بریا د. فوئاد مەعسووم بیرەوەرییەكانی بڵاونەكردایەتەوە
.jpg)
مامۆستا جەعفەر
دوێنێ
مامۆستا جەعفەر
(٥)
هەڵە و پەڵە
هەڵە و زانیاری ناڕاست و قسەی نەشیاوی ناو كتێبی بیرەوەریەكانی د.فوئاد مەعسووم، هێجگار زۆرن. هەندێ قسە و كردەوەی بێسەروبەر و بێتام هەیە، نابێ نووسەر یان ناشر رێگەی بڵاوكردنەوەیان بدات. دانانی هەندێك رستەی بێسوود، بمانەوێت یان نەمانەوێت، ناوی نووسەر و حزبەكەیشی لەكەدار دەكات و شكۆی نەتەوەییش، لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەڕووشێنێت .
من نامەوێت بە كتێبێك وەڵامی ئەم جۆرە كتێبە ساردوسڕە بدەمەوە. بەڵام ئەم زنجیرە وتارە، كە ئەمە بەشی پێنجەم و كۆتاییە؛ مشتێكە لە خەروارێك !
نموونەی زەق و زۆپ دەخەمە بەر دیدی خوێنەرانی ئازیز ، بە هیوای ئەوەی خۆیان سەرپشك بن، لە بڕیاردان لەسەر سەرنج و تێبینیەكانی من :
١ــ بیرەوەری بەگشتی وەكو سیستێمی كرۆنۆلۆژیا، بەدوای یەكتری هاتنی ساڵ و رۆژ رەچاو دەكرێت. كۆبوونەوەكانی دەستەی دامەزرێنەر تا 15/02/1977ل 206 ب 1 لەڕووی كاتەوە بەڕێكی دانراون. پاش ئەوە، كۆبوونەوەی رۆژی 16/12/177 ل 207 ب 1 هاتووە: پچڕان هەیە. جارێكی تر كۆبوونەوەی 16/12/177 & كۆبوونەوەی 17/12/1977 ل 207 ب 1، نووسراوە. لە هەمان لاپەڕەدا گەڕاوەتەوە بۆ دانانی كۆبوونەوەی رۆژی 21/02/1977 ئینجا درێژەی پێدەداتەوە .
٢ــ ئەو دەنووسێت: (شەو لە ماڵەوە بە گیپە دەعوەتی قیادەی جوقدم كرد. عبدولجەبار نەهات. دارۆ و عەبدولرەزاقیش ئامادەبوون. بەڵام لەسەر خواردنەوە هەندێ قسە هاتنە پێش خەریك بوو وەزعەكە تێك بدات .....) ل621 ب 1، ئەمە كەی داڕشتنی رستەی كوردی كەسێكە كۆیی بێت و دكتۆرای هەبێت؟ پێشمەرگە لە شاخ سینگی بە گوللە دەنا، ئەمیش باسی (گیپە) و پارووگلاندن، بەم كوردیە سەقتەی خۆی دەكات؟
٣ــ لە كۆبوونەوەی رۆژی 03/01/1976 ناوێكی نهێنی بۆ رەوانشاد مام جەلال دادەنرێت (رەنجبەر) ل 181 ب1، كەچی رەنجبەر لە زۆربەی لاپەڕەكانی تردا دەبێتە (رێنجبەر!!) ل 187 // 195 // 196 // 202 .......هتد.
٤ــ ل 194 ب 1، نووسراوە ئامادەكردنی وەفدێك بۆ ئەوەی بچن بۆ كۆبوونەوەی (ئینتەرناسیۆنال) ئەی قەزات لە ماڵم دكتۆر گیان بۆ خۆت و كۆبوونەوەی (ئینتەرناسیۆنال)ت! كۆبوونەوەكانی ئینتەرناسیۆنال چییە؟ لە كوێیە؟ نەنووسراوە! ئەگەر ئەم وشەیە بكرێتە كوردیش دەبێتە (كۆبوونەوەی جیهانی)ئیدی مەبەست چییە؟ هیچ كەس بۆی لێكنادرێتەوە. هیچ دامەزراوەیەك لە جیهاندا نییە بەتەنیا ناوی ئینتەرناسیۆنال بێت! هەر دامەزراوەیەك لەسەر ئاستی جیهان لق و پۆپی هەبێت وەكو (سۆسیال ئینتەرناسیۆنال) یان (ئەمنیستی ئینتەرناسیۆنال) ئینتەرناسیۆنال بەتەنیا، ئاوەڵناوە بۆ رێكخراوە جیهانیەكان !
