ئەردۆغان: ئەرکمان قورس دەبێت قۆناغێکى نوێ دەستپێدەکات

5 كاتژمێر لەمەوپێش
رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تەواوی بەربەستەکانی پرۆسەی ئاشتییان تێپەڕاندووە، ئەمڕۆ و سبەی پەکەکە چەک دادەنێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکەی لە حکومەت و پەرلەمان گوتی، قۆناغێکی نوێ لە تورکیا بۆ هەمووان دەستپێدەکات، ئەرکێکی گرنگ دەکەوێتە سەرشانی سیاسییەکان.
هەروەها داوایکرد لەم قۆناغەدا بە چاوکراوەییەوە مامەڵە بکەن، لەبەرئەوەی هەندێک لایەنی سیاسی هەوڵدەدەن دۆخەکە بقۆزنەوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەردۆغان بە وەزیر و پەرلەمانتاری ئاک پارتی گوت، قۆناغێکی ئاسان چاوەڕێمان ناکات، بەڵام متمانەم بە ئێوە هەیە.
ئەردۆغان هۆشداری لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکە بە بەرپرسانی حیزبەکەی داوە و گوتوویێتی: "کارێکی مەزنتان دەکەوێتە ئەستۆ. دەکرێ کەسانێک بیانەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئەم بابەتە بقۆزنەوە، هەر بۆیە دەبێت ئامادە بین. پرۆسەیەکی ئاسان چاوەڕێی ئێمە ناکات. لەم بابەتەدا متمانەم بە ئێوە هەیە".
رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پەرلەمان چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار ساز بکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
