حاجیانى ئەمساڵ ئینتەرنێت و سیمکارتی خۆراییان بۆ دابیندەکرێت

17 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ خزمەتگوزارییەکی دیکە پێشکەش بە زیارەتکاران دەکرێت ئەویش دابیکردنی سیم کارتی ئەنتەرنێت و پەیوەندی خۆراییە بۆ هەمو زیارەتکاران کە بۆ جێبەجێکردنی حەج رو لە سعودییە دەکەن.
وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان، کاروان ستونی رایگەیاند، پیشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بەهۆی هەماهەنگی و پەیوەندی توندوتوڵی سەرۆکی شاندنی حاجیانی کوردستان "شێخ نیاز راغب نەقشبەندی"یەوەیە کە لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقدا هەیەتی.
وتوشیەتی؛ بەردەوامن لە پەیوەندییەکانیان بۆ ئەوەى زۆرترین ئاسانکارى بۆ زیارەتکاران بکرێت، هەربۆیە خزمەتگوزارییەکانى ئەمساڵ جیاوازن لە ساڵانى رابردو و پێویست ناکات زیارەتکاران لەگەڵ گەیشتنیان بە سعودیە سیمکارت بکڕن و ئەو خزمەتگوزارییەیان بەبێ بەرامبەر بۆ دابینکراوە.
ناوبراو ئەوەشی خستوتەرو؛ "بە پێی ئەو گرێبەستەی کە لەگەڵ کۆمپانیای کنان کە بریکاری سەرەکی کۆمپانیای ئیس تی سی سعودی کراوە، هەر زیارەتکارێک سیمکارتێکی ئەنتەرنێت کە 5 گیگا بایت ئەنتەرنێت و 120 خولەک پەیوەندی لەخۆدەگرێت بە خورایی لە دەروازەی عەرعەر بە زیارەتکارانی گەشتی وشکانی و لە شاری مەککەی پیرۆزیش بۆ زیارەتکارانی گەشتی ئاسمانی پێشکەش دەکرێت".
ئەویشی خستەوەڕو، جگە لە دابینکردنی سیم کارتی ئەنتەرنێت و پەیوەندی بۆ زیارەت کاران، بۆ هەر پاسێک کە زیارەتکاران دەگوازێتەوە بە رێگای وشکانی راوتەرێکی ئەنتەرنێت دابین دەکرێت کە 30 کەس دەتوانن سود لە ئەنتەرنێتەکەی وەربگرن
ئەمە لە کاتیكدایە بڕیار وایە رۆژی 16ی ئەم مانگە یەکەم وەجبەی زیارەتکارانی حەج، لە هەرێمی کوردستانەوە بەرە وڵاتی سعودییە بەرێ بکەون، و بە گویڕەی زانیارییەکانی حەج و عەمرەی هەرێمیش ئەمساڵ پێنج هەزار و 136 زیارەتکار، بەمەبەستی بەجێهێننای فەریزەی حەج ڕو لە سعودییە دەکەن.
