چارەنووسی میلیشیا چەکدارەکانی عێراق !

دڵشاد ئەنوەر

2 ڕۆژ لەمەوپێش



دڵشاد ئەنوەر

میلیشیا چەکدارەکانی عێراق بەشێک بوون لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پێشتر لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریکاوە هۆشداری و هەڕەشەیان لێدەکرا، بەڵام ئێستا هەم میلیشیاکان بێدەنگن، هەم هەڕەشەی ئەو دوو وڵاتەش تا ڕادەیەک بۆ سەریان لاواز بووە.

لە کۆتایی حوکمڕانی بایدندا، ئەگەری هێرشکردنە سەر ئەو گروپانە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەهێز بوو، ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەریان ڕاگرت ئەمەریکا بوو، کە ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراقی نەدەویست، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و تا ڕادەیەک دۆسیەی گرووپەکان و ئێران وەکو یەک پاکێج لێیان دەڕوانرێت.

سووریای سەردەمی ئەسەد کۆتایی هات، حەماس و حزبوڵڵا لاواز بوون، حوسییەکانیش لەژێر فشاری چڕدان و ناچارن بێنە ژێر خواستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، جا هاتنە ژێرباریان بە مانای لاوازکردنی تەواوەتی بێت یاخود ڕوودانی گۆڕانکاری بێت لە یەمەن.

 

بێگومان دوای ئەو وڵاتانە، عێراق تەنیا شوێنە کە زۆر گرووپ و چەکداری نزیک لە ئێرانی تێدا کۆببێتەوە، بەتایبەت ئەم گرووپانە بەشێکن لە سیستەمی سەربازی عێراق و خاوەن چەک و جبەخانە و پارەن، بۆیە چارەنووسیان هەمیشە بەشێکە لە گفتووگۆکانی پشت پەردە.

ئەگەری لێدانی گەورە لەو گرووپانە لە ئێستادا بە دوور دەزانرێت، بەڵام کۆمەڵێک لێکدانەوە بۆ چارەنووسی ئەو گرووپانە دەکرێت، کە هەموویان بەو ئاڕاستەیەن رۆژاوا ڕێگە بەم گرووپانە نادات هاوشێوەی ئێستا بە بەهێزی بمێننەوە.

گروپەکانی عێراق با ئێستا بێدەنگ بن، بەڵام هێشتا بەهێزن، خاوەن جەماوەر و دەسەڵات و چەک و پارەن. هەرکات بیانەوێت دەتوانن بەربەرەکانێی حکومەت بکەن، بەڵام ڕەنگە لەمەودوا بەربەرەکانێکان هاوشێوەی جاران بەزەقی نەبن، بەڵکو لە ڕێگەی سیاسییە نزیکەکانیانەوە بێت، یاخود کاتێک بەربەرەکانێی راستەوخۆ بکەن؛ کە مەترسییان لەسەر دروست ببێت.

رابردوو دەرخەری ئەوەیە، ئەم گروپانە لەژێر کاریگەریی ئێراندان، بڕیار و ڕێنمایی لە ئێرانەوە وەردەگرن، هەرکات ئێران بچێتە ململانێی ناراستەوخۆی سەربازییەوە ئەمانیش دەجوڵێن، هەرکاتیش دۆخی ئێران نەرمی بوێت، ئەمانیش بێدەنگ و بێ جوڵەن.

بۆیە هەندێک پێیانوایە، چارەنووسی ئەم گرووپانە گرێدراوە بە ئەنجامی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمەریکاوە، گەر ئێران لە قاڵب بدرێت، ئەوا ئەم گرووپانە خۆیان لاوازتر دەبن، یاخود لە حاڵەتی سەرگرتنی دانوستاندا، دۆسیەی ئەم گرووپانە لەگەڵ ئێران تاووتوێ دەکرێت، چونکە ئەو خاوەنیانە.

هەندێکی تر وای دەبینن، ڕۆژاوا دەیەوێت لە ڕێگەی خودی عێراقەوە ئەم گرووپانە لاواز بکات، ئەمەش لە ڕێگەی ڕاستکردنەوەی دۆخی لاسەنگی حکومەتەوە بەرانبەر بەو گرووپانە، واتە حکومەت بۆ لاوازکردنیان بەهێز بکرێت.

گرووپە میلیشیاکان با بەربەرەکانێی حکومەت بکەن، بەڵام ناشیانەوێت دەست بەسەر حکومەتدا بگرن، چونکە دەستگرتنی ئەمان بەسەر حکومەتدا، لە ڕووی سیاسی و ئابوری و پەیوەندیی نێودەوڵەتییەوە کۆتایی بە عێراق دەهێنێت. گرووپەکان حکومەتیان بۆ خۆیان ناوێت، بەڵکو پێویستیان بە حکومەتێکی لاوازە، تا خۆیان دەوڵەتی قووڵ بن و ئەم حکومەتەش ئیدارەی دۆسیەی دەرەوەیان بۆ بدات و عێراق لە قەیران بپارێزێت.

 

هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و ئەنجامەکەی بۆ ئەم گرووپانە گرنگە، چونکە پرۆسەکە لە دۆخێکی تەواو جیاوازدا ئەنجام دەدرێت، ڕۆڵی پاڵپشتیکارانیان لاواز بووە و کێبڕکێی تووندیش لەسەر دەسەڵاتی داهاتووی عێراق لە ئارادایە.

ڕاستە بەشێک لە هێزە شیعەکان سەپۆرتی گرووپەکان دەکەن، بەڵام لە غیابی سەدردا ململانێ لە نێوان ئەم هێزە سیاسییانەش ڕوو دەدات، با ئێرانیش ئامادەگی هەبێت، ڕوودانی هەر جۆرە ململانێیەک و نەمانی کۆدەنگی؛ کاریگەری لەسەر پێگەی شیعە دەبێت، بەو گرووپانەشەوە.

لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە؛ گەر لە ئێستاوە ڕوون بێت شیعە هەڵبژاردن دەباتەوە و بە یەکدەنگی حکومەت دروست دەکەن، ئەوەش ڕوونە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەبێت کەسێک بێت ڕۆژاوا پێی ڕازی بێت، ئەمەش وادەکات ململانێی نێوان سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق و ئەو گرووپانە هاوشێوەی سەردەمی سودانی و کازمی، چاوەڕوانکراو بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار