عێراق: دەستمان نەبردووە بۆ پارەى هاوڵاتییان لە بانکەکان

14 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی عێراق رەتیدەکاتەوە، بۆ پڕکردنەوەی کەمی نەختینەیی حکومەت پەنای بۆ بەکارهێنانی یەدەگی بانکی رافیدەین بردبێت، دەشڵێت: کۆی یەدەگی بانکی ڕافیدەین لەگەڵ بانکی ناوەندی 8 ترلیۆن و 540 ملیار دینارە بە هیچ شێوەیەک دەستی لێ نەدراوە، لە ژێر هیچ ناونیشانێکدا.
دوینێ جێگرى سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى و بازرگانى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاندبوو، حکومەت سەرجەم پارەى هاوڵاتییانى لە بانکەکانى رەشید و رافیدەین راکێشاوە، ئەوەش دواى سەرپشککردنى وەزارەتى دارایی بۆ بەکارهێنانى "پارەی بارمتەی باج" بۆ دابینکردنى موچە و خەرجییەکانى دیکەى دەوڵەت.
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی دارایی و ئابوری عێراق رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، ئەو پارانەی لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین رادەکێشرێن پارەی دانراوی هاوڵاتیان و باڵانسی بیمەی بانکەکان نییە، بەڵکو حساباتی سەرەوەرت وەزارەتی داراییە و لەو بانکانەدا دانراوە و بەپێی رێنماییە دارایی و کارگێڕییەکان لەچوارچێوەی بودجەی گشتیدا تەرخان دەکرێتەوە.
دەشڵێت: بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید نەختینەیی بەرز و یەدەگی نەختینەیی دەپارێزن و لەو ڕێژانە زیاترە کە بانکی ناوەندی دیاریی کردوە، هەروەها بە بەردەوامی ئەرکەکانیان لە خەرجکردنی موچە و داراییکردنی پڕۆژەکان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن.
وەزارەتەکە دەشڵێت: یەدەگی یاسایی بانکی ڕافیدەین لە بانکی ناوەندی لە ئێستادا نزیکەی نۆ ترلیۆن دیناری عێراقییە، ئەمەش گوزارشتە لە بەهێزی پێگەی دارایی بانکی ڕافیدەین.
ئاماژەی بەوەشکردوە، شەفافیەت لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەجۆرێکە بوەتەهۆی بەرزکردنەوەی متمانەی هاوڵاتییان بە ئابوری وڵاتەکەیان و وەبەرههێنانی جیهانی بۆخۆی راکێشاوە و هەلی کاری رەخساندوە.
یاسر حوسەینى جێگرى سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى و بازرگانى لە پەرلەمانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوەکرد، بەڕێوەبەرانى بانکەکانى رەشید و رافیدەین لیژنەى داراییان ئاگادارکردووەتەوە کە حکومەت سەرجەم پارەى بانکەکانى راکێشاوە، لەکاتێکدا پارەى ئەو بانکانە پارەى باج نییە بەڵکو پارەى هاوڵاتییانە.
