شاندێکی هەرێم بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەی نەوت لە بەغدایە

دوێنێ



 

شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چووەتە بەغداد.

سەباح سوبحی؛ ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، وتى: ئەمرۆ شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوت و نوێنەری ئەپیکۆر لە وەزارەتی نەوتی عێراق کۆ دەبێتەوە. ئامانجی سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنە سەبارەت بە کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. 

کۆتا کۆبوونەوەی هەردوو شاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەری نەوت لە 20ـی نیسانی 2025 لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەوکات ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت کراوە و بۆچوونی ئەوان لەسەر پرسەکە وەرگیراوە.

هاوکات لە 27ـی نیساندا کۆمەڵەى پیشەسازیى نەوتى کوردستان "ئەپیکور"، لە راگەیەندراوێکیدا، جەختی لە دوو مەرجەکەى کردەوە بۆ ئەوەى "دەستبەجێ دەست بە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بکاتەوە" هاوکات شکستى هەوڵەکانیشی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن راگەیاند.

ئەپیکور راشیگەیاند، هیچ گفتوگۆیەکى بنەڕەتیی تایبەت بە دڵنیاییدان لە پێدانى پارەى کۆمپانیاکان نەبووە و هیچ بەرەو پێشچوونێکیش لە پرسى پێدانەوەى قەرزى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانى بوارى نەوت دا نییە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، نوێنەرانى کۆمپانیاکانى ئەندام لە ئەپیکور و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانى دیکەى بوارى نەوت بەشدارییان لە کۆبوونەوەى 20ـى نیسان لەگەڵ حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان کردووە.

ئەپیکور پێویستیى دڵنیاییەک لەلایەن حکومەتى عێراق لە جێبەجێکردنى یاساى بودجەى عێراق دووپاتدەکاتەوە و دەشڵێت، چەندین پێشنیاز بۆ چارەسەرى پرسەکە لەلایەن ئەپیکور و حکومەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانەوە کراون، وەکو پێشنیازى شێوازى کارکردنى راوێژکارى نێودەوڵەتى، کە لەگەڵ یاساى بودجە و گرێبەستى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان چوونیەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە.

باسیلەوەشکرد، حکومەتى عێراق بەردەوام جەخت لە گرنگیى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لە رێگەى بۆریى نەوتى عێراق_تورکیا دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ و هەماهەنگییەکان بەم ئاڕاستە سنووردار و بێبەرهەم بوون. ئەپیکور داواى چڕکردنەوەى هەوڵەکان دەکاتەوە بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێک کە سوودى هاوبەشى هەبێت.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور رایگەیاندووە، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور چەندینجار چارەسەریان بۆ پرسەکە پێشنیازکردووە، کە بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق و گرێبەستەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، شەرعی و یاسایی بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار