سری سووره‌یا، تورکمانێک له لوتکه‌ی مرۆڤایه‌تیدا

هیوا ناسیح
دوێنێ
هیوا ناسیح
له‌م ڕۆژانه‌دا گه‌لی کورد به گشتی و بزووتنه‌وه‌ی ئازادییخوازی باکوور سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌وره و گرنگی له‌ده‌ستدا. سری سووره‌یا ئونده‌ر، ئه‌و مرۆڤە مەزنەی که به ڕه‌چه‌ڵه‌ک تورکمان بوو، به‌ڵام به ڕۆح، به بیروباوه‌ڕ، به خه‌ون و خوێن و خه‌بات کورد بوو، له یه‌ککاتدا شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز بوو، نووسه‌ر و سیناریست، میوزیسیان، فیلمساز، ده‌رهێنه‌ر، ئەکتەر و ڕۆژنامەنووس بوو، ژیانی خۆی بە تێکۆشان بۆ سۆسیالیزم، دیموکراسی و ئازادی تەرخان کرد. بۆ ئەوەش قوربانی و ڕەنجێکی زۆری‌دا. هه‌ر به هۆی ئه‌م شێلگیری و دڵسۆزی و زیره‌کی و ئازایه‌تییه‌ی خۆیه‌وه دواجار له سه‌ر لیستی ده‌م پارتی بووه جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی تورکیا. جێگه‌ی متمانه‌ی کورد و ئازادییخوازنی تورکیا بوو، بۆیه کرایه ئه‌ندامی شاندی ئیمرالی بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی.
خۆی تورکمان بوو، به‌ڵام بەپێچەوانەی بیركردنەوەی باوه‌وه، هات ڕچەشكێنی کرد، تا ئه‌وه‌ی لەپێناوی کورد و کێشە ڕه‌واکەیدا ژەهرخواردکرا؟ نووسه‌ر و سینەماکار بوو، کەچی پەرلەمانی کردە شوینی هەڵوێستە سیاسییەکانی؟ به‌داخه‌وه زۆربەی گەنجێتی له پێناو ئازادی و دادپه‌روه‌رییدا لە زیندان بردەسەر، بۆیە کاتێک هەرەشەی زیندانیکردنیان لێکرد وتی: ئێمه خۆمان بەردەوام لە زیندان بووینە، بەچی دەمانترسینن؟!
له پاڵ خه‌بات و فیلمسازی و نووسین و مۆسیقادا، ته‌نها ڕۆژێکیش له تێکۆشان دوا نه‌که‌وت. ته‌نانه‌ت له‌م ساڵانه‌ی دوایی ژیانیشیدا، که نه‌خۆشی ته‌نگی پێ هه‌ڵچنی بوو، هه‌ر کۆڵی نادا، بگره ژیانی تایبه‌تیشی کردبووه قوربانیی ئه‌و ڕێگایه‌ی بڕوای پێی بوو، ڕێگای ئازادیی گه‌لان و ئاشتیی و پێکه‌وه‌ژیان، بۆیه کاتێک ئەردۆگان له دیداریی چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ردا لێی ده‌پرسێت، چه‌ند مناڵت هه‌یه، ده‌ڵێت ته‌نها کچێک و نه‌وه‌یه‌ک، ده‌پرسێت: بۆ مناڵی ترت نه‌خستووەته‌وه، ده‌ڵێ ببوره سه‌رۆك بوارم نە بوو لە یەک مناڵ زیاتر دروست بکەم ، چونکه گرتن و زیندانیکردنه‌کانی ئێوه و ئینجا نه‌خۆشییه‌که‌ی دڵیشم وازیان لێنه‌هێنام مناڵی تر بخه‌مه‌وه!
تۆ ببینه، له نێو تورکیا، که زیاتر له ١٠٠ ساڵه به گیانی شۆڤێنی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی و کینه‌هه‌ڵگرتن له پێکهاته غه‌یره تورکه‌کانی تورکیا گۆش ده‌کرێن، مرۆڤی وه‌ک سری سووره‌یا و بێشکچیش هه‌ڵده‌که‌ون، که به زمانی حاڵ پێمان ده‌ڵێن: نا، نه‌خێر، ئێمه‌ی تورکمان هه‌موو دژی ئێوه نین، هه‌موو ناڵێین (کوردێکی باش، کوردێکی مردووه)، به‌ڵکو به ئه‌ندازه‌ی خۆتان و زیاتریش بڕوامان به مافه‌کانتان هه‌یه، بۆیه له‌گه‌ڵتان خه‌بات ده‌که‌ین و ئاماده‌ی هه‌موو قوربانیدان و فیداکارییه‌کین له‌گه‌ڵتان، تا به‌ده‌ستهێنانی سه‌رجه‌م مافه‌کانتان.
