ئەوکاتەی بەشداری نەکردن دەبێتە کردەیەکی شۆڕشگێرانە..
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەوکاتەی بەشداری نەکردن دەبێتە کردەیەکی شۆڕشگێرانە؛
لە پەراوێز نە، لە چەقی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵات و ئێراندا
کاوە دەستوورە
ئەمڕۆ گەورەترین مەترسیی کە لەبەردەم ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبێت، مەترسی هاتنی کوڕی شای پێشووە. لەسەر دەستی ئەو و لایەنگرانی، گەشەسەندنی نیشتیمانپەروەریەکی فارسییە لەژێر ناوی ئێرانیدا لە ئارادایە کە هێماکانی مەترسیدار دەردەکەوون لەم ساتەوەختەدا. ئەم نووسینە، بەخێرایی هەوڵ دەدات پیشان بدات کە ئەم هەست بەمەترسیکردنە موبالەغە و زێدەڕۆیی نییە. پاڵپشت بەو بەڵگانەی کە دەخرێنە ڕوو هەوڵیش دەدرێت ڕێگاچارەیەک پێشنیار بدرێت، هەرچەند دەبوایە ئەم پرسە زووتر بهاتایەتە ناو ڕای گشتی و لە بازنەی گفتوگۆی هاوڕێیانەدا نەمایە.
بۆچی کوڕی شای پێشووی ئێران بەو بزووتنەوەیش کە نوێنەرایەتی دەکات مەترسییە بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین؟
یەکەم هۆکار و گەورەترین هۆکار بۆ من بۆ جۆری ئەو نیشتیمانپەروەرییە دەگەرێتەوە کە لایەنگرانی لە ئێستادا دەیڵێنەوە، و لەڕاستیدا زۆر سەرترە تەنانەت لەو چەواشەکاریانەی کە پێیانەوە دەردەکەوێت. نیشتیمانپەروەری فارسی ئەمان لە شکڵ و بەناو پاراستنی ئێران، لە دەور و لەسەر ئەساسی ڕەگەزپەرستییەک دەسووڕێتەوە کە ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە. ئەم ڕەگەزپەرستییە بەچاوی سووک سەیری هەر نەتەوەیەک دەکات کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بوونی هەیە؛ ڕەگەز بە توخمی سەرەکی شوناسیان دەژمێرن.
مێژووی ئەفسانەیی و خەیاڵی بۆ سەردەستی و سەربەرزی خۆیان دەهۆننەوە؛ لە پشت شتەکانەوە خەونی ئاریایی و ئاریابوون دەچڕن و ئەگەر لایەنگرە ئاسایی و نوخبەکانیشیان شەرم نەیانگرێت، هەموویان نزیکایەتیشیان لەگەڵ نازیسم ناشارنەوە. نیشتیمانپەروەری ئەمان ئیتر لە فۆرمی ئایینێکدا خۆی دەبینێتەوە کە دەتوانین ناوی ئایینی سەردەمی ئێرانی لێ بنێین. مەترسییەکە ڕێک لێرەدایە؛ لەدوای سەرهەڵدانی نیشتیمانپەروەری فارسی لە فۆرمە ساواکەی لەسەردەمی ڕەزاشا و موحەمەد ڕەزای کوڕی، لە لایەک چەپی ئێرانی وەک ئایینێک خۆی لەبەرانبەر ئەم ئایینە ساوای باوک و کوڕدا بینییەوە، لە لایەکی دیکەش ئیسلامی سیاسی مۆدێرن، کە لە کۆتاییدا کۆماری ئیسلامی لێ دروست بوو. ئێستا دوای نیو سەدە لەو ململانێیەدا، چەپی ئێرانی زۆر زۆر لاواز بووە، ئەگەر نەڵێین کە نەماوە.
ئیسلامی سیاسیش لە ئێران بە گشتی چووەتە ژێر پرسیارەوە. ئەم دوو گووتارە لاوازە مەودایان بۆ ئایینێکی دیکە چۆڵ کردووە کە نیشتیمانپەروەری تازەی فارسییە بەناو ئێرانیبوون؛ تاکی ئەمڕۆی فارسی بە ئایینێکی سەردەم خۆیان گەورە کراوە، شاسالاری ئێرانی. ئەم ئایینە تازە، ئایینی یەک دەیەی ڕابردووی ئێران، و چەند دەیەی داهاتوویشە، تەنانەت ئەگەر کوڕی شا و نوێنەرەکانیشیان نەچنە دەسەڵاتەوە. ئێرانی ئێستا ئیتر خەریکە لەدەور ئەم ئایینە تازەیەوە خۆی ڕێک دەخاتەوە؛ نیشتیمانپەروەری ڕەگەزپەرستانە.
هۆکاری دووەمی مەترسیداربوونی ئەم گووتارە سیاسییە لای من بۆ ئەو مۆدێلە دەگەرێتەوە کە کوڕی شا و دەوروبەرەکانی لە خەیاڵیاندایە. لەسەر بنەمای ئەو نۆستالێژیایەی کە بۆ سەردەمی پێشوو هەیانە، خەونی شاخوازی هاوچەرخ گەڕانەوەیە بۆ ئەزموونی پێشوو. ئەم سەلەفیەتە نیشتیمانپەروەرییە ئێرانییە بریتییە لە چی؟ وەهمی گەورەبوونی ئێران لەبەرانبەر شارستانیەتە گەورەکانی جیهان ناخ و ناوکی ئەو تێگەیشتنەیە کە ئەمڕۆ لە نیشتیمانپەروەری کوڕی شادا دەیبینین. ئەم حەکایەتە پێی وایە کە شارستانیەتی سەردەمی شا لە ئاست شارستانیەتە گەورەکانی جیهاندایە؛ بۆیە هیچ خۆی بە هاوشانی فەرانسی، ژاپۆنی، ئەڵمانی و ئەمریکی دەزانێت، بەڵکوو هێرشبەرانە، خەونی زاڵبوونە بەسەر تورک و عەرەبدا.
لەم نێوەندا کورد یا هەر بوونی نییە بۆ ئەوان، یان ئەگەریش بوونی هەبێت تەنها لەوکاتەدایە کە بتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت وەک خزمەتکاری ئەو ئیمپراتورەی کە ئەوان لە خەیاڵیاندایە. ئەم وێنەیە بۆ کوردی پارچەکانی دەرەوەی ئێرانیشە. لەم گووتارە سیاسییەدا، ئەزموونی ناسەرکەووتووی کۆماری ئیسلامی هەمووکات بەکارهێنراوە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە تاکە ڕێگای بەختەوەری و گەورەیی "ئێران" بریتییە لە "گەڕانەوە بۆ گەورەیی شاهەنشایی". ئەم جۆرە تێگەیشتنە، هیچ ئاماژەیەکی بەخۆداچوونەوە یان دەرسوەرگرتنی تێدا نییە بەنسبەت ڕابردووەوە. گەلانی ئێران هەڵەیان کرد کە دەستیان بۆ شۆڕش برد لە ١٩٧٩دا. "ئێستا ئەزموونی کۆماری ئیسلامی بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە بگەڕێینەوە بۆ ئەو کاتە، بەوجۆرەی کە هەبووە".
هۆکاری سێیەم بۆ ئەو گرفتە دەگەرێتەوە کە هەر نووسەرێکی مۆدێرنی وەک من دەتوانێت لەگەڵ ئایدیای پاشایەتی هەیبێت. پاشایەتی لە بنەمادا و بە تێگەیشتنی هەموو فەلسەفەیەکی سیاسی مۆدێرن هەر هەڵەیە چوونکا لەسەر بنەمای نا-شایستەیی و تەنها لەسەر بنەمای ڕەگەز کەسێک دەبێتە خاوەن بڕیار. بەڵام ئەمە هۆکاری سەرەکی نییە لای من. کەسێک هەر لەگەڵ ئایدیای پاشایەتیشدا کێشەی نەبێت ناتوانێت ئەو خاڵانەی سەرەوە لەبەرچاو نەگرێت.
بۆیە لەم ساتە مەترسیدارەدا، و لەسەر بنەمای ئەو خاڵانەی سەرەوە، ئیتر پرس، پرسی شیکاری نییە. پرسی ئەرکی شۆڕشگێڕانەیە لەبەرانبەر ئایینێکی مەترسیداردا. لەم ساتەوەختەدا ئەرکی شۆڕشگێڕ بریتییە لە بەشداری نەکردن لەو کردانەی کە ئاسانکاری دەکات بۆ گەشەسەندنی ئەم جۆرە نیشتیمانپەروەرییە لە ئێراندا. وەک لە فەلسەفەی سیاسیدا دەووترێت، بەشدارینەکردن بۆ خۆی هەر کردەیەکە. کەواتە، بەشداری نەکردن لەو بزاوتەی کە لە ئێران لە دروستبووندایە لانیکەمی کردەیەکی شۆڕشگێڕانەیە کە لە ئێستادا لێمان دەخوازێت. ئەگەر کەسێک چالاکانە دژی ئەم سیاسەتانەیش بوەستێتەوە ئەوا خۆ کردەیەکی سەرتر لە بەشدارینەکردنی پەیڕەو کردووە. بەڵام لەم ساتەدا، دەبێت گوومان بخرێتە سەر ئەو ئارگیۆمێنتانەی کە پێیان وایە چوونکا و تەنها لەبەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی رژێمێکی خراپە، ئیتر دەبێت مل بە هەموو شتێک بدەین؛ وەک دەڵێن "هەرچی هەیە با بڕوات". ئەی ئەگەر "هەرچی" لە پێشوو خراپتر بوو چی بڵێین؟ دیارە شۆڕشگێڕی ئێستای ڕۆژهەڵات بە جیددی خۆی لە قەرەی ئەم پرسیارە نەداوە، چوونکا تەنها خەونی "لابردنە"، ئەویش بە هەر بەهایەک بێت. لەم ناوەدا شۆڕشگێڕی ئێستای ڕۆژهەڵات خەریکە لەبیری دەچێت کە بەم جۆرە ئارگیۆمێنتانە چ ئاسانکارییەک دەکات بۆ مەترسییەک کە دەتوانێت لەوەی ئێستا مەزنتر بێت. کەوایە، هەتا سەرهەڵدانی سەرەتاکانی گووتارێکی ڕاشکاوانەی جەماوەری یەکسانخوازانە لەلایەک پەیدا نەبێت، چوونە هەرجۆر یارییەکەوە دۆڕانێکی دووبارەیە. کشانەوە لە ڕووداوەکانی ئێستای ئێران، لانیکەمی ئەرکێکی شۆڕشگێڕانەیە و هیچیتر.
گرفت لەوەدایە کە شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات خۆی لەناو یارییەکی دووجەمسەریدا دەبینێت کە لایەکی کۆماری ئیسلامییە و لایەکیشی نەیارانی کۆماری ئیسلامین، کە کوردیش بە هەموو جیاوازییەکانییەوە بەشێکە لێی. بەڵام، لە ڕاستیدا کورد لەناو یارییەکی دووجەمسەریدا نییە. کورد لەناو یارییەکی سێ جەمسەریدایە کە ئەگەر جەمسەرێکی کۆماری ئیسلامی بێت، جەمسەرێکی دیکەی کوڕی شا و لایەنگرانین. کوردیش لە جەمسەرێکی دیکەدایە کە جودایە لە هەردووکیان. لەم نێوەندەدا یارمەتیدانی هەرلایەک، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، کردەیەکە کە هەر ئەو لایەنە زاڵ دەکاتەوە بەسەر خودی کورددا لە داهاتوو، چوونکا ئێستا تەنها کوردە کە دەتوانێت هاوکێشەکان بگۆڕێت. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە، ئەڵبەتە ئەگەر زۆر درەنگیش نەبووبێت، کە تێبگەین هەر کردەیەک لەم ساتەدا دەتوانێت مەترسییەک بێت کە خۆمان بۆ خۆمانی دروست دەکەین وەک دەوترێت بەدەستی خۆمان چاڵی خۆمان دەکەنین. ئەگەر لەم ساتانەدا، کوردی ڕۆژئاوا لە حەلەب و ناوچەکانی دیکە دەبنە قوربانی رژێمە تازەکەی سوریا، بەڵام خراپتر لە ڕژێمی پێشوویش؛ ئایا ئیمکانی نییە هەمان ئەزموون لە ڕۆژهەڵاتیش هەبێت و ئایینە تازەکە مەترسیدارتر بێت لە ئایینە کۆنەکە؟
گاڵتەجاری ئەم مێژووە لەوەدایە کە کورد ئەگەر سەرەتا هاوپەیمانی گووتاری کۆماری ئیسلامیش نەبووبێت دژی گووتاری شاخوازی؛ ئەوا خۆ کردەکانی رێخۆشکەر بوون بۆ ئەو ئامانجە. ئێستا خەریکە مێژوو خۆی دووپات دەکاتەوە و کورد دەبێتەوە بە هاوپەیمان لەگەڵ نەیاری کۆنی، بەڵام ئەمجارە دژی هەر ئەم هاوپەیمانە ڕابردووە. بۆیە، ئارەزوومەندم ڕۆژێک نەبینم کە لە داهاتوویەکدا شۆڕشگێڕی کورد دووبارە خۆی لە دووڕێیانی ئەو پرسیارەدا ببینێتەوە کە ئایا هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی باشترە و پێوویستتر دەنوێنێت، چوونکا لابردنی شاخوازەکان بەهەر بەهایەک بێت پێوویست دەنوێنیێت!
بۆیە هەتاکوو ئەوکاتەی کە کورد و زاگرۆسییەکان دەتوانن ئەکتەری چالاکی گۆرانکارییەکان بن و نەخشەی سیاسی ئێرانی داهاتوو بەدەست خۆیان بنووسنەوە، هەر کردەیەکی لەم چەشنەی دوو حەفتەی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵات ئاوێکە دەڕژێتە ڕووباری پڕجۆش و خرۆشی شاهەنشاهی، و پێدەچێت بمانخاتەوە ئەو دۆخەی کە پێشتر دەووترا "ئینقیلاب بەسەرماندا ڕووخا". ئەوەی کە چۆن کورد دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە داهاتووی ئێراندا، بابەتێکی دیکەیە و پێوویست بە نووسینێکی دیکە دەکات. بەڵام هەتا ئەو کاتە، پێوویستە تاکی کورد لە خۆی بپرسێت ئایا "لە ئێستادا ئەو شتەی دەیکەم بۆ خوم و داهاتووی خۆمە، یان دەچێتە گیرفان کەسێکی دیکەوە؟". پرسیارە ڕەوشتییەکە لێرەدایە.
