لە ئامەد دەستپێشخەریی یەکێتیی دامەزرا

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

لە ئامەدى باکورى کوردسنان بە بەشداریی زۆرێک لە پارت و کەسایەتی و ڕێکخراوەکان بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ‘دەستپێشخەریی یەکێتیی’ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە بە بەشداری کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە، نوێنەر و بەڕێوەبەرانی پارتە کوردستانییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، چەندین کەسایەتی دەستیپێکرد و تاکوو سبەی بەردەوام دەبێت.

هەروەها لە هۆڵەکەدا بە زاراوەکانی کرمانجی و زازاکی کوردی، تورکی، عەرەبی، سووریانی و ئەرمەنی پانکارتی “بە هەڵوێستی یەکێتی سەردەکەوین” هەڵواسرا.

کۆبوونەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد و ساڵیحە ئایدەنیز، دیبا کەسکین، ناهیت ئەرەن، کازم فورات و ئایەتوڵا ئاشتی بۆ دیوانەکە هەڵبژێردران.

دواتر، یەکێک لە ئەندامانی دەستپێشخەرییەکە ئۆرهان ئایاز پەیوەست بەو پڕۆسەی دوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ وتی: داوا دەکەم پشتگیری ئەم پڕۆسەیە بکرێت، چونکە چاوی تەواوی کوردستان و جیهان لەسەر کۆبوونەوەکەمانە، ئێمەش لەسەر ئەم بنەمایە کۆبوونەوەکەمان ئەنجام دەدەین.

هاوکات، لە بەردەوامی قسەکانی کۆبوونەوەکەدا ساڵیحە ئایدەنیز، ئەندام پەرلەمانی دەم پارتی مێردین باسی تێکۆشانی سری سوورەیا ئۆندەری کرد ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ئەم بانگەوازە بە ئامانج بگات تێکۆشان بەڕێودەبەین. دەبێت لە باکووری کوردستان و تورکیا یەکێتی خۆمان بە دی بێنین، یەکێتی لە هەر چوار بەشی کوردستان و سووریا، ئێران، عێراق و تورکیا دیمووکراسیی پێش دەخات. گەلی کورد بۆ ئازادیی تێکۆشان دەکات و بۆ دیمووکراسیی هەمیشەیی دەبێت تێبکۆشێت.

لە کۆتایی قسەکانییدا ئاماژەی بە کۆنگرەی پەكەكە دا و وتی: دەبێت ژنان، گەنجان و کۆمەڵگە زیاتر بە ڕۆڵی خۆیان ڕاپەڕن. لەبەر ئەم هەنگاوە مێژووییانە دەبێت بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ بکەین. هەروەها سوپاسی هەموو ئەوکەسانە دەکەین لە دامەزراندنی ئەم دەستپێشخەرییە ڕەنج دەدەن.

دواتر سینان چیفتیورەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی وان سەبارەت بە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین وتی: دەوڵەت لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان کۆبوونەوەی ئەنجام دا. ئەم کۆبوونەوەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هیوایەکی هێنایە ئاراوە.

دەشڵێت: بەڕێز ئۆجالان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی کۆمەڵگە بانگەوازی کرد. وەک دەستپێشخەری ئەم بانگەوازە گرنگ دەبینین و بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد، زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی و پەروەردە و بۆ ئاشتیی هەمیشەیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پشتگیری دەستپێشخەری یەکێتیی بکەن.

لە کۆتایی قسەکانییدا وتی: کۆنفرانسێکی گرنگ لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام درا. ئەمە بۆ هەر چوار بەشی کوردستان و سەرانسەری سووریا گرنگ بوو، بڕیاری گرنگ درا. و وتیان، کوردان یەک دەنگن. هیوادارم ئەم دەستپێشخەرییە لێرە بڕیارێکی باش بگرێت و ڕێگەمان بۆ بکاتەوە.

لە دوای قسەکان کۆبوونەوەکە بەبێ ڕاگەیاندن بەردەوامبوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار