کەشناسی: خۆڵ و باران دەبارێت

12 كاتژمێر لەمەوپێش
کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات خۆڵبارین چەند ناوچەیەکى عێراق بگرێتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش باران ببارێت، هۆشداریش دەداتە هاووڵاتیان ئەگەر زۆر پێویست نەبێت گەشت نەکەن.
ئەمڕۆ هەینى 2ى ئایارى 2025، عامر جابری، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند: ئەمڕۆ خۆڵبارین لە چەند ناوچەیەکى رۆژئاوا و باکوورى رۆژئاواى عێراق روودەدات، خێرایی با دەگاتە 45 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
لە پێنجشەممەوە شەپۆلێکى خۆڵبارین و رەشەبا و بارانبارین عێراقى گرتووەتەوە، شەوى رابردوو بە هۆیەوە بۆ ماوەى کاژێرێک گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا راگیران.
عامر جابری پێشبینی دەکات ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان بارانى پچڕ پچڕ ببارێت.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینی، دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق لە هۆشدارییەکدا داواى لە هاووڵاتیان کرد ئەگەر پێویست نەبێت بە رێگەى وشکانی و ئاوى گەشت نەکەن، ئەو کەسانەشى نەخۆشیى هەناسەتووندییان هەیە، خۆیان بپارێزن.
