سورەیای کورددۆست؛ ئەستێرە کشاوەکەی رێی ئاشتی

سالار مەحموود

13 كاتژمێر لەمەوپێش



سالار مەحموود

هەر بە راست کورد گەلێکی بێ شانسە، وا بەو تەونە دەورە دراوە بە دەوڵەتانی دژە مافی کورد و نەتەوە سەردەستەکان.

لە ناو کابوسی ئەم جوگرافیا ئاڵۆزە خنکێنەرەدا، کورد دەنگێکی ساز و پڕ سەدای ئازادی و ژیانە. ئەی چما بۆچی گوێ رادێران هێشتا کەم کەمن. لە ناو ئەو بێ شومارەی ملیۆنانی ئەواندا بۆچی دۆستەکانی لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەڕ نابن. مەعلومە خەمی ئەم کوردە لە رووباری نیل درێژترە. بۆیە هیوای ئەم گەلە بە ئەستانەی ئەو رێگایە پشوو درێژترە.

سڕی سورەیا ئۆندەر لە ناو دڕکەڵانی دۆخ و رقئەستوری ئەواندا، گوڵێکی پشکوتوو، رێبوارێکی خۆبەخشی رێی خەبات بوو. لەژێرباری ژانی کورددا، ئەو ئۆخژنێکی کەڵەگەت بوو. لەناو ئەم کەتواری کورد و ئەم قافڵە تولانیەیدا، ئەو چرا بەدەستێکی بێ ریای رێی ئازادی بوو.

ئەویش وەک کڵاوەکەی جەواهیری خەمی کوردستانی لەسەرا بوو. خەمی ئاشتی گەلانی کردبوە توێشووی ژیانی. لە دوای ساڵانێکی زۆر لە زوڵمەت و خامۆشکردن، شنەبای ئاشتی جارێکی تر نوزەی چارەسەریی سەری دەرکردەوە. کاروان کەوتە رێ، بەهیواوە ئۆندەر و هاوڕێکانی لە هەموو دەرگا کڵۆم و کراوەکانیاندا بەخۆیان و پەیامی ئاشتیانەوە. ئەفسوس لە نیوەی رێدا کتومت وەک شانسی ناکامی کورد. چاوە پڕ حەسرەتەکانی لێکنا و نەگەیشتە ئاوات و ئەویش بەجێی هێشتین.

ئەو ئۆغری کرد. بەڵام حەتمیەتی زەمانە، ئەم کاروانی بێ کۆتاییە هەر دەبێ بگاتە مەنزڵ. سورەیا خامۆش بوو، بەڵام چراکەی دەستی وەک رێی کاکێشان پڕ نوور و هەسارەیە و هەر دەگاتە جێ.

جا ئەو دەمە دۆستەکانی کورد، سڕی سورەیا ئۆندەر و بێشکچی و جەنگیز چاندار و جەواهیری، لەناو لاپەڕە درەوشاوەکانی مێژووماندا بە حەفی گەورە ناویان تۆماربووە و تاجی سەری پەیامە گەورەکەی مرۆڤایەتی و ئاشتی گەلان و دۆزی کورد و کوردستانەکەمانن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار