هەپەگە: هێرشەکانی تورکیا نەوەستاوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) ڕایدەگەیەنن لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە تاوەکو ئێستا هێرشەکانی سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هیچ کاتێک نەوەستاوە، ئاماژە بەوەشدەدەن هێزەکانی سەر بە پارتىیش لە هەوڵەکانی گەمارۆ، ڕێگە داخستن و هەواڵگری بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک درێژەیی هەیە.
رۆژانى 28 و 29 ى نیسان، بەهۆى هێرشى درۆنى بۆ سەر بنکەکانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای دهۆک پێنج پێشمەرگە برینداربوون، ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستانیش هێرشەکانى بە هەوڵێک بۆ تێکدانى پرۆسەی ئاشتی ناوبرد و هۆشدارییدایە ئەو گروپ و لایەنانەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەهۆى پەیامە ئەرێنییەکانى سەرکردەکانی پارتى بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی نوێ، چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد کە هەڵوێستێکی ئەرێنی لە پراکتیکدا نیشان بدەن، بەڵام هەڵوێستیان لەبڕینی ڕێگای نێوان زاپ و گارە و هەوڵدان بۆ داخستنی تەواوەتی و پشتیوانیکردن لە پیلانی قڕکردن، نیگەرانی جددی بەدوای خۆیدا هێنا.
دەقى ڕاگەیەندراوەکە
هێرشی کرێخۆرانی شەڕ بەردەوامە
ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگە بەم شێوەیە بەردەوام بوو:
"لە هێڵی جوودی-دەهلەشنۆی زاپ تا بگاتە گوندی بازیان لە ڕۆژئاوای مەتینا، لە نێوان هێزەکانی گەریلاماندا و هیزەکانی دەوڵەتی تورکدا لە چەندین خاڵدا ڕۆژانە شەڕ ڕوودەدات. لەوکاتانەشدا بەهۆی هێرشکانەوە چەندین هەڤاڵمان شەهید بوون. کۆتاجار لە ١١ی نیسانی ٢٠٢٥دا لە گردی جوودی لە زاپ بەهۆی هێرشی چەکی کیمیایی سوپای تورکەوە هەڤاڵانمان بەسێ تێکۆشین (زەهرا زەلال ئاراز) و میترا کاتۆ (سارا عەسکەری) شەهید بوون. ئاشکرایە لە ناو سوپا و دەوڵەتی تورکدا لایەنێکی کرێخۆری شەڕ بوونی هەیە کە نایەوێت پرسی کورد بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر ببێت، ویستی بەردەوامبوون شەڕە، بۆیە هێرشەکان بەردەوامی هەیە.
لە ناو پەدەکەشەوە لایەنێک پشتگیری دەدات
لەم پرۆسە گرنگ و مێژوویەدا کە لە لایەن ڕێبەر ئاپۆوە دەستپێکراوە، لەناو هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا پێگەیەکی پشتیوانی و ئەرێنی هاتەئاراوە، لەسەرووی هەمووییەوە سەرکردە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، وە چەندین کەسایەتی سیاسی پشتیوانی خۆیان دەبڕی. وێڕای ئەم ژینگە ئەرێنییەیش هێزەکانی سەر بە پەدەکە هیچکاتێک گەمارۆدان، بەربەست و بڕینی ڕێگە و پێدانی زانیاری هەواڵگری بۆ دەوڵەتی تورک کەم نەکردووەتەوە و درێژە بەو کارانەی داوە. بە تایبەت لە نێو دوومانگی ڕابردوودا لایەنێکی ناو پەدەکە پشتگیری داوەتە کرێخۆری شەڕ، کۆمەڵکووژ و دووژمنانی کورد کە خواستییان درێژکردنەوەی شەڕە. ئاشکرا بوو بە بەرفراوانییەوە ئەم هەوڵە لە ئاردایە.
لەو گۆڕەپانەی کە مانگی شوبات بۆسە بۆ هاوڕێیانمان دانرا و تێیدا هاوڕێیانی فیداییمان خەبات، عەگید و گۆران شەهید بوون، لە نێوان گوندەکانی گوهەرزی و بەلاڤدا هێزەکانی پەدەکە لە ٢٨ی نیساندا دەستییان بە درووستکردنی بارەگایەکی نوێی سەربازی کردووە. لەبەر پەیامە بەهێزەکانی سەرکردەکانیان بۆ پشتیوانی پرۆسەی نوێ، لە چاوەڕوانی ئەوەدابووین لە پراکتییدا هەڵوێستی ئەرێنی نیشان بدەن، بەڵام بەو هەڵوێستەیان کە ڕێگەی نێوان زاپ و گارەی بڕی و هەوڵدەدەن بە تەواوەتی دایخەن و پشتگیری دەدەنە پلانی لەناوبردن، خستینییە نیگەرانییەکەی جددییەوە. داخستنی ئەو خاڵە ستراتیژییە بەشێکە لە پلانی لەناوبردن و گەمارۆدان کە لە دژی هێزەکانمان ئەنجام دەدرێت کە ماوەی چوارساڵە لە زاپ بە قارەمانێتییەوە لە بەرخۆداندان. فەرماندەییمان لەو گۆڕەپانەدا لە ٢٨ و ٢٩ی نیساندا، بە هەستیاریی ئەوەی زیانی لێ نەکەوێتەوە، لە ئاستێکی سوکدا بۆ هۆشیارکردنەوە دەستوەردانی کرد.
بەهەمان شێوە لە گوندی بێشیلیی مەتینایش لە لایەن هێزەکانی سەر بە پەدەکەوە لە خاڵێکدا کە بۆ بەرخۆدانی هێزەکانمان خاڵێکی ستراتییژییە، لەو جێگەیە دەستییان بە درووستکردنی بنکە و قەرەقۆلی سەربازی کردووە. بە ڕوونی دەردەکەوێت لەوێ پەدەکە پێگەی ئاگربەستی گەریلانی قواستووەتەوە، هەوڵدەدەن هەنگاو بە هەنگاو گەمارۆ بدەن، لە چوارچێوەی پلانی فەرماندەیی گشتی تورکدایە بۆ لەنابردن دەجوڵێنەوە و دەیانەوێت گەریلا پەلکێشی ناو شەڕێکی بەرفراوان و وێرانەکەر بکەن.
لەم قۆناغە مێژوویەدا کە بۆ گەل و تەڤگەرمان قوناغی بریاردانی ستراتیژییە، نامانەوێت لەگەڵ هیچ لایەنێکدا بکەوینە ناو ئاڵۆزی و شەڕەوە. بە پێچەوانەی ئەوەوە لە چوارچێوەی پرۆژەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆدا خواستمانە کێشەکەنمان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین. هێزەکانی پەدەکە کە هێزێکی کوردییە نابێت بەشداری پلانی نەخێر ببێت، کە هیچ خزمەتێک بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد ناکات و هەوڵدەدات جوڵە و پێگەی هێزەکانمان بگۆڕێ و لەناوی بەرێت. گەر ئەم کارە لە دەرەوەی ئاگاداری ئیدارەی پەدەکەوە ئەنجام دەدرێت، پێویستە ئیدارەی پەدەکە دەستوەردان بکات، کە لە سوودی هێڵی نەژادپەرستی و کۆمەڵکووژی دەوڵەتی تورکەدایە. گەر ئەم کارە بە ئاگاداری ئیدارەی باڵای پەدەکە ئەنجام دەدرێت، بانگەوازییان لێ دەکەین دەستبەرداری ئەم هەڵوێستە ببێت کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلی کورد ناکات و بانگەوازی لە هێزە کوردییە وڵاتپارێزەکان و گەلەکەمان دەکەین لەم بابەتەدا هۆشیاربن."
