بریا د. فوئاد مەعسووم بیرەوەریەكانی بڵاونەكردایەتەوە
.jpg)
مامۆستا جەعفەر
دوێنێ
مامۆستا جەعفەر
(٢)
بیرۆكەی دامەزراندنی یەكێتی
مام جەلال تا رۆژی 06.03.1975 لە مەكتەبی بەیرووتی پارتی دیموكراتی كوردستان كاری كردووە. عەزیزی شێخ رەزا بەرپرسی ئەو مەكتەبە بووە. ئازاد خۆشناو (كوڕی شەهید مستەفا خۆشناو) بە سەردان لای مام جەلال دەبێت.
ئەو رۆژە ئەمریكیەكان لە رێگەی مەكتەبی بەیرووتەوە، نامەیەكیان بۆ مەلا مستەفای بارزانی سەرۆكی پ.د.ك. ناردووە. داوایان كردووە: بە زووترین كات ئەو نامەیە بگاتە دەست سەرۆك. ئەوان (مەكتەبی بەیرووت) لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە ڤیزای ئێران بەو پەلە پەلە وەربگرن، داوایان لە كاك ئازاد كردووە ئەو نووسراوە بگەێنێت. ئەو لە ماوەی 24 سەعاتدا دەگاتە ورمێ. لەوێشەوە بۆ لای سەركردایەتی پارتی دەچێت .
كاك ئازاد تا رۆژی 27.03.1975 لە كوردسان دەمێنێتەوە. ئەو كاتە د.فوئاد لە مەكتەبی قاهیرەی پارتی كاردەكات. كاتێك گوێی لە رێككەوتنامەی جەزایر دەبێت، نازانێت چی روویداوە و چارەنووسی شۆڕش چی دەبێت؟ دیارە لە رێگەی شێخ عەزیزەوە دەزانێت، ئازاد خۆشناو گەڕاوەتەوە و دوا دەنگوباسی وڵاتی پێیە. كۆتایی مانگی ئادار دەگاتە بەیرووت و لە گەڵ شێخ عەزیز و كاك ئازاد دا كۆدەبێتەوە. لەوە دەچێت هەر لەوێ، چاوی بە مام جەلالیش كەوتبێت .
دوو هەفتە پێشتر، مام جەلال لە رێگای ئاژانسەكانی هەواڵەوە، دزە بە هەواڵێك بۆ رادیۆ جیهانییە گرنگەكان دەكات ، گوایە: ” گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و درێژە بە خەباتی چەكدار دەدات” سەرەتا مام جەلال پێیباشدەبێت: سەرۆك بارزانی لە رابەرایەتی پارتی و شۆڕش بەردەوام بێت. پارتی دیموكراتی كوردستان - سەركردایەتی كاتی دروست بكرێت. سەرۆك بارزانی وڵامێكی هاندەری بۆ نانێرێتەوە. مام جەلال وتویەتی: من دەستم بە ئاگری شەڕی براكوژی سووتاوە. جارێكی تر بەبێ لێكتێگەیشتن لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا، چەك ناكەمە شانم.
هەر لەو رۆژانەدا حیلمی عەلی شەریف؛ ئەندامی پێشووتری پ.د.ك. بۆ چارەسەری نەخۆشی لە بەیرووت دەبێت. مام جەلال، حیلمی عەلی شەریف و ئازاد چەندین جار پێكەوە كۆبوونەوەی سێقۆڵی دەكەن. حیلمی عەلی شەریف و ئازاد لەسەر ئەوە سوور دەبن: رێكخراوێكی نۆی دروست بكرێت.
مام جەلال لە ئازاد دەپرسێت: من دوو جار لە قاهیرە فوئاد مەعسوومم دیوە ، پێتچۆنە قسەی لەگەڵ دا بكەین؟
مام جەلال لە ریستۆرانی (رەوشە) دەعوەتی فوئاد مەعسووم و كاك ئازاد دەكات. باسی پڕۆژەی دامەزراندنی هێزێكی سیاسی كوردستانی نوێی بۆ دەكات. ئەو رەزامەندی دەرنابڕێت، دەڵێت: ماوەیەكم دەوێت، بەوردی بیری لێ بكەمەوە !
