ئەندامێکى لیژنەى دارایی: دۆخى عێراق لەبەرژەوەندیى مووچەخۆرانى هەرێمە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، ئەگەر حکومەتى هەرێمى کوردستان دەیەوێت زوو مووچەى مووچەخۆران لە بەغدادەوە بنێردرێت، پێویستە پابەندییەکانى خێراتر جێبەجێبکات و مانگانە لە 15ی مانگ دا لیستى مووچە ئاڕاستەى بەغداد بکات.
گوتیشى، دۆخى گشتیی ئێستاى عێراق لەبەرژەوەندیی مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانە، چونکە ئەوانەى ئێستا لە حکومەتن و دەیانەوێت لە حکومەتى داهاتووش هاوبەشی کوردبن.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق راشیگەیاند، هەرێمى کوردستان پابەندى ناردنى ئەو بڕە لە داهاتى ناوخۆ نەبووە کە لەگەڵ بەغداد رێککەوتنى لەسەر کراوە.
گوتیشى، هەرێمى کوردستان سەرەتا بەبەغدادى گوت، داهاتى ناوخۆ نزیکەى 400 ملیار دینارى مانگانەیە، دواتر چوونەوە بەغداد و گوتیان، هەڵەمان کردووە رێککەوتن کرا لەسەر ناردنى 80 ملیار دینارى مانگانە، بەڵام ئێستا نزیکەى نیوەى ئەو بڕە بۆ بەغداد دەنێرێت.
