بریا د. فوئاد مەعسووم بیرەوەرییەكانی بڵاونەكردایەتەوە

مامۆستا جەعفەر

13 كاتژمێر لەمەوپێش



مامۆستا جەعفەر

(٣)

هەڵوێست و گفتوگۆی یەكێتی و ڕژێم

لە كتێبی بیرەوەریەكانی بەڕێز د.فوئاد مەعسووم دا، لاپەڕەیەكی زۆر دژی (گفتۆگۆی شۆڕش و میری)* رەشكراوەتەوە. رۆژی 05/12/1983 ئەو لە پاریس دەبێت و دەنووسێت (ئیمشەو عومەر شێخمووس تەلەفۆنی بۆ كردم، كە گفتوگۆ لە نێوان  یەكێتی و میری هەیە، دەڵێن؛ مام جەلال خۆی لەگەڵ وەفدەكەیە، رەنگە سێ لە ئەندامانی وەفد بێنە پاریس بۆ دیتنمان، دەبێ  رۆژی شەممە یان یەكشەممە 10/01/1984 لە پاریس بین.) ل635ب1 رۆژی 06/12/1983 د. فوئاد بەگوێرەی بیرەوەریەكانی بێت ، لە ماوەی بیست و چوار سەعاتدا خۆی گەیاندۆتە دیمەشق ل636ب 1  لە هەمان لاپەڕەدا دەردەكەوێت كۆبوونەوەی پاریس رۆژی 10/12/1983 بووە، نەك  10/01/1984ئیدی ئەمە روونە هەڵەی تایپە.

د. فوئاد دەنووسێت (من نامەیەكی دوورودرێژم بۆ مام  جەلال نارد، كە پووختەكەی ئەمە بوو ”ئەگەرچی لە بارودۆخێكی زۆر ناخۆشدا دەژین، بەڵام خۆبەستنەوە بە حیزبی بەعس ئەنچامەكەی هەر تێكشكان دەبێ”) ل644ب1 ئەگەر كەسێك ئەوەندە دڵنیا بووبێت: چۆن بە دەقیقە و سەعات، هەڵوێستگۆڕكێی لە ئەمسەر بۆ ئەوسەر كردووە: لە دژەوە بۆ ئاڵاهەڵگری مفاوەزات: لە كۆنترا Contra   بۆ Pro بەگوێرەی چەمكی لاتینی؟

لە شامی شەریفیش، چاوی بە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی كەوتووە. بە ئەوپەڕی حەماسەوە، ئاڵای دژایەتی هەر جۆرە رێككەوتنێكی لەگەڵ رژێمی سەدام دا بەرز كردۆتەوە.

پاش كۆبوونەوەی پاریس 10/12/1983 لە سەر لاپەڕەی ژاكاوی بیرەوەریەكاندا، بە زەقی، ناڕوونی و شڵەژان هەیە: ئەو لەپڕ 05/01/1984 لە فڕۆكەخانەی بەغدا دەنیشێتەوە و پێشوازی لێدكرێت. ئەم جێگۆڕكیە لە بەرەی دژایەتی گفتوگۆوە بۆ بەرەی  لایەنگرانی گفتوگۆ، تەنیا  سێ هەفتە دەخاێنێت.

هەر ئەو كاتە سەردانی ( عبداللە الاحمر - نائب الأمين العام المساعد للقيادة القومية لحزب البعث – السوري/ جێگری یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی فەرماندەی نیشتیمانیی حزبی بەعسی- سوری) دەكات. دەڵێت: من پاسپۆرتی سوریم هەیە و دەمەوێت بۆ لەندەن بڕۆم.  عبداللة الاحمر یەكسەر، بە جوانی لە فیكەی د. فوئاد تێدەگات. دەڵێت: ئەگەر بۆ عێراق گەڕایتەوە، زەحمەتی نەبێت پاسپۆرتەكەمان بۆ بنێرەوە. ل645 ب1 دیارە  سەرۆك كۆماری سوریا (حافظ الأسد)، لە بەلاش (عبدالله الأحمر) سەرناسی بە جێگری خۆی دانەناوە. بە سەیركردنێ دەموچاوی، ناو دڵی خوێندۆتەوە !

د. فوئاد لەگەڵ زۆربەی هەڤاڵەكانی یەكێتی و ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە شام، وەكو توندترین بەرهەڵستكاری گفتوگۆی یەكێتی و حكوومەتی بەغدا، خۆی دەرخستووە. بەهاندان و دەستپێشخەری ئەو، لە  شاری فرانكفۆرت (ئەڵمانیا) بەپەلە كۆبوونەوەیەك، گوایە: بۆ تێكدانی (گفتوگۆی شۆڕش و میری) رێكخستووە. لە دیمەشقەوە خۆی و ئازاد خۆشناو، عەبدولرەزاق فەیلی، دارۆی شێخ نووری دەڕۆن. دكتۆر كەمال فوئاد، د. لەتیف رەشید، عومەر شێخمووس، ئەحمەد بامەرنی و محەمەد سابیریش لە دەوڵەتانی ئۆروپاوە ئامادە دەبن. لەوێش خۆی دەكاتە دەمڕاستی بەرەی دژ بە دیالۆگ و گفتوگۆ. نامەیەك بۆ مام جەلال دەنووسن: زیان و مەترسییەكانی گفتۆگۆ لەگەڵ رژێمی سەدام دەخەنە روو. بەڕێزیان ئەو نامەیە قنج لەبەر باخەڵانێ دەنێت، گوایە: رەوانەی مام جەلالی دەكات. هەر ئەو رۆژە د.فوئاد بۆ لەندەن دەفڕێت. تلیفۆن لەگەڵ دكتۆر خدر هەورامی برای  دەكات. خۆی دەگەێنێتە باڵوێزخانەی عێراق لە لەندەن. سەردانێكی باڵوێزخانەی عێراقیش لە پاریس دەكات. پاش بیست و چوار سەعات دەبێتە سەرۆكی شاندی یەكێتی بۆ درێژەدان بە گفتۆگۆ لەگەڵ رژێمی بەغدادا. هەموو بەشداربووانی كۆبوونەوەی فرانكفۆرت تووشی هێدمە دەبن، كاتێك دەبیستن د. فوئاد لە ناوەڕاستی  بەغدا و بالیساندا  تەپوتۆز دەكات. خۆی و عومەر شێخمووس ئەندامی م . س بوون، كەچی  راز و نیازی گەڕانەوە و پەیوەندی لەگەڵ باڵوێزخانەی عێراق لە ئەویش دەشارێتەوە ....

ئەم هەڵوێستگۆڕكێیە لە ئەمسەرەوە بۆ ئەوسەر، نهێنی راستەقینەی مانەوەی ئەوە  لە یەكێك لە لووتكەكانی دەسەڵاتدا بۆ ماوەی نزیكەی 43 ساڵ بەبێ پچڕان دەدركێنێت. 

 

* زانیاریەكانی ئەم نووسینە لە كاك ئازاد خۆشناو وەرگیراوە. ساڵی 1983 دكتۆر كەمال فوئاد پاژێكی تری بۆی گێڕامەتەوە .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار