بارزانی: هەوڵەکانی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتی جێگەی پێزانینێکی زۆرە

14 كاتژمێر لەمەوپێش



بارزانی ڕایدەگەیەنێت بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەری پێگەیشتووە و هەوڵەکانی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا جێگەی پێزانینێکی زۆرە.

شەممە 3ـی ئایاری 2025، مەسعود بارزانی، بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی، پەیامێکی سەرەخۆشیی بڵاو کردەوە.

لە پەیامەکەی بارزانیدا هاتووە، بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی و سیاسەتمەداری تورکیا و هاوسەرۆکی پێشووی دەم پارتی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (سری سورەیا ئۆندەر)ـم پێ گەییشت.

بارزانی دەڵێت: خوا لێخۆشبوو سری سورەیا ئۆندەر، کە ئەندامی شاندی ئیمراڵیش بوو، بەشی زۆری ژیانی خۆی بۆ خەباتی سیاسی و ئاشتییانە تەرخان کرد و هەوڵەکانی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا جێگەی پێزانینێکی زۆرە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە، کەسوکار، دۆست، هەڤاڵ و هاوفکرانی خوالێخۆشبوو سری سورەیا ئۆندەر و سەرکردایەتی، ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.

هەروەها وتیشی: لە خوای گەورە داواکارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە گشت لایەک ببەخشێت.

شه‌ممه‌، 3ـی ئایاری 2025، سری سوره‌یا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵییشە، دوای 18 ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

سری سوره‌یا ئۆنده‌ر، لە ساڵی 1962 لە پارێزگەی سەمسووری باکووری کوردستان لەدایک بووە؛ لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئەنقەرە خوێندووە و تاوەکوو قۆناغی دوو بەردەوام بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار