مەسەدە: بەرپرسیارێتیی تەواوی تێکچوونی دۆخەکە دەخەینە ئەستۆی دیمەشق

5 كاتژمێر لەمەوپێش
مەسەدە لەسەر ڕوداوەکانى سوریا هاتە دەنگ و ڕایدەگەیەنێت بە دوودڵییەوە لە هەڵکشانە سەربازییە مەترسیدارەکانی دەورەبەری دیمەشق دەڕوانین ، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات شەڕ بووەستێنن، بەرپرسیارێتیی تەواوی تێکچوونی دۆخەکەش دەخەنە ئەستۆی دیمەشق.
ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لەڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت بە نیگەرانی و وریایی قووڵەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پەرەسەندنە سەربازییە مەترسیدارە دەکات کە لە ناوچەکانی ئەشرەفییە سەحنایە و جەرەمانە لە لادێکانی دیمەشق ڕوودەدات، کە هەڕەشەی فراوانکردنی بازنەی توندوتیژی دەکاتە بۆ تەواوى سوریا.
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا مەسەدە بە توندترین شێوە ئیدانەی کوشتن، تۆقاندن، قسەی ڕقاوی و هاندانی تائیفەگەری دەکات. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات شەڕو توندوتیژى ڕابگرن و ئارامبگرن، هەروەها دەسەڵاتدارانی دیمەشق بە تەواوی بەرپرسیار دەکات لە خراپتربوونی دۆخەکە.
ئەنجومەنەکە پێی وایە کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هێز سوریا بەرەو لێواری داڕمان دەڕوات، ئەو بۆشاییە فراوانتر دەکات کە ڕژێمی پێشوو لەناو گەلی سوریادا دروستی کردووە.
مەسەدە دەشڵێت: دەرگا بەڕووی دەستێوەردانی دەرەکیدا دەکاتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەو لایەنانەی کە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە دەکەنە ئامانج و هەوڵی زاڵبوون بەسەر سوریادا دەدەن و یەکگرتوویی و سەروەری وڵاتەکەی لێ زەوت دەکەنەوە.
بەم پێیە ئەنجومەن داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکات ئاسایش بپارێزن و چالاکیی و کردەوە دوژمنکارانەی بەردەوام ڕابگرن و سەرچاوەکانی هاندانی تائیفی و قسەی ڕق و کینە وشک بکەنەوە. ئەنجومەنەکە پێی وایە زۆر گرنگە کە بانگهێشتکردنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی گشتگیر بە بەشداریی ڕاستەقینە و کاریگەر لە سەرجەم پێکهاتەکان و توێژەکانی گەلی سوریا، بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوتی تەواوی پڕۆسەی ئینتقالی و داڕشتنی دەستوورێکی نیشتمانی مۆدێرن و دیموکراسی کە شایستەی ئەو قوربانییە گەورەیانەی گەلی سوریا بێت و خواستەکانیان دەرببڕێت و مافەکانیان بپارێزێت و دەوڵەتی هاوڵاتیبوون و دادپەروەری دابمەزرێنێت.
بەردەوامیی ئەو گرژییانەی ئێستا لەو ناوچەیە هەیە، پاش ئەوەهات، رۆژی 29ـی نیسانی 2025، تۆمارێکی دەنگی بڵاوکرایەوە ودروزەکان بە سوکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام تۆمەتبارکران و بووەهۆى گرژی و رووبەڕووبونەوەی توند لەنێوان ئەندامانی ئاسایش و چەکدارانی دروزدا.
