بریا د. فوئاد بیرەوەرییەكانی بڵاونەكردایەتەوە

مامۆستا جەعفەر

2 ڕۆژ لەمەوپێش



مامۆستا جەعفەر

  (٤)

ڕاست و ناڕاست

 تژی كتێبی بیرەوەریەكانی د.فوئاد هەڵە  و دەنگوباسی بێبنەمایە :

 ١ــ ئەو دەنووسێت: (هەروەها ”قادر عەزیز ” گێڕایەوە كە ”سالار عەزیز ”دەست بەسەرە لە نێوزەنگ. سەید كەریم مامۆستا حەمیدی كوشتووە.)ل556 ب 1 ، ئەم هەواڵە لە هەواڵەكەی ”خەسەن و خوسێن هەردووكیان كچی مەعاویە بوون ....” دەچێت. نە سالار عەزیز دەست بەسەر بووە، نە مولازم سەید كەریم مامۆستا حەمیدی كوشتووە. نووسەرێك پاش 41 ساڵ نەتوانێت هەواڵێك پشتڕاست بكاتەوە، ئەوە لە  كارەسات كارەساتترە! كاك رزگار هاودیانی و كاك رەهبەر  سەید برایم رووداوەكەیان روونككردۆتەوە، كە ئەم دەنگوباسە لە راستیەوە دوورە !

ئەو رۆژەی مامۆستا حەمید لە گوندی (زیارەت)ی خۆشناوەتی شەهید كراوە، مولازم سەید كەریم لە گوندی ( وەرتێ )لە گەڵ مامۆستا بەكر مستەفا پێكەوە بوون .

كاك سالار عەزیز تا كۆتایی ساڵی 1981 ئەندامی مەكتەبی سیاسی  و ئەندامی ناوەندی - ككۆمەڵە بووە. ئەو كاتە بایی ئەوە رێز لەیەكتری گرتن هەبووە، بەچاوی تەقدیرەوە بڕواننە پێگە و خەباتی یەكتری. 

كاك قادر عەزیز ئەو سەردەمە سەركردایەتی حسك بووە. حسك و یەكێتی لە ئەوپەڕی وەرزی ململانێ و دەستبادانی یەكتریدا بوون.

٢ــ نووسراوە: (... كابرایەك بە عەدەم تەعەرووزی مام جەلال تفەنگێكی پێ بوو ”مەلا كەریم نامیلكە ” ئامیر مەفرەزەیەك لە تیپی 63 چەكی كردووە.) ل 434 ب 2، ئەم چیرۆكە دیسانەوە لە چیرۆكی ”خەسەن و خوسێن” سەیرترە: ناوی شەهید  (مەلا كەریم سەعید ئەحمەد عەبدوڵڵا تووكنی )یە، فەرماندەی كەرتی 5 ی حمرین - تیپی (53) كە مانگی ئەیاری 1987 شەهید كراوە... من لە زۆربەی هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانیم پرسیووە، دەیانگوت: لەسەرانسەری كوردستادا، ناوی یەك كەسمان نەبیستووە نازناوەكەی ( نامیلكە ) بێت. زانیاری لەسەر رووداوێك چۆن ئاوا بە لارولەوێری دەنووسرێتەوە؟

٣ــ سەردێڕێك زۆر سەرنجی راكێشام، نووسراوە: ”مام جەلال موشكیلەیە” گوایە حازم (عبدالجبار الكبيسي) سەبارەت بە (گفتۆگۆی شۆڕش و میری) گوتویەتی: (...گەر مام جەلال لەگەڵ نەبێ موشكیلە نییە، بەڵام ئەو موافیق بێت لەسەر مفاوەزات موشكیلەیە.) ل636 ب1، رۆژێكیان خوێنكارێك بە مامۆستاكەی گوت: مامۆستا تۆ تێناگەیت ...) مامۆستا دەمی كەفی چەنی: وەكو فیشەكەشێتە بە ئاسمانا چوو. خوێنكارە كوردەكە مەبەستی بوو بڵێت: ( مامۆستا بەڕێزت لە كێشەكە تێنەگەیشتیت ....) لەنێوان (مامۆستا هیچ تێناگات) و (كێشەیەك روویداوە و مامۆستا لە كێشەكە تێنەگەیشتووە) جیاوازیەكی زۆر هەیە! (مام جەلال موشكیلەیە) ئەمە مانایەكی نەرێنی هەیە. قسەی واش بۆ سەردێڕ ناشێت !

٤ــ ئامادەكاری كتێبەكە لێیدەپرسێت: (خەتی گشتی چی بوو؟ چۆن بوو؟ ناوەكەی لە چییەوە هاتبوو؟

ئێمە ژمارەیەك كەسایەتی بووین، نزیك لە هەڤاڵ مام جەلال بووین، نازانم چۆن كۆ بووینەوە ..... نازانم ناوەكەی لە چییەوە هاتبوو، وەك دەڵێن لە ئاسمانەوە بۆمان دابەزی !) ل303ب1، ئەم پیاوە بە حیساب سكرتێری  (خەتی گشتی) بووە و نەیزانیوە بۆ ئەم گروپە ئەم ناوەی لێنراوە. ئەم شێوە دەربڕینە، دەبێ شیكارییەكی دەروونی زۆر وردی بۆ بكرێت!  بەڵگەی ئەوەشە نووسەر، قەت رۆژێ لە رۆژان بیری لای گروپ و چارەنووسی گەلی كوردستان و یەكێتی نەبووە. ئەم پیاوە نزیكەی 37 ساڵ  لەگەڵ مام جەلال كاری كردووە، زۆر سەیرە رۆژێك ئەوە بە خەیاڵدا نەهاتووە، هۆی ناونانی (خەتی پان ) كە دواتر بووبە ( هێڵی گشتی ) لە مام جەلال یان كەسێكی تر بپرسێت !

٥ــ ئامادەكاری كتێبەكە پرسیاری ئەوەی لێدەكات: بۆ مام جەلال ناوی (شلال)ی لەو نامانە بەكارهێناوە؟

(......ناوەكەشی لەوە هاتبوو ،ناوچەیەك لە كەركووك بەو ناوە هەیە ،...هتد.) ل300 ب1، دەبێ بەهەورامی باچیمێ:

تاتەم رۆ .. تاتەم رۆ... ئانە چێشەن؟) لەناو عەرەبەكان دا ، ئەوە باوە  بە (ابو فلان ) پیاوێكی هاوڕێت، بۆ ژنیش ( ام احمد، ام محمود و ...)  بەكاردەهێنرێت و یەكتری بانگ دەكەن. دیارە لێیان پرسیوە: كوڕە گەورەكەت نێوی چییە؟ ئەویش گوتویەتی: (بافڵ) نەیانزانیوە مانای بافڵ  چییە. بۆیە گوتویەتی: بافڵ تاڤگەیەكە لە (چەمی رێزان) تاڤگە واتا: (شلال) لەو رۆژەوە بە (ابو شلال) بانگیان دەكرد .

لە زۆر دانیشتندا، من خۆم گوێم لێبووە، هەڤاڵە عەرەبەكانی مام جەلال هەر بە ( (ابو شلال) بانگیان كردووە، نەك بە (شلال) یەكێك بڵێت: كوڕەكەم ناوی (شلال)ە چۆن بە خۆیشی هەر دەڵێن (شلال)؟

چەمی رێزان سەر بە ناحیەی سوورداشە. سوورداش سەر بە قەزای دووكانە. دووكانیش سەر بە پارێزگای سلێمانییە، ئاو بێنە و دەست بشۆ  ....

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار