دانەگاز: پەرەپێدانى کێڵگەى غازى چەمچەماڵ دەستیپێکرد

5 كاتژمێر لەمەوپێش



 

کۆمپانیاى دانەگازى ئیماراتى دەستپێکردنى قۆناغی یەکەمی پرۆژەى پەرەپێدانى کێڵگەی غازى چەمچەماڵى دەستپێکرد، کە کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە غازییەکان لەسەر ئاستى عێراق و چاوەڕواندەکرێت بڕى بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە بگەیەنێتە 75 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.

بەپێی راپۆرتێکى کۆمپانیاکە کە رۆژى پێنج شەممە بڵاویکردەوە بودجەى پەرەپێدانى کێڵگەکە بڕەکەى 160 ملیۆن دۆلارە بۆ هەڵکەندنى سێ بیرى نوێ لە کێڵگەکە، بە ئامانجى ئەوەى ئاستى بەرهەمهێنان تا نیوەى دووەمى ساڵى داهاتوو لەو کێڵگەیە بگەیەنێتە 75 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.

سەبارەت بە داهاتەکانی، دانەگاز دەڵێت، لە 3 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 91 ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووە، بەڵام لە سێ مانی یەکەمی پار 97 ملیۆن دۆلار بووە. هۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی گاز و نرخی گاز لە میسر گەڕاندووەتەوە.
 
جگە لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای دانەگاز لە میسریش گاز بەرهەم دەهێنێت.
 
دانەگاز دەڵێت، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا لە هەرێمی کوردستان بەهێزە. پێشتریش رایانگەیاندبوو، کۆی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لەکاتی دەستپێکردنی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان لە مانگی 3 لە کێڵگەی کۆرمۆر 500 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوتی تێپەڕاند.
 
ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتووەتە 525 ملیۆن پێی سێجا کە بەراورد بە ساڵی 2017، 75٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
بەپێی کۆمپانیاکە، لە مانگی نیسان دا ئاستی بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی چاککردنەوە جێبەجێبکەن کە پێویستە بۆ بەردەوامی بەرهەمهێنان لە درێژخایەندا.
 
دانەگاز دەڵێت، پرۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە بە KM250 ناسراوە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینی دەکرێت یەکەم بڕە گازی ئەو پرۆژەیە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2026دا بەرهەم بێت.
 
بەپێی دانەگاز، دوای ئەوەی ئەو پڕۆژەیە تەواوکرا، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە 50٪ بەرز دەکاتەوە.
 
جگە لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز، پڕۆژەکە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی شلی کۆندێنسەیت بەبڕی رۆژانە 7 هەزار بەرمیل. هەروەها رۆژانە 460 تۆن گازی شلکراوی LPG یش زیاد دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار