ڕۆژئاڤا و هەرێم

ئەحمەد ڕەسوڵ
19 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەحمەد ڕەسوڵ
هەر سیستمێکی ئیداری سیاسیی کە هاونیشتمانیبوون و مرۆڤبوونی کرد بە پرەنسیپی سەرەکی کارکردن و بنەمای پێکهێنەری خۆی، دەبێتە ڕووبەرێکی دەزگایی کۆمەڵایەتیی بۆ بەرجەستەبوونی هێز و ویستی ئینسان و تەعبیرکردنی لە خۆی. سیستمێکی لەو جۆرە بە ڕاددەیەکی زۆر دەبێتە فەزای خۆبونیاتنانی مرۆڤ و بەرجەستەبوونی توانا و ووزە ناوەکییەکانی. سیستمێک کە تا ئاستێکی بەرز لەسەر یەکسانیی، سەروەری یاسا و ڕۆحی دەزگایی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بونیادنرابێت، یەکگرتوویی ناوەکی جڤات دەپارێزێت و بەهێزتری دەکات.
هەڵوێستی گشتی کۆمەڵگای ئێمە لە ئاست ڕووداوە نێوخۆیی و ناوچەییەکان، بە تایبەت ڕووداو و گۆڕانکارییەکان لە پەیوەند بە هەرێمی کوردستان لەلایەک و ڕۆژاڤا "کوردستانی سوریا" لەلایەکی تر، هەڵوێستێکی مایەی تێڕامان بووە. هەندێجار مێدیاکار و نووسەرانی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم وەکو پرسیارکردنێکی گرفتئامێز ئەوەیان دەربڕیوە کە بۆچی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی فەزای گشتی کۆمەڵگا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵوێستێکی لایەنگیرانە و پشتگیریکارانەی هەبووە بۆ ڕۆژئاڤا و دەسەڵاتدارێتیی خۆڕێڤەبەریی لە هەر ڕووداو و گۆڕانکارییەکدا، بەڵام لە ئاست ڕووداو و گۆڕانکارییەکان لە نێوخۆی هەرێم هەڵوێستی ڕەخنەگرانە و دژبەرانەی نواندووە لە ئاست دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێم!
ڕۆژئاڤا
ئیدارە و سیاسەت لە ڕۆژئاڤا بەڕێژەیەکی بەرز لەسەر بەرجەستەبوونی ئیرادەیەکی کۆلێکتیڤ بیناکراوە. ئیرادەی کۆیی ڕاستەقینە بەنێو بەرجەستەبوونی ئیرادەی تاکە تاکەی ئیسانەکاندا تێپەڕدەبێت. واتا ئەوە کۆبوونەوەی هێز و ئیرادەی تاکە کەسەکانن و فۆڕمیولەبوونی هێزێک و ئیرادەیەکی دەستەجەمعییە کە لە توانایدایە هەم بەربەستە گەورەکان تێکبشکێنێت "لە نموونەی تۆمارکردنی داستانی کۆبانی" هەم ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە.
دەسەڵاتدارێتی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاڤا، لە تەمەنی خۆیدا جگە لەوەی پرەنسیپی هاونیشتمانیی لە نێوان گروپە جیاوازە ئایینی، نەتەوەیی، ئیتنیکی، زمانیی و مەزهەبییەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا سەرباری گوتاری سیاسیی ڕاستەقینە و گوتاری مێدیایی خۆی بە کردەییش جێبەجێکرد.
خۆڕێڤەبەریی ڕۆژئاڤا، ڕووبەرێکی دەزگایی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا تەواوی گروپە نەتەوەیی، ئیتنیکی و ئاینییە جیاوازەکان توانیویانە گوزارشت لە بوونی خۆیان بکەن، واتا بە کردەیی پرەنسیپی هاونیشتمانی بەرجەستە کراوە. دەسپاکیی و پەرێزپاکیی دەسەڵاتداران و بەرپرسان لە ئاستێکی بەرزدایە، داهات لە پێناو خزمەتگوزارییە گشتییەکاندایە و کەمترین دابەشبوونی چینایەتی هەستی پێدەکرێت لە نێو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا. دەسەڵاتداران بە نزیکەیی لە هەمان شێوە و دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی ئاساییدا دەژین. ستراتیژێکی نیشتمانی ڕاستەقینە لە بەهێزکردنی کۆمەڵگا و سەربەخۆکردنی کۆمەڵگادا کاری بۆ دەکرێت. گەلێک تایبەتمەندیی دیکەی بەهێزکردنی ڕووبەرە گشتییەکان و پایەدارکردنی چاکەی گشتی، کە هەموو ئەمانە وایان کردووە، ووزەی ناوەکیی و یەکگرتوویی جڤات بە ئاڕاستەی دەسەڵاتدارێتیی خۆبەڕێوەبەریی بەردەوام لە گەشەکردن و بەهێزبووندا بێت و ئەمەش یەکێک لە پایەکانی هێز و مانەوەیەتی سەرباری لێشاوی ئەو لەمپەر و کێشانەی بۆی دروستدەکرێت لە ووڵاتانی دەوروبەرییەوە تا دەگات بە جەنگ و داگیرکارییەکانی تورکیاش. ئەو تایبەتمەتمەندییانەیە وایکردووە جیهانی خۆراوا هاودەست و هاوکار و پاڵپشتی بن.
