مردنی کتێب و دابەزینی بەها مرۆییەکان

د. کامەران محەمەد

دوێنێ



د. کامەران محەمەد

 (سەردەمانێک کتێبەکان پایەی زانین و حیکمەت و خۆدۆزینەوە بوون، بەڵام ئەمڕۆ لە ژیانی ڕۆژانەماندا شاهێدی ماڵئاوایی کردنێکی هێواشیانین).                  

کتێب: شادەماری ژیانی عەقڵ:

کتێب تەنها مەرەکەبی سەر لاپەڕەکان نییە، بەڵکو پەیڤینێکە لە نێوان نەوەکاندا، پردێکە لە نێوان ڕابردوو و داهاتوو و ئەو سووتەمەنیەیە کە وزە بە سەرچڵیکردنی مرۆڤ دەبەخشێت. هەر کتێبێک کە دەیخوێنینەوە، جیهانێکی نوێیە و دەچینە ناویەوە، دیدگایەکی نوێمان بۆ دروست دەکات، گوزارەی: "لەگەڵ هەر کتێب و هەر وشەیەک کە لە ڕستەیەکدا بەکارم هێناوە، چیرۆکێکم هەیە،"، بە ڕوونی ئەم ڕاستییە ڕوون دەکاتەوە. کتێبەکان شایەتحاڵێکی بێدەنگن، لەسەر گەشەکردنی هزریی و سۆزداریمان، هاوکات شێوازی بیرکردنەوە و هەستکردن و مامەڵەکردنمان دادەڕێژن.

بەڵام لە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا، تادێت کتێبەکان زیاتر پەراوێز دەخرێن. ئێمەش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە دەریایەکی سەرقاڵکردنی دیجیتاڵی ڕووکەشدا نغرۆ دەبین، کە تێیدا ڕازیکردنی خێرا و چێژێکی کاتی جێگەی بیرکردنەوەی قووڵ دەگرێتەوە. مرۆڤەکان چیتر وەبەرهێنان لە خوێندنەوەدا ناکەن، چونکە ئەو کردارە پێویستی بە (هەوڵدان) و (ئارامگرتن) و (تێڕامان) هەیە، ئەمانەش سێ سیفەتن، کە لە جیهانی ئەمڕۆدا دەگمەنن.

 کۆمەڵگەیەکی بێ کتێب: کۆمەڵگەیەکی بێ شوناس

قەیرانی ڕاستەقینە نەبوونی خودی کتێب نییە، بەڵکو نەبوونی (ئارەزووی خوێندنەوە)یە. میللەتێک کە کتێب فەرامۆش بکات، نەک هەر زانست لەدەست دەدات، بەڵکو شوناس و مێژوو و داهاتووش لەدەست دەدات. ئەو کۆمەڵگایانەی کە واز لە کتێبەکان دێنن، واتە دەستبەرداری بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەبن و بە ئاسانی دەبنە نێچیری پڕوپاگەندە و یاریپێکردن و گوتارە بەتاڵەکان. 

وانەکانی مێژوو ئەوەمان پێدەڵێن، ژیارەکان کاتێک گەشە دەکەن، کە پەی بە بەهادارێتی زانین ببرێت، کاتێکیش دەڕووخێن، کە تێیدا زانین پشتگوێ بخرێت. سەردەمی ڕێنێسانس لە سایەی دووبارە دۆزینەوەی (دەق)ە کۆنەکاندا گەشەی کرد و سەردەمی زێڕینی ئیسلامیش کاتێک کەیشتە ترۆپک، کە زانایان فەلسەفە و زانستی یۆنانییەکانیان پاراست و گەشەیان پێدا. لەبەرامبەردا لەناوبردنی کتێبخانەکانی بەغدا و سووتاندنی کتێبەکان لەلایەن نازییەکانەوە، تەنها لەناوبردنێکی ماددی نەبوون، بەڵکو هێمای سەرکوتکردنی فیکری بوون. 

بەڵام چی ڕوودەدات کاتێک کۆمەڵگەیەک بە شێوەیەکی ڕەمزی سوتاندنی کتێبەکانی هەڵدەبژێرێت، واتە بە پشتگوێخستن و فەرامۆشکردنیان؟ بەدڵنییاییەوە ئەوە کەلتوورێکە کە چیتر گرنگی بەخۆی نادات، چیتر پرسیار ناکات. بەمشێوەیە دوورخستەوەی کتێبەکان لە ژیانی ئاسایی ئێمە  واتە دوورخستنەوەی ئەو بەها بنەڕەتییانەی کە ئێمە دەکەنە مرۆڤ: حیکمەت، سەرچڵیکردن و خودئاگایی. 

بەرپرسیارێتی لە زیندووکردنەوەی خوێندنەوەدا

وازهێنان لە کتێب کارەساتێکی سروشتی نییە، بەڵکو (هەڵبژاردنێکی بە ئەنقەست)ە، هەر بۆیە دەتوانین لێی پاشگەز ببینەوە. کێشەکە لەوەدا نییە، کە کتێبەکان بوونیان نەماوە، بەڵکو لەوەدایە کە مرۆڤەکان (بوونی کتێبەکان بە پێویست نازانن).       

لێرەدا زیندووکردنەوەی کەلتووری خوێندنەوە بەرپرساێتی بنەڕەتی هەر تاکێکە و دەتوانرێت لەسەر چەند ئاستێک هەوڵی بۆ بدرێت:

1. چاکسازیکردن لە پەروەردەدا: نابێت لە قوتابخانەکاندا تەنها گرنگی بە لەبەرکردن و تەلقیکردن بدرێت، بەڵکو دەبێت هاندەری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و گفتوگۆی هزریی و زانستی و خۆشەویستنی ئەدەب بین. 

2. هاندانی کۆمەڵگەیی: دەبێت کەسایەتییە دیارەکان، ڕۆشنبیران و مامۆستایان، خوێندنەوە وەک (پێویستییەکی کەلتووریی) بەرەوپێش ببەن، نەک وەک بابەتێکی چێژوەرگرتن. 

3. گونجان لەگەڵ سەردەمی دیجیتاڵیدا: هەرچەندە تەکنەلۆژیا لە دابەزینی ئاستی خوێندنەوەی نەریتیدا پشکداریی کردووە، بەڵام دەشتوانێت بە فەراهەم کردنی کتێب بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێشتر و دەستڕاگەیشتنێکی ئاسانتر بۆ هەمووان، ئامرازێکی بەهێز بێت، بۆ زیندووکردنەوەی. 

4. بەرپرسیارێتی تاک: پێویستە هەموو مرۆڤێک درک بەوە بکات، کە خوێندنەوە تەنها خوویەک نییە، بەڵکو (بەرامبەر بە خۆی و کۆمەڵگەکەی ئەرکێکی ئاکاری)یە.

ئەگەر کتێبەکان بمرن، ئێمەش لەگەڵیاندا دەمرین

مردنی کتێب تەنها فەوتان و لەدەستدانی لاپەڕە چاپکراوەکان ناگەیەنێت، بەڵکو واتای دابەزینی ژیانی هزریی دەگەیەنێت. ئەگەر ڕێگە بە ماڵئاوایی کتێب لە کەلتوورەکەماندا بدەین، ئەوا نەک هەر ئەدەب لەدەست دەدەین، بەڵکو خودی خۆشمان دەسڕینەوە.

بەمشێوەیە کۆمەڵگەیەک کە واز لە خوێندنەوە بهێنێت، ئەوا واتای ئەوەیە، کە واز لە بیرکردنەوە دێنێت. کۆمەڵگەیەکیش واز لە بیرکردنەوە بێنێت، ئەوا لە (بوون)دا دەوەستێت. لێرەدا ئەو پرسیارەی کە دەبێت لە خۆمانی بکەین، ئەوەیە: ئایا ڕێگە دەدەین ئەمە ڕووبدات، یان بۆ مانەوەی زانین دەجەنگێین؟

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار