لەبری لەدەرگادان بە شەق هات بە دەرگاکەیاندا
.jpeg)
عوسمان گوڵپی
21 كاتژمێر لەمەوپێش
عوسمان گوڵپی
شاسوار عبدلواحید لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە هيزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی کرد کە پێکەوە لیستێک دروستبکەن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەم داواو دەستپێشخەریە کارێکی باشە و هەنگاوێکی ئیجابیە بۆ هێزی ڕاستەقینەی ئامانجدار.
ئەوەی کە داواکەی شاسواری ناشیرین و گوماناوی کرد زمانی ڕاگەیاندنی بوو، بەجۆرێك کە پەیامەکەی کردە موزایەدە و بانگەشەی پێشوەختە و دەکرێت بڵێین ئەوە پەیامی نزیکبونەوە و پێکهێنانی لیستی هاوبەش نەبوو بەڵکو تۆمەت و تەشهیر و ئامادەسازی بوو بۆ هێرشی دواتر.
لە پەیامەکەیدا شاسوار عبدلواحید دەڵێت خۆ ئەگەر لەبەر هەر هۆکارێكبێت هەر گروپێك و لایەنێك بەدەم ئەم بانگەوازەی منەوە نەیەت ئەوە دیارە بیر لە بەرژەوەندی خۆی دەکاتەوە و بڕیار لە دەستخۆیانا نیە و لەسەرو ئەوانەوە کەسێك فەرمانیان پێدەکات
ئەم زمانی تەشهیر و تۆمەت و خۆ بەگەورە زانینە ئەوەندە ناشیرین بوو کە دەبوو هێزەکان و گروپەکان لە بری بەدەمەوە چوون وەڵامی توندیان بدایەتەوە
لە کاتێکدا پەیامەکە ناڕاستگۆییەکی زۆری تێدابوو چونکە دەبوو بیوتایە کە هەوڵێك هەیە بۆ پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش و بەشداری پێکەوەیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئێمە پێشوازی لێدەکەین و ئامادەین! نەك وەك دەستپێشخەری و بانگەواز رایگەیەنێت، چونکە ماوەیەکە هەریەك لای خۆیەوە بە جۆرێك باسیان لەوەها هەنگاوێك کردوە، تەنانەت یەکگرتووی ئیسلامی نزیکەی مانگێك پێشتر لە میدیاکانیشدا رایگەیاند کە ئامادەی یەك لیستی و کاری پێکەوەیین لە گەڵ هێزەکانیتردا.
لە کاتێکدا ئەم بانگەوازەی شاسوار بۆ هێزەکانیتر وەك ئەو پیاوە وایە بە نیەتی سوڵح و ئاشتەوایی بچێت بۆ ماڵی تەرەفی بەرامبەر بەلام لە بری ئەوەی لەدەرگا بدات، بەشەق بێ بەدەرگاکەیاندا تا بیکەنەوە، لەبری ئەوەی ڕێز و تەوازع بنوێنێ هەڕەشە و جنێویان پێ بدا و چاوەڕێی ئاشتەوایی و دۆستایەتی و کوژانەوەی ئاگرێکیشبێ، شاسوار بەشەق هاتوە بەدەرگای حیزب و گروپەکانیتری ئۆپۆزسیۆندا! و دەیەوێ لێی بکەنەوە و بەدەم بانگەوازەکەیەوە بچن، لە کاتێکدا ئەمە خراپترین زمانی بانگەواز بوو بۆ کاری پێکەوەیی، هەرچەند خودی کارەکەش باشبێت.
لە کۆتایدا پێموایە ئەم هەنگاو گفتوگۆیانەی نێو هێز و گروپەکان هیچی لێ سەوز نابێت و لە هەموو هەڵبژاردنەکانیتریش ئەم گفتوگۆ و بانگەواز و کۆبونەوانە هەبوون و بێ ئەنجام بوون، دوای نەك نزیك نەبونەوە بەلکو ناکۆکیان زیادی کرد و بوە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردن و یەکتر تۆمەتبار کردن و دوورکەوتنەوەی زیاتر.
