وتم هەر دەمانفرۆشن بە پارەیەکی باش بمان فرۆشن!
(3).jpeg)
زانا توفیق بەگ
دوێنێ
زانا توفیق بەگ
ناونیشانی ئەم بابەتەم لە چاوپێکەوتنێکی برای بەڕیزم کاک (عبدالرزاق شەریف)وەرگرتووە، لەگەڵ میدکار(سعدون یونس) لەسەر توڕەکانی سۆشیاڵ میدیا. ناوەرۆکی کێشەکە بۆمن وەکو بابەتێکی حیزبی کە لە نێوان کاک عبدالرزاق شەرف و گوڕاندایە گرنگ نیە، چونکە ئەم کێشەیە بابەتیەکی تایبەتی بزوتنەوەکە و کاک عبدالرزاق شەریف خۆیەتی، کە دوورە لە بیروبۆچوونی سیاسی منەوە. بەڵام ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام بۆ نووسینی وتارەکەم شێوازی ئەو جەدەلو ئارگیومێنتانەی بوو کە لەناو سەرکردایەتی گۆڕاندا لە بەرامبەر کاک عبدالرزاق شەریف کراوە. بەتایبەتی لەسەر بابەتی بەشداریکردنی گۆڕان لەگەڵ حیزبی دەسەڵاتدا و نزیکبوونەوەی بەشێکی زۆری سەرکردایەتی بزوتنەوەکە لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی تردا. هاوکات دەرکردنی کاک (عبدالرزاق شەریف) بە بەیانێکی سادە و هەناسەکی ساردەوە بێ گوێدانە پرەنسیپە حیزبیەکان و مێژووی کارکردنی لە رێزەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا .
بابەتەکە و کێشەکە لە ڕاستیدا دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە بە چ شێوازێكی نا ئەخلاقی، مامەڵە و سەودای کڕین و فرۆشتنی سەرکردایەتی بزوتنەوەکە بە دەنگو ڕەنگی کادرە سیاسیەکانیانەوە کراوە بەبێ ئاگاداری خۆیان. کە دەکرێت ئەم شێوازە لە سەر هەموو کەسێکی حیزبی لە ژیانی سیاسی کوردستاندا دووبارە و سەد بارە ببێتەوە، بەڵام بە میتۆدی جیاواز و ڕەنگ و شێوە و نەخشە و پیلانی جیاوازتر .
بەشێکی زۆری هێز و گروپە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، هەڵگری هەمان خەسڵەت و سیما و شێواز و بیرکردنەوەی تاك لایەنن لە بڕیاردا بەتایبەتی لە بەرامبەر دەنگی ئازاد و بیرکردنەوە و تێروانینی جیاوازدا. بێگومان هەوڵێستی جیاواز باجی قورسە. چونکە ئێمە لە کوردستاندا گەشەی فکریمان وەستاوە و سەرقاڵین بە ستایش و پێداهەڵدانی دروستکردنی چیرۆکی ناڕاستەوە بۆ سەرۆکی خێڵ و بەرپرس و بتە سیاسیەکانی ناو مێژووی گەلی کوردەوە.
ئەم دەردەکوشندەیە لەناو عەقڵێتی بەشێکی زۆری سەرکردایەتی حیزبە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە و لە ژێر دروشمی (یان لەگەڵمی یان دوژمنمی) کاردەکات. ئەمە ئەو ڕیتمەیە کە حیزبی سیاسی کوردی وەکو میکانزمی کاری سیاسی لە کوردستان پراکتیزەی دەکات و باشترین پێوەری هەڵسەگاندنی خەبات و توانای سیاسی کادرەکان، نزیکبوونەوەیە لە بازنەی دەسەڵاتی پاشا، کێ زیرەكە و توانای ڕازیکردنی هەرەمی دەسەڵاتی هەبێت، ئەوە دەبرێتە سەرەوەی دێوەخانەکە، ئەمە ئەو ماکەیە کە ئێستای دنیای سیاسی و حیزبی کوردی گیرۆدەیەتی .
پێویستە بۆ ئاشنابوون و بینینی جیاوازیەکانی ناو کایەی سیاسەت، بەراوردێکی سەرپێانەی دنیای سیاسیی کوردی و وڵاتانی ئەوروپا بکەین لەسەر نوڕم و شێواز و میکانیزمی کارکردنی سیاسەت لە هەردوو فەزای جیاوازیی شەرق و غەربدا.
جیاوازیی حیزبایەتی و سیاسەتکردن لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی پێشکەوتوودا ئەوەیە، لە کوردستاندا سیاسەت بۆ بەڕەمزیکردنی سەرۆک و بەرپرس و سەرۆکی خێڵ دەکرێت، بەڵام لە لای ئەوروپیەکان سیاسەت بۆ دەوڵەت و خزمەت و چاکەی گشتی دەکرێت. لە کوردستان هەڵبژاردن بۆ لاقەکردنی دیموکراسی و پڕکردنی کیسەی ناو باخەڵی هەندێ ئەندام پەرلەمان و بازرگانی سیاسی دەکرێت، بەڵام لە رۆژئاوا بۆ خزمەتی نیشتمان و خاك و ئەخلاق و مرۆڤدۆستی دەکرێت.
لە کوردستاندا ئەو فیگەرە سیاسییەی کە خاوەنی دیدیگای تایبەتی و کەرامەتی بەرزی شوڕشگێری خۆیەتی، دەبێتە نێچیری دەزگا هەواڵگرییەکان و دەرپەڕاندنیان لەناو دامودەزگا حیزبیەکان و هەوڵی تیرۆرکردنی کەسایەتی سیاسی و مێژوویان دەدرێت. بەڵام لە رۆژئاوا فۆڕمی سیاسی حیزبی هاوڵاتی بونیاد دەنێت و دروستکەری کادری خاوەن سەلیقە و ئاکاری سیاسی و نمونەی بەرزی بەڕێوەبردنی وڵاتە. لە کۆتایی وتارەکەمدا دەمەوێت بڵێم؛ ئەو گرفتانەی باسمکردن سەرچاوەی ئەو قەیرانە کوشندەیەن کە لە ئێستادا دەسەڵات و دنیای سیاسیی کوردی تێکەوتووە و بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.