٥ــ كۆبوونەوەی 30/09/1977 نووسراوە: (7. بڕیار درا گەر مولازم سەردار هاتە شام بە گرتن بدرێت) ل238 ب1، یەكەم: بۆ ئەم كەسایەتیە بە گرتن بدرێت و چی كردووە و تاوانی چییە؟ روونكردنەوەوە نەدراوە .. دووەم: نە نووسەر و نەناشر پەراوێزیان بۆ ئەم كەسایەتیە دانەناوە! من ئەم كورتە پەراوێزە لەسەر كاك سەردار حەسەن وەیسی بەگی دەلۆ دەنووسم: لە رێگەی باڵی مەكتەبی سیاسی پارتیەوە، لە سوپای عێراق بووە ئەفسەر. ساڵی 1974 روویكردە شاخ، بووە جێگری ئامر بەتالیۆنی هێزی پێشمەرگە. لە سۆنگەی برینداربوونیەوە رەوانەی نەمسا كرا. ساڵی 1976 دەستەیەك پێشمەرگە: كاك نەوشیروان رابەری سیاسیان دەبێت و مولازم سەردار رابەری عەسكەری دەستەكە دەبێت. كاك فەرهاد شاكەلی و كاك ئیبراهیم عەبد عەلی لە هەمان دەستە دا دەبن (هەردووكیان ئێستا لە سوید دەژین). ئەم مەفرەزەیە، دووەم مەفرەزەیە، پاش كارەساتی گەڕانەوەی شەهید برایم عەزۆ و هاوڕێكانی بۆ كوردستان بەنهێنی گەڕانەوە . ئەم مەفرەزەیەش نەیتوانی لەسەر خاكی كوردستان جێگیر بێت و بۆ شام گەڕایەوە. كاك سەردار رووداوەكەی بۆ من و كاك دلاوەری ئەحمەد مەجید گێڕاوەتەوە. كاك ئیبراهیم عەبد عەلیش رووداوەكەی بۆ چەند كەسێك گێڕاوەتەوە. من پێمباشە: كەسێكی تر لەسەر ئەم رووداوە بنووسێت. دەترسم من بەگوێرەی پێویست ورد و بابەتی نەبم. دیارە كاك سەردار پاش رووداوەكە رەخنەی توندی گرتووە و بۆ ڤییەنا سەفەری كردووە.
كاك سەردار برا گەورەی شەهید سیروان حەسەن وەیسی بەگە (1955-1979 )، كە رۆژی 05/07/1979 رژێمی پێشوو لەسەر ئەوەی تاوانبار (یوسف مەجید وەیسی)ی ئامۆزا و زاوای، زمانی لێدابوو، كە ئەندامی كۆمەڵەیە و دژی رژێمە، ئیعدامی كرد .
گریمان كاكی ناشر لەسەر لاپەڕەیەك ئەم بڕیارە دەبینێ. دەبێ بەردێكی لەسەری دابنایە. لەبەر دكتۆر فوئاد و یەكێتی نیشتمانی، نەك مولازم سەردار! ئەم دانپێدانانە، بە تاوانێك، كە خۆشبەختانە ئەنجام نەدراوە، نیشانەی جوامێری نییە. ئەم رستەیە زۆر ناشرین و قێزەوەنە .
پێشمەرگەیەكی دێرین سەرنج و تێبینی خۆی هەبێت و تۆ بڕیاری ”بەگرتدان”ی بدەیت، ئەمە كەی جوامێری و شەهامەتە؟ كاك سەردار ئێستا لە ڤینایە .
بریا رۆژنامەوانێكی سەرڕاست گفتۆگۆیەكی برایانەی لەگەڵ دەكرد، راستی و ناڕاستی رووداوەكانی لێی دەپرسییەوە.
٦ــ چەندین ناو بە هەڵە نووسراون :
-لەبری (تیسیر قبعة) كەسایەتی دووەمی (الجبهة الشعبية) پاش جۆرج حبش، نووسراوە (تیسیر متعة)ل 585 ب1
- لەبری تیمسار خلبان (یداللە شریفی راد) كە بیرەوەری هەیە و ژیاننامەی كراوەتە فلیم، نووسراوە (یداللە شریفی موراد)ل492 ب1
- لەبری مبدر الویس نووسراوە (منذر الویس) ل639 ب1
بمەوێت زیاتر بنووسم: سەرنج و تێبینی زۆرن، بەڵام نامەوێت لەمە زیاتر بنووسم .
