ئەردۆغان: ئەوەی ئیسرائیل لە سوریا دەیکات قبوڵی ناکەین

5 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایدەگەیەنێت: ئەوەی ئیسرائیل لە سوریا دەیکات گێچەڵکارییە و قبووڵی ناکەین، ئیسرائیل دەیەوێت ئاگری شەڕی غەززە و لوبنان بۆ سووریا بگوازێتەوە.

ئێوارەى ڕۆژى چوارشەممە، 30ـی نیسان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ڕێگە بە هیچ دەستپێشخەرییەک نادەین کە هەڕەشە لە سەقامگیریی سووریا بکات.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئەو کەشوهەوای ئەرێنییەی کە ئیدارەی نوێ لە دیمەشق دامەزراندووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئیسرائیل دەیکات وروژاندنێکی قبوڵنەکراوە، ئێمەش بە شێوازی جۆراوجۆر وەڵامی هەر هەوڵێک دەدەینەوە بۆ ڕاکێشانی دراوسێمان، سوریا، بۆ ناو گرژى و ئاڵۆزیی و ناسەقامگیری نوێ.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان زیادیکرد: ئەو شەپۆلە توندوتیژی و دەستدرێژییەی کە لەشارەکانی فەلەستین بە تایبەتی لە کەرتی غەززە دەستی پێکرد، وردە وردە بەرەو لوبنان و سوریا تەشەنە دەکات.

ناوبراو وتیشى: تورکیا خزمەت بە ئاشتی لە ناوچەکە دەکات و رێگە نادات بە سەپاندنی هیچ پەیكەرێك لە دیوەکەی تری سنورەکان، جگە لە سوریای یەکگرتوو، یەکپارچەیی خاکی سوریا بۆ ئێمە پرسێكە دەستبەرداری نابین و دەزانین حکومەتی سوریاش لەسەر هەمان بنەما کاردەکات.

ئەردۆغان جەختى کردەوە کە باشترین بژاردە ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکان کار بۆ سوریایەکی یەکگرتوو بکەن و وزە و هێزەکانیان بۆ ئەو مەبەستە کۆبکەنەوە، توركیا ئەولەویەت دەدات بە نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا و گفتوگۆكردن لەگەڵیان.

وتى: زۆر گرنگە گروپە چەکدارەکان لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگری سوریا یەکبگرن و بەشداری لە یەکڕیزی و یەکپارچەیی وڵاتدا بکەن.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندائەوەشى وت: ئەنكەرە رێگە نادات بە سەپاندنی دیفاكتۆ لە ناوچەکەو هیچ هەوڵێک بۆ هەڕەشەکردن لە سەقامگیری سوریا قبوڵ ناکات، پرسی سیستمی فیدراڵی لە خەونێکی دوور زیاتر هیچی تر نییە و لە واقیعی سوریادا هیچ جێگایەکی نییە.

دەشڵێت: رێنوێنیان دەكەم بڕیارێک بگرنەبەر خزمەت بە سەقامگیری ناوچەکە بکات، نەک بڕیارێك لەسەر بنەمای خەونەکانی حکومەتی فیدراڵی لە سوریا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار