"قوربانی دەکرێت بە جەلاد"

دوێنێ
شێرکۆ کرمانج
بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بۆ پەرلەمانتارە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق
"قوربانی دەکرێت بە جەلاد"
من هیچ قسەیەک ناکەم بەڵكوو بۆ خۆتانی لێ دەگەڕێم کە چی بەخۆتان دەڵێن لە کاتێکدا، وشەی سەرۆک یان پەرلەمانتار وەک پێشگری ناوەکانتان بەکاردێنن، کەچی بەبەرچاوتانەوە ئازاترین و دڵسۆزترین هاونیشتیمانیی ئەم هەرێمە لە قوربانییە دەکرێت بە جەلاد.
تەماشای نامەی هاوپێچ بکەن کە، کۆنووسی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی ١٧ی شوباتی ٢٠٢٥ـە، کە محەمەد ئەمین، وەک جووتیارێکی خۆڕاگر، لەسەر تراکتۆرەکەی لەلایەن سەربازانی سوپای عێراق، بە وەحشیانەترین شێوە هێرش دەکرێتە سەری و هەوڵی خنکاندنی دەدرێت. ئەم ڕووداوە بە ڤیدیۆ تۆمارکراوە و هەموو خەڵکی کوردستان دیتی. من ئاگادارم کە تەنانەت محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی "عێراق"یش دیویەتی و گوایە دوای دیتنی گرتە ڤیدیۆکە گوتوویەتی ئێمە قەبوڵ ناکەین کە هیچ هاووڵاتییەکی عێراقی ئاوەها تەعەدای لێ بکرێت.
لە نامەکەدا، کە دوو ئەفسەری کورد، بەناوەکانی لیوا عەبدولخالق تەلعەت عوسمان و عەمید ڕوکن عادل جەبار جەمال، وە بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان، بەڵێ بەنوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان، واژۆیان لەسەر یاداشتنامەیەک کردووە بۆ دادگاییکردنی محەمەد ئەمین. یاداشتەکە دەڵێت: "داوا دەکەین ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەر بۆ بەرزکردنەوەی سکاڵایەک لەسەر ناوبراو، محەمەد ئەمین، ئەندامی حیزبی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبەر هەڵگیرساندنی کێشەیەک لە ڕێککەوتی ١٧/٢/٢٠٢٥ و وروژاندنی ئاژاوەی نەتەوەیی و هاندانی خەڵک و خراپکاریی بەرابەر بە هێزە ئەمنییەکان لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان".
بەڕێزان، بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی و پەرلەمانتارەکان، با هەڵوەستەیەک بکەین لەسەر ناوەڕۆکی ئەم نامەیە و پرسی جووتیارەکەی سەر تراکتۆرەکە.
یەکەم، هەر دوو بەڕێز، بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی، وەک دوو پایەبەرزترین بەرپرسی حیزبی و حکومی لەم هەرێمە، بەرپرسی سەرەکین لە ناوەڕۆکی ئەم نامەیە و لە نووسینی نامەکە و لە دانی محەمەد ئەمین بە دادگا چونکە نامەکە لەلایەن نوێنەرانی ئێوەوە واژۆکراوە. خۆ ئەگەر ئێوە ئەوان بە نوێنەری خۆتان نازانن ئەوە هەر ئەمڕۆ لە کارەکانیان دووریان خەنەوە و ڕێکاریی یاسایی و ئیدارییان لەبەرانبەر وەرگرن لە پای ئەوەی کە بەبێ تاوان و بەبێ هیچ هۆکار و بەڵگەیەک هاونیشتیمانییەک کە قوربانی کردەی سەربازانی سوپای عێراقە کەچی کراوە بە تاوانبار. هەر دوو ئەفسەرەکە تەواو ئاگاداری پرسەکە و ڕووداوەکەن.
دووەم، هەر دوو بەرپرسی یەکەم لە هەرێم، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، ئێوە بە خەڵکی کوردستان ناڵێن، کە ئێوە، چ وەک حکومەت چ وەک حیزب لە چەند مانگی ڕابردوودا چیتان کردووە بۆ ئەو هاونیشتیمانییەتان کە تا ئێستا دوو سكاڵای بە ناهەق لە دژ تۆمارکراوە. ئەگەر ئێوە لە یەکەم ڕۆژ هەڵوێستێکی توند و بێ پێچوپەناتان نیشاندابا، ئەوە دادگاکان نەدەکران بە قەشمجاریی بۆ دادگایی کردنی جووتیارانی کورد.
سێیەم، ئایا ئێوە دەزانن، کە دەوڵەتی عێراقی، حکومەتی عێراق، وەزارەتی بەرگریی ئەو ڕاکێشڕاکێشەی لەگەڵ محەمەد ئەمین دەیکەین مەبەست لێی شکاندنی کەرامەتی ئینسانی کوردە. بەڵێ، چونکە جووتیارەکەی سەر تراکتۆرەکە نوێنەرایەتی شکۆی مرۆڤی کوردی کرد، لانیکەم لەو سەروبەندەدا. دەوڵەتی عێراقی دەیەوێت لە ڕێگەی ترساندنی محەمەد ئەمین هەموو گەلی کوردستان بترسێنێت. بۆیە ئەو هەوڵەیان بۆ بچێتە سەر ئیدی لەلایەک خەڵک ترس و دڵەڕواکێ و دوودڵی زاڵ دەبێت بەسەریان، لەلایەکی دیکە لە ئەگەری هەر ڕووداو و پێشهاتێکی لەو شێوەیە و ڕۆحی بەرگریی و بەرخۆدان و خۆڕاگریی لای ئینسانی کورد دەکوژێت.
چوارەم، ئەو ڕۆژەی کە محەمەد ئەمین نەبەردەکەی نواند لە شەناغە، تا ئەو ڕادەی من ئاگادار بم، زیاتر لە پەنجا (٥٠) پەرلەمانتار بۆ پشتیوانی لە جووتیاران چوون بۆ گوندی شەناغە. زۆر بە ڕاشکاوانە دەڵێم، لەبەر ئەوەی ئێوەش وەک بەرپرسە باڵاکانی هەرێم هیچ جووڵەیەکی کرداریتان بۆ بەرگرییکردن لە محەمەد ئەمین لە خۆ نیشان نەدا ئەوە بەرپرسیارن لەو گاڵتەجاڕییە کە بەرانبەر بەو جووتیارە و تەواوی جووتیارانی کوردستان دەکرێت. ئێوە دەبوایە نەک ڕێگریی لەوە بکەن کە سوودانی و وەزارەتی بەرگریی عێراق سکاڵا لەسەر محەمەد ئەمین بەرز نەکەنەوە بەڵکوو دەبوو سوودانی و وەزارەتی بەرگریی ببەنە دادگا لەپای هەوڵی خنکاندنی هاونیشتیمانییەکتان. دەبوایە بانگی سوودانی بکەن بۆ پەرلەمان وەک فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لەوێ بەرپرسی بکەن لەو پێشێلکارییانەی کە سوپای عێراق لە حەوت ساڵی ڕابردوو بەرانبەر بە جووتیارانی کوردستان لە ناوچە دابڕێنراوەکان ئەنجامیان دەدەن.
پێنجەم، بۆ خەڵکی کوردستان، ئەو نموونەیە زۆر گوتراوەتەوە، بەڵام لەم سیاقە زۆر گرنگە دووبارە بکرێتەوە. مارتن نیمۆلەر، کە قەشەیەکی ئەڵمانی بوو، لە ١٩٤٦ گوتوویەتی، سەرەتا هاتن بۆ کوشتنی کۆمۆنیستەکان، قسەم نەکرد چونکە کۆمۆنیست نەبووم؛ پاشان هاتن بۆ کوشتنی سۆشیالیستەکان، دیسان قسەم نەکرد چونکە سۆشیالیست نەبووم؛ ئەوجا هاتن بۆ لەناوبردنی سەندیکاکان، ئەمن هەر قسەم نەکرد چونکە من ئەندامی سەندیکا نەبووم؛ دواتر هاتن بۆ قڕکردنی جووەکان، بۆ وانیش قسەم نەکرد، گۆتم خۆ ئەمن جوو نیم. ئیدی کە هاتن من بکوژن کەس نەمابوو بەرگری لە من بکات.
