ئاسایشی سلێمانی داوا لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات زڕگوێز چۆڵ بکەن

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ماوەى سێ رۆژە بەبەردەوامى، دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی پەیام دەداتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەوکەسانەى لەزڕگوێز ماوون تاوەکوو سبەینێ پێنج شەممە چۆڵی بکەن، حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش داواکارییەکە ڕەتدەکەنەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار، تایبەت بەهاوڵاتى وت: سێ رۆژە چەند جارێک پەیام دەداتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا هاوڵاتیانەى لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی ماون بەزوویی چۆڵى بکەن.
سەرچاوەکە وتى: ئەوان داوایانکردوە بچینە سورداش، ئێمەش پێمان ڕاگەیاندوون لەم کاتەدا ناچینە ئەو شوێنەـ چونکە هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، وەک چادرو ئامێرى فێنککەرەوەو ثێداویستى ترى سەرەتایی ژیان، ناکرێت لەم کاتەدا بچین چونکە کۆتایی ساڵى خوێندنە ناتوانین خوێندکارەکانمان بگوازینەوە لەوشوێنەش وەزع خراپە تەنانەت بنکەیەکى تەندروستى تێدانیە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بارەگای سەرەکیان لە زڕێگوزی سنوری پارێزگای سلێمانییە.
ناوەڕاستی ساڵی 2023، ئێران ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆکرد، کە ڕێكکەوتنەکە تایبەت بوو بە چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵەدا بەشێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێکرا. حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پابەندی خۆیان بە چۆڵکردنی سنورەکانەوە ڕاگەیاند بەڵام بۆ چۆڵکردنی تەواوی بارەگاکانیان ملیان نەدا.
ئێران زیاتر لە جارێک نیگەرانی لەسەر چۆڵنەکردنی بارەگاکان نیشاداوە و ڕاگەیاندووە،" پێویستە حزبە دژبەرەکانی ئێران بۆ قوڵایی خاکی عێراق بگوازرێنەوە کە مەبەست لێی سنوری موسڵە".