كتێبی بیرەوەریەكان، بە پێچوپەنا و لاونیویش ئاماژە بۆ رۆڵی ئازاد خۆشناو ناكات. رەوانشاد عادل مراد و سیامەند سەمەد مەنجەڵ لەسەر ئەوە كۆكن، كە ئازاد یەكێك لە چالاكترین كەسایەتیە سیاسیەكانی ئەو قۆناخە بووە. رۆژی 17/04/1975 مام جەلال سەردانی عەقید موعەمەر قەزافی دەكات، كاك ئازاد لەگەڵ خۆی بۆ لیبیا دەبات. سەفەرەكە دووقۆڵی بووە. لەوێ قەزافی بڕیار دەدات: مانگی سەدو پەنجا هەزار دۆلاری ئەمریكی یارمەتی بە یەكێتی بدات....
بیرەوەریەكانی د.فوئاد لەسەر ئەم قۆناخە ل159-169 ب1 یەكەم بینینی مام جەلال 30/03/1975 تا رۆژی 17/12/1975 واتە: كەمتر لە دە لاپەڕە بۆ ئەم مژارە تەرخان كراوە: داڕشتنەكەی د. فوئاد زۆر لاواز و شپرزەیە؛ چەند رستەیەكی گشتی رۆتینیە، وێنەیەكی خۆی و د.كەمال فوئاد و دوو لاپەڕەی بەتاڵ.
مام جەلال چەند جارێك پەیوەندی بە د. كەمال فوئاد و كاك نەوشیروانەوە دەكات. سەرەتا د.كەمال بەرچاوی روون نابێت. كاك نەوشیروان تا كۆتایی نۆڤەمبەری 1975 لە كەناری رووباری دۆناو بووە. یەكەم: كێشەی پاسپۆرتی هەبووە. دووەم: لەو هەلومەرجەدا حەماسی گەڕانەوەی نەبووە. كۆتایی نۆڤەمبەر 1975 مام جەلال، داوا لە كاك ئازاد دەكات سەفەری شاری ڤییەنا بكات. ئازاد دە رۆژ لای نەوشیروان دەمێنێتەوە تا رۆژی 09/12/1975 هەردووكیان پێكەوە بۆ دیمەشق دەگڕێنەوە .
هەمان رۆژ 09/12/1975 كۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی دەكرێت. بە گوێرەی نامەیەكی رەوانشاد عادل موراد، كە لە رۆژی 20/06/1975 نووسراوە، ئازاد خۆشناو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی بووە. بەشداری كۆبوونەوەكان كردووە. لەوێ ئازاد خۆی بە نوێنەری كۆمەڵە داناوە. چونكە لە زۆربەی بەیان و بڵاونەكراوەكانی یەكێتی دا: جەخت لەسەر ئەوە كراوە یەكێتی سێ باڵە، كەچی لە كۆبوونەوەی رۆژی 09/12/1975 سووربوون لەسەر ئەوە كراوە: دەستەی دامەزرێنەر، هەر ئەندامێك نوێنەری خۆیەتی. لە شاخ پاش 20/07/1977 ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی نوێنەری كۆمەڵە و بزوتنەوە و هێڵی گشتی بوون. كاك ئازاد لەو چركیەوە بەشداری لە كۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەر ناكات، بەڵام وەكو كادرێكی كۆمەڵە و یەكێتی ماوەتەوە .
د. فوئاد ناوی كاك ئازادی لای خۆی سڕیوەتەوە. كەسێك بیرەوەری دەنووسێتەوە، دەبێ ئەوپەڕی بابەتیانە بیربكاتەوە و ئەوپەڕی راستگۆ بێت .
ئەم تێكستەی سەرەوە قسەی كاك ئازادی شەهید مستەفا خۆشناوە. لە دەیان كۆڕ و كۆبوونەوە باسی كردووە. من سەرەتای مانگی نیسانی 2025 سەرلەنوێ بە تلیفۆن، پاژێك لە بیرەوەریەكانی د. فوئاد مەعسوومم بۆ خوێندەوە. ئەویش بەم كۆمێنتە كورتە وڵامی دایەوە. خوێنەری ئازیزیش دەتوانێت گێڕانەوەی هەردوولا بەراورد بكات .
