دوو هەفتەیە فشارێكی زۆری وڵاتان هەبووە بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام ئەنجامی نەبووە
.jpg)
سەرتیپ جەوهەر
14 كاتژمێر لەمەوپێش
🔹 رەنگە پارتی گەڕێكی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان دەستپێبكات، بەڵكو 51 دەنگ مسۆگەربكات
🔹 یەكێتیی و پارتی لە چاوەڕوانی ململانێی ئەمریكاو ئێرانن، چونكە كاریگەری لەسەر پێكهێنانی حكومەت هەیە
🔹 هەڵبژاردن نزیكبۆتەوە، زەحمەتە لایەنەكان بوێرن لەگەڵ پارتی حكومەت دروستبكەن
🔹 گفتوگۆكان بەم ئاراستەیەی بڕوات، پێكهێنانی ئەم كابینەیە دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی عیراق.
✍️ سەرتیپ جەوهەر
گفتوگۆی نێوان پارتی و یەكێتیی بەقۆناغێكی گراندا تێدەپەڕێت. جگە لەوەی ناكۆكیان لەەر شێوەی ئیشكردن و دەسەڵاتی كاربەدەستانی حكومەت بەتایبەتیش جێگری سەرۆكی حكومەت و چەند جومگەیەكی حوكمڕانیی هەیە، هاوكات گرفتیان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانیش هەیە.
دوو هەفتەیە ئەمریكاو فەرەنساو ئینگلیز فشارەكانیان بۆسەر هەردولا چڕكردۆتەوە تا پەلەبكرێت لەدروستكردنی حكومەت، بەڵام هیچ شتێك دیار نییە.
ئەگەر گفتوگۆكان بەم ئاراستەیەی ئێستا بڕوات، ئەو پێشبینیە راست دەردەچێت كە پێكهێنانی ئەم كابینەیە دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق. بەڵام بەپێی زانیاریی رەنگە پارتی گەڕێكی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی هەڵبژاردن دەستپێبكات، بەتایبەتیش نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامیی، دواتر لایەنەكانی دیكە وەك فشارێك بەڵكو بتوانێت بەبێ یەكێتیی 51 دەنگ لەپەرلەمان كۆبكاتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نوێ، بەڵام لەرووی عەمەلییەوە گرفتی گەورەی لەبەردەمە. لەبەر دوو هۆكار:
یەكەم: هەڵبژاردنی عیراق چەند مانگێكی ماوەو هێزو لایەنە سیاسیەكان ریسك بەدەنگی خۆیان ناكەن لەم كاتەدا. هەر هێزو لایەنێك بچێتە حكومەت، چارەنوسێكی خراپی دەبێت لەهەڵبژاردنی داهاتوو.
دووەم: ئەو هێزو لایەنانەی دیكەش (غەیری پارتی و یەكێتیی) لەژێر كاریگەری و هەژموونی وڵاتانی دەوروبەردان، بۆیە وڵاتانی ناوچەكە ئەگەر راستەوخۆش نەبێت، بەشداردەبن لەبڕیاری ئەو حزبانە.
قوناغی دوای هەڵبژاردنی 2024 بۆ یەكێتیی و پارتی بەزەحمەت تێدەپەڕێت. هاوكێشەی ناو پەرلەمان گۆڕانی بەسەرداهاتووە. پارتی زۆرینەی پەرلەمانیی لەدەستداوەو یەكێتیش پەیمانی راستكردنەوەی ناهاوسەنگیی هاوكێشەی حوكمڕانی داوە. هەردوولا لەچاوەڕوانیی گۆڕانی هاوكێشەی ململانێی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتین كە راستەوخۆ كاریگەریان لەسەر باری سیاسی كوردستان هەیە.
پارتی جگە هەژموونی بەسەر حكومەت و حوكمڕانی هەیە، بەڵام بۆ پێكهێنانی ئەم حكومەتەو بەردەوامیدان بەم هەژموونە هیوای لەسەر یەكلاییبونەوەی ململانێی نێوان ئەمریكاو ئێران هەڵچنیوەو پێیوایە نفوزی ئێران لەپاشەكشەی زیاتر دەبێت و ئەوەش لەبەرژەوەندی ئەودایە، بەڵام دواكەوتنی زیاتری حكومەت كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی داهاتوو دروستدەكات، بەتایبەت لەبەرژەوەندی یەكێتییە.
یەكێتیش لەهەڵمەتی هەڵبژاردن پەیمانی زۆری بەجەماوەرەكەیداوە، بەتایبەتیش پرسی راستكردنەوەی لەنگی هاوكێشەی حوكمڕانیی، بۆیە چوونی بۆ حكومەت بەدیزاینی كابینەی رابردوو، بەبێ دەسەڵات و كاریگەریی، زیانی گەورەتری بەردەكەوێت. بۆ پێكهێنانی ئەم كابینەیە رەنگە یەكێتیش چاوەڕێی یەكلاییبونەوەی ململانێی ناوچەكە بكات بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بەئێرانەوە هەیە، چونكە ئەگەر گفتوگۆكانی نێوان ئەمریكاو ئێران بەئەنجام بگات، ئەوا شەنگ و هێز بۆ یەكێتیی دەگەڕێتەوە.
لەلایەكی دیكە یەكێتیی رەنگە مەبەستی بێت پێكهێنانی حكومەت بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی عیراق، تاوەكو لەپرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عیراق كە بەشێوەیەكی تەقلیدی پشكی یەكێتییە، كێشەی لەگەڵ پارتی بۆ دروستنەبێت وەك لەخولەكانی رابردوو كێشەی بۆ دروستدەبوو. بۆنمونە لەخولی رابردوو د. بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتیی بوو دەنگی پێویستی نەهێنا، بەڵام لەتیف رەشید كە كاندیدی ناڕاستەوخۆی پارتی بوو توانی لەپەرلەمانی عیراق لەگەڕی دووەمی دەنگدان، زۆرینەی پێویست بەدەستبهێنێت. بۆیە رەنگە یەكێتیی بیەوێت لەدوای هەڵبژاردنی عیراق، كۆی پۆستەكانی هەرێم و بەغدا بخرێنە سەبەتەیەك و لەگەڵ پارتی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا دابەشیبكات.