هەرێم
پێکهاتەی سیاسیی و دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ملکەچی و گوێڕایەڵیی تاکەکەسی حزبی بۆ سەرووی خۆی تا دەگات بە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵات داڕێژراوە، بۆیە ئینسان لە نێو کایەی سیاسیی لەسەر مۆدێلی ڕۆبۆت بەرهەمهێنراوە، کە نەک هەر ئازاد و خاوەن ئیرادە نیە، بەڵکو لە ئینسانییەتی سەلب کراوە بە مانا ئاڕێنتییەکەی "هانا ئاڕێنت پێیوایە کاتێک ئازادیی مرۆڤ زەوت دەکرێت و ئینسان لە ئیرادە دەخرێت، چیدی ئیختیار و توانای هەڵبژاردن مانایەکی نامێنێت و لێرەوەیە مرۆڤ لە ئینسانییەت دەکەوێت و دەبێتە ئامرازێکی گیانلەبەری پڕۆگرامکراو". لێرەوە ئەم مرۆڤە جگە لە جێبەجێکردنی فەرمانی سەرووتری خۆی هیچ ئاکت و چالاکییەکی ئیرادەگەرانە، ئاوەزدارانە و ئارەزوومەندانەی خۆی لێچاوەڕوان ناکرێت. پارتی و یەکێتی وەکو دوو هێزی دەسەڵاتداری کوردستان، جگە لەوەی دەزگاکانیان ماشێنی لەنێوبردنی ئینسانییەتی مرۆڤ بوون بۆ ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان بە تایبەت و خەڵکیش بە گشتی، هەروەها خۆیان هێزی بێئیرادە و چەماوە بوون لە ئاست دەوڵەتە داگیرکارەکانی دراوسێ. بۆیە هێزێکی ڕاستەقینەی ئیرادەگەر بۆ هەر ئەکتێکی سیاسی یان هەر پڕۆسەیەکی جڤاتیی مەزن نەبوون و بەردەوامیش دژ وەستاونەتەوە بۆ ئەو هێز و بەرگرییە ناوەکییەی کۆمەڵگاش کە ئەگەرچی لاوازیش بووبێت بەڵام ڕاستەقینە و ئازادانە بووە. لێرەوە هەر جوڵەیەکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان هێندەی گوزارشت بووە لە خواست و ئیرادەی دەوڵەتانی داگیرکاری دەوروبەر یان هێزە جیهانیەکان هێندە دەربڕی ویست و گوزارشتکردن نەبووە لە هێز و خواستی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای ئێمە.
تێگەیشتنی ئەم دەسەڵاتدارێتیە بۆ هێز، هاتنەسەرەوەی ووزەی پۆتێنشڵی کۆمەڵگا و هێزی ناوەکیانەی جڤات نیە، هێز نیە لە هاوپشتی و هاریکاری کۆمەڵایەتی و هەستی پێکەوە گرێدراویی نێو کۆمەڵگاوە سەرچاوەبگرێت، بەڵکو تێگەیشتنێکی هێندە پریمیتیڤ و ناشارستانییە کە جگە لە هێزی ڕووتی نەوت و پارە لەگەڵ خۆ گرێدانەوە بەبەرژەوەندی ئابورییانەی دەوڵەتانی داگیرکاری دەوروبەر، پشتدەبەستێت بە کەڵەکەبوون و تۆپەڵبوونی هێزی چەکدار وەک ئاپۆڕای گەورە کە وەک نیشانەی هێز خۆی دەربخات.
لێرەوە ئەم دەسەڵاتدارێتییە جگە لە پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگا و کردنی کۆمەڵگا و ئینسانەکان بە ملیۆن دوورگەی لەیەکدی دابڕاو، هێزی ناوەکیانەی جڤات و ووزەی پۆتێنشڵی کۆمەڵگاشی لەنێوبردووە.
دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان، جگە لە تاڵانکردنی داهاتی ژێر زەوی و سەرزەوی هەرێمی کوردستان، هێزی چەکداری نەوەکو حزبیی خێڵەکیی بەڵکو تاکەکەسیی دامەزراندووە، دابەشکاریی و تەفرەقەی نەوەکو تەنها لە نێوان بوونە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکاندا لەسەر ئاستی عێراق دروستکردووە، بەڵکو تەنانەت لە هەرێم جیاوازیی و دابەشکاریی لە نێوان شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دروستکردووە و بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی مێدیاکار و نووسەرەکانییەوە کاری لەسەر دەکات. دابەشکاریی چینایەتیی و پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی گەیاندووەتە ئاستێک لە مێژووی ئەم کۆمەڵگایە و تەواوی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەدا وێنەی نەبووە. کێرڤی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی دەسەڵاتدارێتیی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکە بەردەوام لە داگەڕان و نزمبوونەوەیەکی خێرادایە. کەرتەکانی خزمەتگوزاری گشتی نەوەکو بەهێزکراون بەڵکو فەرامۆشکراون بە ئامانجی هەرچی فراوانتربوونی ئەم خزمەتگوزراییە گشتییانە لە کەرتی تایبەتدا. فووتێکردنی گوتارێکی ڕووکەش و بێناوەڕۆکی ناسیونالیستی نامۆ بە هەر پرەنسیپێکی سادە و سەرەتایی ناسیونالیزم تەنها بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتیی و خوسەپاندن وەکو نوێنەری بزووتنەوەی ڕزگاری! نەتەوەیی! کۆمەڵگای ئێمە کە هەردەم جگە لە کێشە و قەیرانی قووڵ لەگەڵ دەسەڵاتدارێتییەکانی دەوروبەر هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەبووە.
دەسەڵادارێتییەک بە ستراتیژ کاریکردووە لەسەر لاوازکردن و بێئیرادەکردنی ئینسانی کورد و لێرەوەش نەوەکو هێزی ناوەکیی و یەکگرتوویی جڤاتی تا نزمترین ئاستی خۆی بردووە، بەڵکو ئەم ووزەیە ئەگەر شتێکی لێمابێتەوە و خۆی بەرجەستە کردبێت لە دۆخە جیاوازەکاندا ئەوا دژ بە خودی ئەو سەرچاوەیەی تۆپەڵبوونی دەسەڵات و کەڵەکەبوونەی دەسەڵات لە نێو خێڵ و بنەماڵە سیاسییەکاندا بووە. دەسەڵاتدارێتییەک کە بە تەواوی لە پەیوەندیی ئاغا و ڕەعییەتدایە لەگەڵ کۆمەڵگا، دوو بنەماڵە و خێڵی دەسەڵاتدار وەکو سوڵتان وئاغا و تەواوی میللەتیش وەکو ڕەعیەت.
دەسەڵاتدارێتییەک کە لە درێژایی تەمەنی خۆیدا، ژیان و کەینونەی ئینسانی کوردی لە داگەڕان و داخزانێکی بەردەوامدا ڕاگرتووە و بووە بە سەرچاوەی هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر وجودی هەمەلایەنەی ئەو، وەکو دەرئەنجامێکی سروشتیی و ئاسایی خەڵک لە هەر هەلێک، ڕووداوێک و گۆڕانکارییەکدا ڕۆحی نارەزیەتی خۆی لەسەر هەموو ئاستەکانی ئەکتی بەرەنگاریی ڕووبەڕووی وەها دەسەڵاتدارێتییەک دەکاتەوە تا دەگات بە ئەوەی کە بخوازێت بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە، و کۆتاییهێنان بە ستەمی قورسی هەمەلایەنەی وەها دەسەڵاتدارێتییەک، ڕوو بکاتەوە بەغدا.
دەرئەنجام
جیاوازی نێوان خۆبەڕێوەبەریی لە ڕۆژئاڤا و دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێم، ئاسمان ڕێسمانە. ئەوانەی سەرەوەی مشتێک بوون لە خەروارێک. دەرئەنجام، هەڵبەت کە جیاوازی نێوان هەڵویستگیرییەکانی خەڵکی کوردستان لە ئاست ئەو دوو دەسەڵاتدارێتییەش، ئاسمان و ڕێسمان دەبێت.
