانگی شوباتیشدا داعش 11 پەلامارى داوە و نۆیان لە دێرەزۆر بووە پاشان لە مانگی ئازاردا 20 پەلامارى دیکەی هەبووە و زۆرینەشیان لە دێرەزۆر بوون.
هاوکات لەسەرەتاى مانگى نیسانەوە تاوەکو ئێستا، لە 21 پەلامارى داعشدا کە 19ـیان لە دێرەزۆر بووە و 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.