ئەردۆگان له وتارێکیدا له پەرله‌مانی تورکیا به ته‌وسه‌وه ده‌ڵێت: ئێوه‌ی کورد، ده‌توانن ببنه سه‌رۆککۆمار، ده‌توانن ببنه وه‌زیر، په‌رله‌مانتار، سه‌رۆک شاره‌وانی و هتد، ئیتر پێم ناڵێن ئێوه چیتان ده‌وێت؟ ده‌توانن وه‌ک تورکێک هه‌ر شتێک بن، که حه‌ز ده‌که‌ن ببن. سری سووره‌یا له وڵامی ناوبراودا ده‌ڵێت: ڕاسته قوربان ئه‌وان ده‌توانن وه‌ک ده‌فه‌رموون ببنه هه‌موو شتێک له‌تورکیادا، به‌ڵام، کێشه‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌یه، ناتوانن ته‌نها یه‌ک شت بن، ناتوانن کورد بن کورد! (ڤیدیۆکه‌ی به ژێرنووسی کوردییه‌وه هه‌یه).
ئه‌م خه‌باتگێره چه‌په تورکمانە تەواوی ژیانی خۆی بۆ سەقامگیری و هێنانەدی ئاشتییەکی ڕاستەقینە لەناو تورکیادا تەرخان کرد. بۆیه یادگاری و وته و کاره‌کانی و ناویشی بە زیندویی لە لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی گەلان و پێکەوەژیانی گەلانی تورکیا دەمێنێتەوە، کار و هه‌ڵوێسته‌کانی و تێکۆشان بۆ خەباتێکی دیموکراتی و ئازادی و هاوکاتیش پشتگیری گەلی کورد و دۆزه ڕه‌واکه‌ی، ناوبراوی کردە نموونەی سەرکردەیەکی دیار و خۆشەویست و ئاشتیپارێز، که مێژوو به دێڕی دشت و زێڕکه‌فت یاد و یادەوەری تۆمار ده‌کات و بە بیردەهێنێتەوە.
ئه‌م لە ژیانیدا بۆ دوو گەل تێکۆشانی کرد، بۆ دادپه‌روه‌ری، یه‌کسانی و دیموکراسی، لە ڕێگەی کەسایەتی و کارە هونەرییەکانییەوە بەشدارییەکی گەورەی لە ڕای گشتی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیدا کرد. هەروەها بە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بوێرانە، کاریگەرانە و بەجوانی دۆخی بویه‌ر و کۆمەڵایەتی تورکیای نیشان دەدا و ئەو دۆخەی هەبوو دەیخستە ژێر پرسیاره‌وه، تا خه‌ڵک هانبدا داوای گۆڕین و جوانکردنی بکه‌ن، ئه‌و خه‌باتی بۆ دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی مافی گه‌لان و پێشخستنی وڵات ده‌کرد.
ئه‌م مرۆڤه جوانه، تورکێک بوو له کورد کوردتر بوو. ته‌نانه‌ت زمان و که‌لتووری کوردیشی زۆر باش ده‌زانی و ده‌ناسی. ئه‌و چه‌پێکی تا سه‌ر ئێسک به‌بیروباوه‌ڕ و پره‌نسیپ بوو. ئه‌و له یه‌ککاتدا، تیرۆژێک له ڕه‌وانی یه‌ڵماز گۆنای و هه‌ناسه‌یه‌کی له نازم حیکمه‌ت و حه‌قی قه‌رار و که‌مال پیری تێدا بوو. به ڕاستی ده‌ستخستن و ڕاکێشانی ئه‌م مرۆڤه بۆ نێو بزاڤی ئازادیخوازیی باکوور جێگه‌ی شانازییه بۆ ئه‌و ته‌ڤگه‌ره مه‌زنه، ئاخر تۆ بڕوانه، خۆ کوره‌ی خه‌بات ١٠٠ ساڵه له باشوور گه‌رم بووه و بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداری نزیکه‌ی هه‌میشه به‌رده‌وام بووه، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه، که هه‌رگیز پارته‌کانی باشوورمان نه‌یانتوانیوه ته‌نها یه‌ک سری سووره‌یاش له نێو عه‌ره‌بدا دروست بکه‌ن، ته‌نانه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتیش له نێو فارس‌دا دروستیان نه‌کردووه!
چه‌ند جوانن ئه‌م مرۆڤانه، که ده‌توانن دید و تێڕوانینمان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م گه‌لی تورک بگۆڕن. ئه‌م که‌سانه ژیان جوانتر ده‌که‌ن، هێز و وزه‌ی ئه‌رێنی و پۆزه‌تیڤانه بۆ ده‌وروبه‌ر و وڵاته‌که‌یان و مرۆڤایه‌تی په‌خش ده‌که‌ن. بهێنه پێش چاو، گه‌ر ژیان له‌م جۆره که‌سانه‌ی تێدا نه‌بووایه، ئیلاهی ده‌بوو مرۆڤایه‌تی چ جه‌نگڵسانێک بوایه؟!
