بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی: بەغداد پارەی مووچەی هەرێم کەمدەکاتەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



 

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەغداد پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان کەمدەکاتەوە و بۆ مووچەی مانگی چوار 700 ملیار دینار دەنێرێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ڕاگەیاند، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق پەیامی بۆ ناردوون و گوتوویەتی، “هەرێمی کوردستان پابەندی رادەستکردنی تەواوی داهاتی نانەوتی نەبووە، کە دەبوو مانگانە 90 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام جگە لە مانگی یەک کە نزیکەی 52 ملیار دیناری ناردووە، مانگەکانی دوو و سێ  کەمتر لە 50 ملیاری رادەستی بەغداد کردووە.”

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ سێ جار داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی فیدڕاڵ کردووە و بۆ مانگی یەکی ئەمساڵ نزیکەی 52 ملیار دیناری رەوانەی بەغداد کرد، بۆ مانگی دووش بڕی رادەستکراوی داهاتی نانەوتی 48 ملیار و 722 ملیۆن و لە مانگی سێ 48 ملیار و 205 ملیۆن دینار بوو.

بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی دەڵێت، تەیف سامی داوایکردووە، دەبێت هەرێمی کوردستان بە زوویی 50 ملیار دیناری دیکەی داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد بنێرێت، لە بەرامبەدا 750 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجدەکات، بەمجۆرەش دەبێت ئەو 200 ملیار دینارەی کورتهێنان هەیە لە داهاتی ناوخۆ پڕبکرێتەوە.

بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 957 ملیار دینارە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە، چارەسەری کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە بڕیاری سیاسییە، ئەگەرنا هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە و بەمجۆرەش مووچەی مانگی چوار مەترسی لەسەر دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار