فەرماندەیەكی هەسەدە: كشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هیچ بنەمایەكی نییە

8 كاتژمێر لەمەوپێش



 

مەحمود حەبیب، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت، هاریکاری نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی کاریگەر بەردەوامە، باس لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوانیشیان دەكات لەدژی شانەکانی داعش لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا مەشق و راهێنانیانی شەوانە و رۆژانەیان ئەنجامداوە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی مەیدانی و ئۆپەراسیۆنەكان، هەروەها ئەو شوێنە نوێیانە توندوتۆڵكراوە كە هێزەكانی لێی جێگیركراوە وەک ناوچەی "سیرین"، لەگەڵ پلانی بڵاوكردنەوەی هێز بەمزوانە لە ناوچەی بەنداوی تشرین لە گوندەواری باشوری کۆبانی.

ئەو فەرماندەیەی هەسەدە راشیگەیاندووە، هاوپەیمانان هێزی سەربازی و لۆجستی نوێیان بۆ پشتیوانی لە بنکەکانی سوپاكەیان لە باکوری سوریا رەوانەكردووەو، قسەکردن لەبارەی نزیکی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانيش، تەنها خەیاڵەو هیچ بنەمایەكی نییە.

رۆژی شەممەی رابردوو، سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ئاژانسی "نۆرس پرێس"ى راگەیاند،  هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، گەورەترین مانۆڕی سەربازی خۆی ئەنجام دەدات لە دوای هاتنی بۆ ناو سوریاوە، لە هەر دوو بنکەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، مانۆڕەکان لە بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کێڵگەی نەوتیی ئەلعومەرو دەوروبەری و، هەروەها لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دەیرزورەوە دەست پێدەکات، تا دەگاتە سنوری عێراق.

رونیشیکردەوە، مانۆڕەکانی داهاتوو گەورەترین مانۆڕن كە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ئەنجامدەدرێن و رێگە خۆشدەکەن بۆ قۆناغێکی نوێی ئۆپەراسیۆنەکان دژی رێکخراوە خراپەکارەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار