کچەکەی ئۆندەر: باوکم ووتی پرۆتۆکۆڵی ئاشتی دوو هەفتەی دیکە واژۆ دەکرێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش
کچەکەی سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەڵێت، پێش ئەوەی باوکی نەخۆش بکەوێت و رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت گووتی، پرۆتۆکۆڵی پرۆسەی ئاشتی تەنها دوو هەفتەی ماوە واژۆ بکرێت.
جەرەن گلەی کچی سری سورەیا ئۆندەر لەکاتی مەراسیمی بەخاکسپاردنی باوکی لە ئیستەنبوڵ ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆندەر پێش ئەوەی دووچاری جەڵتەی دڵ بێت، نەخۆش بووە و پزیشکەکان داوایان لێکردووە نەشتەرگەری ئەنجامبدات، بەڵام باوکی گوتوویەتی، پرۆتۆکۆڵی ئاشتی تەنها دوو هەفتەی دیکە واژۆ دەکرێت، دواتر ئاسوودە دەبن، ئەویش نەشتەرگەری بۆ دەکرێت.
سری سورەییا ئۆندەر شەوی سێشەممە 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو، دواتر دەرکەوت کێشە لە شاخوێنبەری دڵی هەبووە. ئەو کات پزیشکان رایانگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جەڵتە لێی داوە.
رۆژی 3ـی ئەم مانگە، سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەهۆی لەکارکەوتنی چەند ئەندامێکی جەستەیەوە لە 18ـیەم رۆژی چارەسەرکردنیدا کۆچی دوایی کرد، دوێنێش لە ئیستەنبوڵ بەخاکسپێردرا.
