نەفرەت لەشەڕ

ئارام ڕەفعەت

20 كاتژمێر لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت

ئەمڕۆ لەسەر کار بەسەر گفتوگۆیەکی گەرمی  نێوان کچێکی هیندی و  کوڕێکی پاکستانیدا کەوتم.

گفتوگۆکە دەربارەی ئەو شەڕە نەگریسە بوو کە خەریکە بەرۆکی وڵاتەکانیان دەگرێت.

دوو هاوکارە هیندی و پاکستانییەکە بەرۆحێکی بەرزی مرۆڤدۆستییەوە خەم و نیگەرانی خۆیان دەربارەی شەڕەکە دەردەبڕی.

هەردوو لایان  دەیانەویست دڵنیا بن کە کەس و کاری ئەوی دیکە سەلامەتن و دوورن لە بەرەکانی شەڕ.

ئەم دوو گەنجە هیندی و پاکستانیە سەر بە نەوەی Zن.

نەوەی Z ئەو نەوەیەن کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بەدواوە لەدایک بوون.

نەوەی Z نەوەی دیجیتاڵ و ئای تی و تەکنەلۆژیای سەردەمن و سەرچاوەی زانیارییەکانیان جیهانگیرییە و لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیای فەرمی دەوڵەتەکانیان و جیاواز و فراوانتر و مرۆڤانەتر لە نەوەی Y، بیر دەکەنەوە.

نەوەی Y، ئەو نەوەیەی کە پێش ١٩٩٥  لەدایک بوون و ئێستا چارەنووس و حوکمڕانی هیند و پاکستان و بڕیاری شەڕ و ئاشتی دوگمەی بۆمبە ئەتۆمییەکانیشیان لە دەست دایە.

شەڕ نەوەی Z و Y ناناسێت، مناڵ و  پیر، ژن و پیاو، هاوڵاتی و سەرباز و شەڕەنگێز و ئاشیخواز و تەنانەت گیانەوەر و مرۆڤیش لەیەک جیاناکاتەوە.

بەپێچەوانەوە، شەڕ هەموویان بە تەڕ و وشکەوە بەیەکەوە دەسوتێنێت.

نەگونجا، بەڵام دەمەویست باوەش بەهەردوو هیندی و پاکستانیەکەدا بکەم و پیرۆزبایی ئەو رۆحیەتە بەرپرسیارێتییە و مرۆڤدۆستییەیان لێبکەم.

ئێستا و بە درێژایی رێگای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، بیرم لەوە دەکردەوە دەبێت ئەم مرۆڤدۆستییە و رۆحی هاوڕێیەتییەی نێوان هەزاران هیندی و پاکستانی وەک ئەم کوڕ و کچە تا کەی بەردەوام بێت؟

هیوادارم شەڕەکە دەسەجێ بوەستێت، بەڵام  ئەگەر شەڕەکە خوێناوی تر بێت ئایا ئەو خوێنەی حوکمڕانە ئەحمەقەکانی نەوەی Y دەیڕێژن بەربین بە نەوەی Zیش ناگرێت و ئەوانیش ناکاتە نەوەیەکی شەڕەنگێز؟

خۆم لە نەوەی Yم، بەڵام بەدڵ حەز دەکەم، ئەم نەوەیە بەشەڕەنگێزی و خۆپەرستی و کێشە و گۆبەندەکانییەوە زوو سوڕی خۆی تەواو بکات و دوای خۆی دونیایەکی پڕ لە ئارامی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێبێڵێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار