چالاكی پارتە كوردیەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان قەدەغەكرا

15 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا" بڵاویكلادەوە، ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی سەرجەم چالاکییەکانی ئەو حزب و گروپانەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانن لەناو خاکی عێراق، بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە چوارچێوەی پابەندبونی بەغداد بە پتەوکردنی ئاسایشی سنورەکان و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ ئێران.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە لەلایەن دیوانی سەرۆکایەتی حکومەت و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە عێراق بڵاوکراوەتەوە، فەرمان ئاڕاستەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان و دەسەڵاتی دەروازە سنورییەکان و حکومەتی هەرێم کراوە، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، کە بریتییە لە:
1-داخستنی بارەگای ئەو گروپانە و رێگریكردن لە هەر چالاکیەکی سیاسی، میدیایی و سەربازییان.
2-رێگرتن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ دنەدان یان ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران.
3-توندکردنەوەی چاودێری لەناوچە سنورییە هاوبەشەکان، بەتایبەتی ناوچە شاخاوییەکان، کە پێشتر لەلایەن هەندێک گروپەوە بەکاردەهێنران.
4-پتەوکردنی هەماهەنگی ئەمنی نێوان بەغداد و هەولێر بۆ دڵنیابون لە جێبەجێکردنی بڕیارەكە بە تەواوی.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ هەینی، هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی حزبە كوردییەكانی ئێرانیان ئاگاداركردووەتەوە لە ماوەی (10) رۆژدا بارەگاکانیان چۆڵ بکەن.
ئەمجەد حسێن پەناهی، سەرکردەى كۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە ماڵپەری "جبال"ی راگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە فەرمی ئاگاداریان کردونەتەوە لە پێویستی چۆڵکردنی بارەگاکانیان لە زڕگوێز لە ماوەی (10) رۆژدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێنماییەکان بەوشێوەیەیە بچنە ناوچەی سورداش و لەوێ نیشتەجێبن، بەپێچەوانەوە بەهێز ناوچەكەیان پێ چۆڵدەكرێت.
لای خۆیەوە، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، راگەیاند، ئەو رێکارانە بەشێکن لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لە نێوان بەغدادو تاران ئەنجامدراوە، بە ئامادەبونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و حزبی کۆمەڵە.
رونیشیکردەوەتەوە، چەندین جار ماوەی مانەوەی ئەو حزبانە درێژکراوەتەوە، دواجاریش تا (1)ی ئایار بووە.
وتوشیەتی، زیاتر لە (98) خانوو بۆ حزبە کوردستانییەکانی ئێران لە ناحیەی سورداش سەر بە قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی دروستکراون، دەتوانن لەوێ نیشتەجێ بن.
